ئیتر نۆرەی ئێمەیە!
سەروتاری ژمارە ٦٣
هاوڕێیانی کرێکار:
هەموومان ئاگاداری ئەوەین کەماوەی نزیکەی یەك مانگە حزبەکان بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە ئێمەیان بەبانگەشەی هەڵبژادنەوە سەرقاڵکردو بەدروشم وبەڵینەکانیان کەوتنە فریودانی خەڵک. بەپێی وتارو بەلێنەکانیان بێت،
ئەبێ لەماوەی چوارساڵی داهاتودا گشت دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان دامەزرابێت و هیچ مامۆستایەکی گرێبەستی کاتی و وانەبێژ بونی نەبێت و هەرێمی کۆردستان لەدەردی بێکاری ڕزگاری ببێت!. هەر بەپێی بەڵێنەکانیان بێت، دەبێ لەم چوار ساڵەدا تەواوی نەخۆشخانە ئەهلییەکان، بێ موشتەری بمێننەوە و حکومەت تەئمینی داودەرمان و گشت چارەسەرێکی نەخۆش بگرێتە ئەستۆ!. بەپێی بەڵینەکانی ئەوان بێت نەك ئێمەی کرێکاران لەو فشارو زوڵمەی کۆمپانیاو خاوەن کارەکان کەلێمان دەکەن ڕزگارمان بێت، بەڵکو کاسبکارو ئەو خاوەن پرۆژانەشی کە باج دەدەن، چیتر نەڕوتێندرێنەوە .
ئێمە کرێکاران وخەڵکی ستەمدیدەی کوردستان ئەوەمان لەحیزبەکان بیست کەلەمەودوا چیتر موەلیدەی ئەهلی ناهێڵن و تەنانەت پارەی کارەباش والێدەکەن ڕەمزی بێت، تەنانەت باج لەسەر بازرگانانێک هەڵگرن کە مەوادی خۆراکی هاوردەدەکەن و بایعی (کۆبۆنی مەوادی خۆراکی دەگێڕنەوە بۆ سەردەمانی پێشوو، وە ئیتر ئەو بارگرانی وهەژارییەی لەسەرشانی خەڵكە سوکدەکەن!.
لەم هەڵبژاردنەدا، خەڵک بەو ڕێژەیەی جیگای دڵخوازی حزبەکانە بەشداری کردو دەنگی بەکاندیدەکانیانداو هەر حزبەش بەشە کورسی خۆی برد، کەوایە ئیتر نۆرەی ئێمە کرێکاران و خەڵکی برسییە، یەخەتان بگرین وپێتان بڵێێین،
بەڵێنەکانتان بەرنەسەر، ئیتر هیچ بەهانەیەکتان نیە بۆ باشکردنی ژیانی هاوڵاتیان، ئیتر ئێمە کرێکاران داوادەکەین کەئازادی ڕێکخراوبونمان بۆ مسۆگەربکەن، ئیتر موچەکانمان دەبێت زیاد ببێت، داوادەکەین کاتژمێری کارمان کەمبێتەوەو پشوی ساڵانەوهەفتانەومافی خانەنشینی تێروتەسەلمان بەیاسایی بکرێ، داوادەکەین کەدامەزراندن لەدەستی حزبەکان دەربکێشرێت وبیمەی بیکاری و چارەسەری سەردەمی نەخۆشیمان بەخۆڕایی بکرێت.
ئەوە ڕاستە ئێمە یەك ڕەگەزو یەك زمانین لەگەڵ ئێوەی حزبەکانی ناو دەسەڵات وپەرلەمان، بەڵام لەکۆتاییدا ئینسانین و دەمانەوێت ژیانێکی شایستە بەئینسان بژین. کەوایە ئەگەر هەڵبژاردن تەواوبووە، ئیتر نۆرەی کرێکارانە،
نورەی ئێمەیە کەلەسەر داخوازییەکانمان یەخەی هەموو حزبەکان وئەوانەی بەڵێنیانداوە، بگرین. ئیتر نۆرەی ئێمە جەماوەری زەحمەتکێشە، کەلەچاوەڕوانیدا بەدیار بەڵینی ئەوانەوە دانەنیشین وچوار ساڵی پڕ لەنەهەمانی بەڕێ بکەین. کرێکاران دەبێت لەکەمینی بەدەستهێنانی داخوازیەکانی خۆیاندابن و وەک هێزیكی یەکگرتووی چینایەتی بۆ خواستی باش بژێوی وگۆڕانکاری لەدۆخی کارو ژیاندا ڕاوەستێت. نابێ فریوی هیچ لایەنێك بخۆین،
بەڵکو چاو لەهێزی یەکگرتوو ڕێکخراو وبەئاگای خۆمان ببین. هەڵبژاردن تەواوبوو بەڵام هەموو ئەو گرفت و کێشەو قەیرانانەی کەئاکامەکانی ڕوی لەئێمە کرێکارانە لەشوێنی خۆیدا ماوەو هیچ گرەنتییەک نیە حزبەکان چارەسەری بکەن، بۆیە دوای هەڵبژاردن بەدڵنیاییەوە جارێکیتر کێشەکانی نێوان خاوەنکارو کۆمپانیاکان و دەسەڵاتداران لەبەرامبەر کرێکاراندا بەناچاری دەنگی ناڕەزایەتیمان دەهێنیتەوە مەیدان.
لەم نێوەشدا ئەوە ئەرکی هەڵسوراوان و ڕابەران و پێشڕەوانی چێنی کرێکارە کە هاوچێنەکانیان لەم ڕووبەڕوبونەوە تازەیەدا یەکگرتووانە ئامادەبکەن، ئەمە تەنها ڕێگای گەیشتنە بەداخوازیەکانمان. کەوایە هەڵبژاردن تەواوبوو، ئیتر نۆرەی ئێمە کرێکاران وخەڵکی بەشمەینەتە..