“نەبونی ئازادی ڕێکخراوبوون ڕێگرە لەبەردەم کرێکاراندا”
ووتەی وەستا مستەفا، سکرتێری ڕیکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەمەراسیمی ئایاری ئەمساڵدا
سڵاوتان لێـــبێت … بەخێرهاتــــنتان ئەکەم
پێشەکی بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و سەرجەم کرێکارانی بیناسازی لەکوردستان، پیرۆزبایی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار لەئێوەو گشت کرێکاران دەکەم لەهەر گۆشەکی ئەم جیهانەدا. خۆشحاڵم کەئەمساڵیش لەگەڵ هەڵسوراوانێکی کرێکاری توانیمان ئەم مەراسیمە سازبکەین و یەکی ئایاری ئەمساڵیش شکۆدار رابگرین.
هاوڕێیان
ئێمە کرێکارانی بیناسازی لەکوردستان، بەشێکی بەرچاو پێكدەهێنین و زەحمەتێکی زۆریش دەبینین تا بتوانین ژیانێکی مەمرەو مەژی بۆخۆمان و منداڵەکانمان دابین بکەین.. بەدرێژایی ساڵ بەگەرماو سەرما رەنج ئەدەین، تەلارەکان ئەبەین بە ئاساماندا و سەرمایەداران شیلەی لەشمان دەمژن و دینارو دۆلارەکانیان کەڵەکە دەکەن.. ساڵانە چەندین کرێکاری بیناسازی بەهۆکاری جۆراجۆرەوە لەشوێنی کارەکانیان ژیان لەدەست ئەدەن، کەچی هێشتا هیچ مافێکی یاسایی لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ ئێمە بەفەرمی ناناسرێت و هیچ بیمەیەکی کۆمەڵاتیش نامانگرێتەوە.. سەڕەرای هەموو ئەمانەش، نەبوونی ئازادی ڕێکخراوبوون بەتەواوەتی ڕێگرە لەبەردەم ئێمەدا، بۆیە ئێمەو ئێوەش کەلەناوەندە جیاجیاکاندا کاردەکەین و لەزۆرێك لەمافەکانمان بێبەشن، هیچ ڕێگایەكمان نیە بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخەی بەسەرماندا سەپێنراوە، تەنها ڕێگای ڕێکخراوبوون نەبێت.. یەکی ئایار فرسەتێکی گەورەیە بۆ کۆبونەوەمان لەدەوری یەکتری و تەجروبەیەکی مەزنی چینی کرێکارە کە لەڕێگای ڕێکخراوبوونەوە بەدەستهاتووە. کەواتە، با یەکی ئایاری ئەمساڵ بکەین بەسەرەتای دەست بردن بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆمان..
بژی ١ی ئایار سەرکەوتوبن
وەستامستەفا
سکرتێری ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەکوردستان
ئایاری ٢٠٢٥