Dangikrekar.com
گفتوگۆ

گفتوگۆ لەگەڵ کرێکارێکی کارگەیەکی چیمەنتۆی دۆڵی بازیان سەبارەت بەدۆخی کار

“بەهۆی بێکاری و نەبوونی ئیشێکی شایستەوە، خاوەنکارو کۆمپانیاش ئەم فرسەتەیان قۆستۆتەوەو بەئارەزووی خۆیان کرێکار دەرئەکەن و یاساو بڕیار بەقازانجی خۆیان و لەدژی کرێکاران دادەسەپێنن..”

گفتوگۆ لەگەڵ کرێکارێکی کارگەیەکی چیمەنتۆی دۆڵی بازیان سەبارەت بەدۆخی کار

  سازدانی/محمود حەلاق

 

دەنگی کرێکار:سڵاوت لێبێت و ئەم کاتەت باش.. 

کرێکارەکە: خۆشحاڵم، گیان، فەرموو لەخزمەتدام..

دەنگی کرێکار: دەنگوباستان چۆنەو هەتاچ چەند ڕازین لەئیش و لەکارگە؟

کرێکارەکە:  هەتا ئەو جێگایەی کە کارێکمان هەیەو هێشتا نەکوتووینەتە سەرجادە، هەڵبەت دەبێت بڵێم باشین..بەڵام بەڕاستی زوڵم و غەدر ئێجگار زۆرە کەلەسەرجەم کرێکارانی کارگەو کۆمپانیاکانی دۆڵی بازیان  دەکرێت، بەڵام هەڵبەت جۆرو شێوەکەی جیاوازە..

دەنگی کرێکار: کەواتە هەر بەو دەلیلەی کە گرێبەستتان نیە، هەر بڕیارێک کەدەربچێت خۆی لەخۆیدا نایاساییە..

کرێکارەکە: من ئاوا بیردەکەمەوە کەبەهۆی بارو زروفی کوردستانەوەو بەهۆی ئەم هەمووە قەیرانەوە کەدروستیان کردووە، لەوانەش خراپتر بەهۆی بێکاری و نەبوونی سەرچاوەیەک یان بەهۆی نەبوونی ئیشێکی شایستەوە، خاوەنکارو کۆمپانیاو کارگەکانیش ئەم فرسەتەیان قۆستۆتەوەو بەئارەزووی خۆیان کرێکار دەرئەکەن و یاساو بڕیار بەقازانجی خۆیان و لەدژی کرێکاران دادەسەپێنن..

دەنگی کرێکار: ڕاستە، بەڵام ئەوەش بزانە دەسەڵاتداران و ئەحزابەکان ئەگەر کارگەو کۆمپانیا لەسەداسەد هی خۆیان نەبێت، ئەوا نیوە زیاتر، یان چارەک، یان ڕێژەیەکی سەدی لەو کۆمپانیاو کارگەو ناوەندی کارانە هی ئەوانەو لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا لێپرسینەوە یان بەدواداچوونی جددی ناکەن لەسەر کۆمپانیاو کارگەکان یان نایەڵن، بەم هۆیەوە دەستی ئیدارەو بەڕێوەبەر دەکەنەوە کەبەئارەزوو وویستی خۆیان، بەرژەوەندییان چۆن بخوازێت بەوجۆرەش یاساو بڕیار دەرئەکەن و هەر خۆشیان یاسای کارێک کەخۆیان دایان ناوە، بێبەهای ئەکەن و جێبەجێ ناکەن..

کرێکارەکە: کاکە وەڵاهی من کارگەو ئیشەکەشم خۆش ئەوێت، ژیانم بەو کارەوە بەستراوەتەوە کەلەوێ ئەیکەم و شوکر کارێکم هەیەو دەتوانم هەتا ڕادەیەک پێی بژیم.. بەڵام دواجار منیش مرۆڤم و کەرامەتم هەیەو دەمەوێت سەربەرزانە بژیم وەک هەر سەرمایەدارو خاوەن کارگەیەک، بۆیە حەقی خۆمە کە ماف و خواستەکانم پارێزراوبێت پرێس نەکرێم، نەکەوومە ژێر فشاری چاوچنۆکانەی ئەوانەوە، منیش ئەمەوێت مافەکانم پارێزراوبێت..

دەنگی کرێکار: ئەی باشە مووچەی مانگانەتان چۆنەو چەند وەرئەگرن؟ ئایا دەستەبەری کۆمەڵایەتیتان-ضمان- بۆکراوە؟

کرێکارەکە:  وەکو ضمان، بەڵێ بۆمانکراوە.. من چەندین ساڵە لەو کارگەیەدا کاردەکەم  زیاتر لە ٧سەد هەزار وەردەگرم..

