بازیان: کرێکاران لەمەراسیمێکدا یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی کرێکاریان بەرز ڕاگرت!
بەدەستپێشخەری ژمارەیەک هەلسوڕاوی کرێکاریی، کاتژمێر دوی پاشنیوەڕۆ لەشارۆچکەی بازیان، مەراسیمێک بۆڕێزلێنان لەیەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار سازدرا. سەرەتا مەراسیمەکە بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ قوربانیانی شوێنیکار دەستی پێکرد..پاشان هەردوو ئەندامی تیمی دەنگی کرێکار، کاک شابازو کاک پەیوەند، هەریەکەیان بەنۆرەی خۆیان مەراسیمەکەیان بەڕێوە ئەبرد و لەنێوان پێشکەشکردنی هەر بابەتێکدا، سرودە کرێکارییەکان ئەووترایەوە. وەستا مهدی سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ووتەیەکی لەبارەی یەکی ئایار وەک ڕەمزی خەباتی کرێکاران پێشکەشکردو جەختی کردەوە کە تەجروبەی چینی کرێکار لەهەر پێشڕەوی و هەڵچوون و داچوونێکیدا لەخەبات بۆ باشترکردنی هەل ومەرجی کارکردن ژیان و چارەنوسکی باشتریان، بەندە بەئامادەیی کرێکاران خۆیانەوە کەچۆن بەدەستی خۆیان بتوانن ڕێکخراوێکی واقیعی کرێکاری دروست بکەن هەتا لەم ڕێگایەوە دیفاع لەخۆیان بەکەن. بەدوای ئەودا، خەسرەو سایە وتەی ڕیکخەرانی مەراسیمەکەی پێشکەشکرد، ئینجا وەستا مصطفی، سکرتێری ڕێکخراوی بیناسازی کوردستان وتاری ڕیکخراوەکەی خوێندەوە و ئەویش جەختی لەگرنگی یەکگرتوبون و ڕێکخراوبوونی کرێکاران کردەوە. بڕگەیەکی تری مەراسیمەکە تایبەتکرا بە یادکردنەوەی هاوڕێ شێخ قادر، هەڵسوڕاوێكی کرێکاری کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار کەلەساڵانی هەشتاکانەوە لەپێناو هوشیارکردنەوەو یەکگرتوکردنی کرێکاراندا تێکۆشاوە، لەم پەیوەندەشدا محمود حلاق، ژیاننانمەی شێخ قادری خویندەوە و ئینجا وەک ڕیزلێنانێک کەخەبات و تێکۆشانی شیخ قادر بڕوارنامەی دەنگی کرێکار پێشکەش بەکەسوکاری کرا.
دواتر بەڕیوەبەرانی مەرسیمەکە فرسەتیاندا بەئامادەبوان لەسەر ئایارو دۆخی کرێکاران قسەوباس بکەن لەم ڕاستایەشدا هەریەک لە عومەری ڕافیعە کرێکاری خانەنشینکراو لەکارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەو سەرۆکی شارەوانی بازیان و چەند کرێکارێک بەنۆرەی خۆیان بەشدارییان کرد. لەدووتوێی بەرنامەی مەراسیمەکەدا خواستەکانی کرێکاران بۆ ئایاری ئەمساڵ خوێنرایەوە.
لەمەراسیمەکەدا جگەلەبەخشینەوەی شیرینی ئایار، خزمەتگوزاری تریش پێشکەش بەئامادەبوان کرا.
جیگای ئاماژەیە مەراسیمەکە بەبەشداری کرێکارانی ژینگەپارێزی سیدصادق، چەمچەماڵ، تەکیەو بازیان، کرێکارانی شارەوانی بازیان، کرێکارانی هەندێک لەکارگەکانی ناوچەی بازیان بەخۆشی وشادیەوە بەڕێکراو پاش زیاتر لەکاتژمێریک کۆتایی هات..
شایانی باسە هەرلەسەرەتاوە بەسپۆنسەری دەزگای میدیایی بازیان میدیا لەگەڵ بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ئایاری ئەمساڵ ٢٠٢٥ ڕوماڵکراو بازیان میدیا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا بۆ گواستنەوەی ئایار ڕووەو کۆمەڵگا.. هەروەها بازیان پرێس و ڕادیۆی پێشەنگیش بەنۆرەی خۆیان کاتێکی باشیان تەرخانکرد بۆ گواستنەوەی مەراسیمەکە ..
