Dangikrekar.com
سەرنوسەر

کرێکارانی کوردستان.. ئەمساڵیش ئایارمان بەڕێکرد، ئیتر نۆرەی هێنانەمەیدانی ڕیزی یەکگرتوو وڕێکخراوی خۆمانە

سەروتار

خەسرەو سایە نوسیوێتی

کرێکارانی کوردستان.. ئەمساڵیش ئایارمان بەڕێکرد، ئیتر نۆرەی هێنانەمەیدانی ڕیزی یەکگرتوو وڕێکخراوی خۆمانە بۆ سەپاندنی داخوازیەکانمان، بەسەر خاوەنکارو کۆمپانیاکاندا!

کرێکارانی کوردستان ئەمساڵیش لەدۆخی دژواری جەنگ ونائارامی وئەو هەژاری و گرانی و بێکاریەی بەرۆکی بەکۆمەڵگا گرتووە بەڕێکرد. ئەمساڵش ئایار لەسەراسەری جیهاندا، بووە ڕۆژێک بۆ هاتنەمەیدان و نمایشکردنی هێزی چینایەتی کرێکاران و کۆمەلانی بەشمەینەت لەدژی هەموو ئەو زوڵم و سەرکوت  و بیمافی و کارەساتە دڵتەزینەی کە حاکمانی سەرمایە وچینی دەسەلاتدار بەسەر کۆمەلگای بەشەریەتدا دایان سەپاندووە. کرێکارانی کوردستان لەنێو شەپۆلی مارشە ئایاریەکاندا، ئەگەرچی بەتین و تەوژمێکی کەمترەوە لەچاو کرێکارانی وڵاتانی تر، ڕۆژی ئایاریان بەڕێکرد، بەڵام خودی هەموو ئەو پیداهەڵدانانەی کە میدیاکانی دەسەڵات بەئایار و ڕۆژی کرێکاردا خستیانە سەر شاشەی تەلەفزیۆن ولاپەڕەی میدیاکانیان، تەنانەت خودی ئەو پەیام وخەمخۆریە درۆزنانەیەی کەسەرۆکەکان، چ حزیبی و چ حکومی، بۆ کرێکارانیان هەڵڕشت، بەڵگەو نیشانەی ترسە لەهێزی کرێکاران و پێگەیەک کەلە کۆمەڵگاو ئابوری ولاتدا هەیانە، نیشانەو ئاماژەیە بۆئەوەی کەئەگەر ئێمە کرێکاران هوشیاربین بەبەرژەوەندیە چینایەتیەکانی خۆمان، کەئەگەر بەدەر لە باوەڕی ئاینی و نەتەوەییەوە پێ بنێنە مەیدانەوە، کەئەگەر خواستەکانی خۆمان بۆ باشکردنی دۆخی کار و بژێویمان بکەینە بنەمای کۆبونەوە لەدەوری یەکترو یەکخستنی هەوڵەکانمان.. ئەوا بەدڵنایەیەوە نەک هەر خاوەن کارو کۆمپانیاکان، بەڵکو خودی دەسەڵاتداران وحکومەتەکەیان چیتر ناتوانن درێژە بەو دۆخەبدەن کە بەسەر ئێمەدا سەپاندویانە. کەوایە هێزی چینی کرێکار لەیەکیەتی و یەکگرتوبونیدایە.. ئەمەش هەر ئەو پەیامەیە کەهەمووساڵیک ڕۆژی یەکی ئایار بەئێمە کرێکارانی دەدات.

ئێستا کەئایار تەواوبووە، ساڵێکی نوێ، بە هەزارویەک دەردومەینەتیەوە لەبەردەمماندایە. پرسیارەکەش ئەوەیە ئێمە کرێکارانی کوردستان چی بکەیەن بۆئەوەی کە لانیکەم ژیان و گوزەرانی خۆمان و خێزانەکانمان باشتربێت ولەچاو ساڵی رابردوودا ئاڵوگۆڕێک بەدی بهێنین و هەناسەیەک هەڵمژین؟

بەدڵنیایەوە بۆ وەلامی ئەم پرسیارە نابێت هیچ چاوەڕوانیەک لە دەسەلاتداران و حکومەتەکەیان بکەین تا ژیانمان باشتر بکەن. تەنانەت نابێ بەدیار خیرو سەدەقە و مەرحەمەتی دەوڵەمەندان وخێرخۆزان وخاوەنکارو کۆمپانیاکانەوە دابنیشین. ئێمەی کرێکاران کە هەموو سامان وداهاتی کۆمەڵگا بەرهەم دەهێنین وژیان لەسەر ڕەنجی شانی ئێمە دەچەرخێت، شایەنی خێرو سەدەقەی کەس نین.. کەوایە ئەوەی دەمێنیتەوە چاوبڕینە لەهێزی مەزنی چینایەتی خۆمان، واتە تەنها بەبڕوابون بەهێنانە مەیدانی هیزی یەکگرتوو وجەماوەی کرێکاران دەتوانین گۆرانکاری لەژیانی خۆمان وهاولاتیانی بەشمەیەنتدا بکەین. بەواتایەکیتر کرێکاران تەنها بە پەیبردن بەهێزی کۆمەلایەتی و چینایەتی خۆیان دەتوانن نەک هەر لەبەرامبەر زوڵمو دەستدرێژیەکانی سەرمایەداراندا راوەستن، بەڵکو دەکرێ و دەتوانن خواستەکانی خۆیان بۆ باشکردنی دۆخی کارو ژیان بەسەر دەسەلاتداران و خاوەنکاردا داسەپێنن. لێرەوەیە کە مەسەلەی ڕێکخراوبوونی کرێکاری دەبێتە ئەو خاڵەی کە دەتوانێت هاوکێشەی هێزی کرێکاران و سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان بگۆڕێت. ڕێکخستنی کۆبوونەوە گشتیەکانی کرێکاران هەروەها خەبات بۆ پێکهێنانی شورا وسەندیکا کرێکارییەکان لەناوەندەکانی کاردا، پاشان هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستگۆ وجیگای موتمانە و کۆبونەوە لەدەوری داخوازیەکان.. ئەمانە ئەو ئامڕازانەن کە هێز دەدەن بەکرێکاران ولەخەباتی ڕۆژانەدا توانای پێدەبەخشن.. هەربۆیە ڕێکخراوبونی کرێکاریی مەرج وهۆکاری سەرەکی دەستی چینی کرێکارە کەدەبێ لەساڵی تازەدا وەک ئەرکێکی سەرەکی لەلایەن رابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و کرێکارانی پێشڕەو وخەمخۆرەوە، بەدەستەوە بگیرێت و تەواوی تواناکانی بەو ئاراستەیەدا بڕوات.. چونکە تەنها لەڕیگای یەکگرتوویی وڕێکخراوبونی کرێکارانەوە دەتوانرێ نەک هەر خواستەکان، بەڵکو دۆخی کارو ژیانمان باشتر بکەین..

Related posts

کرێکارێکی لەسەر ستوونێکی کارەبا کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.

Dangi Krekar

 سندوقی خانەنشینی، فەرمانبەران دەخاتە ژێر قەرزی چەندین ساڵەوە!

Dangi Krekar

ڕوداوی ھەڵدێران کرێکارێ لە سنوری قەڵادزێ 

Dangi Krekar

Leave a Comment