ئەی هەتا چەند لەئیش و ناوکارگەو مامەڵەی خاوەن کارگەو ئیدارەکەی ڕازین؟

کرێکارەکە: بەگشتی هەمووی ناڕازییەو هەمیشە بۆڵەبۆڵە هەیە، کرێکار زۆر ئەچەوسێننەوە، کرێکار زۆر بێزارە..بۆنموونە: لاینی تێدایە ڕۆژانی هەینیش دەبێت کاردەکەن، خشتەی کارکردنەکەیان بەجۆرێکە کەهیچ نامێنیتەوە بۆ کارێک ئەگەر هەتبێت، کاری فەرمانگە، یان چوونەدەرەوەیەکی خێزانی.. کارگە هەموو کاتەکانت بەئیشکردنەوە دەخوات..

زوڵمان لێدەکرێت، تۆ دیقەت بدە! باشە بۆچی لەناو ستافی ئیدارەدا کاتیکار بەوجۆرەی ئێمە نیە وەکو کرێکاران؟ بۆنمونە سەعات ٨ بۆ ٤ دوانیوەڕۆ وە ڕۆژانی هەینی و شەممان ئۆفن؟ ئەی باشە بۆچی بۆ ئێمەیەک نابێت و دەبێت بەردەوام دڵم لەلای دەوامەکەم بێت و ئیتر هیچ کاتێکم بۆ نەمێنێتەوە؟ ڕۆژانی هەینی مافی خۆمەو لەووڵاتی ئێمەدا هەینی ڕۆژێکە خەڵک دەچێتە سەیران، سەردانی ماڵی کەس و کارو پەیوەندییەکانی دەکات، سەفرەو چوونەدەرەوەیەکە، ئێستا شەست حەفتا هەزارێکی بۆ زیادکردووم، بەڵام لەولاوە کراووم بەڕۆبۆت و دایماڵێووم لەهەر پەیوەندی و تەنانەت کارێکی فەرمی ئەگەر هەمبێت لەفەرمانگەیەکدا.

دەنگی کرێکار: ئەو کارگەیەی ئێوە چەند کرێکارە؟

کرێکارەکە: بەتەواوەتی نازانم، لەو باوەڕەدام ٤سەد بۆ ٥سەد کەسی لێبێت

دەنگی کرێکار: ئینتاجی ڕۆژانەی چەندە؟

کرێکارەکە: بەپێی پێوەری ستاندارد ئینتاجی یەک بەش لەوانەیە ٤ هەتا ٥ هەزار تەن بێت، بەڵام زۆرجار زیاترەو ئەگاتە ٧هەزار تەن و زیاتریش.. خۆت ئەزانیت ئێستا بەهۆی بیناو ئینشائاتەوە فرۆشی زیاتر بووەو  بازاڕیشی باشە..

دەنگی کرێکار: ئەی موچەی مانگانەی بەشەکانی تری کارگە ئەگاتە چەند؟

کرێکارەکە: هەیە لەسەرەتای کارگەوە دامەزراوە بەملیۆن زیاتریش، یان ملیۆن و نیو، هەیە ٧ سەد هەزارو ئیتر ئاوا.. کرێکاری تازە دامەزراوی تریش هەیە، ئیشەکەیان زۆر قورسەو پاککردنەوەیە، مووچەکەیان ٤٥٠ هەزارە. جیاوازییە کی زۆر هەیە لەنێوان موچەدا.. منیش هەتا ئێستا موچەکەم وەکو خۆی وایەو یەک سەنتیان بۆ زیادنەکردووم.

دەنگی کرێکار: دکتۆرو خەستەخانەو پێداوویستی سێفتی هەیە؟

کرێکارەکە: دکتۆری لاکۆڵانمان هەیە، ئەگەر ڕوداوی نەخوازراو هەبێت، ئامبوڵانس نیە بۆ گواستنەوەی مەگەر بەسەیارە. ئەوەش تەنها بۆ باری یاساییە بۆئەوەی لێپرسینەوەی لەسەر نەکرێت، ئەگینا شتێکی ئەوتۆ نیە، بەڵام بەحەق لەباری سێفتیەوە باشەو پێداوویستیەکانت هەیە.

Related posts

خواستی کرێکار هێندە زۆرن .. هەرئەوەش دەتوانێت رێکخراویان بکات

Dangi Krekar

بۆ دووەم جار وانەبێژان بێبەش بوون لە مافی دامە زراندن

Dangi Krekar

Teachers demonstration in Sulaimani

Dangi Krekar

Leave a Comment