ئەمساڵ کرێکارانی کوردستان، ئایاریان بەرز و شکۆدارکرد!
دەنگی کرێکار
ئەمساڵیش کرێکارانی کوردستان، لەپاڵ کرێکارانی سەرانسەری دونیادا، یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکاریان بەسازدانی ڕێپیوان، مەراسیم و گەشت، بەرزڕاگرت وئەم ڕۆژەیان کردە نمایشی چینایەتی و خستنەرووی داخوازیەکانیان. ئەمەی خوارەوە کورتە ڕاپۆرتی گرنگ ترینی ئەو چالاکیانەیە:
سلێمانی: ڕێپێوانی جەماورەی ناوەندی شاری گرتەوە
وەک نەرێتیکی باو کەهەموو ساڵیک لەئایاردا بەدەستەوەگیراوە، کۆمیتەی یەکی ئایار لەهەڵسوراوانێکی کرێکاری پێکهات وبڕیاری سازدانی ڕێپیوانێک لەشەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانیەوە بۆ بەردەم باخی گشتی درا. بەمجۆرەش ڕۆژی یەکی ئایار کاتژمێر ٤ونیوی دوا نیوەڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران و کارمەندان و ژنان و پیاوانی زەحمەتکێش لەسەهۆڵەکە بەئاڵای سور وبەرزکردنەوەی چەندین دروشمی کرێکاری بەڕێکەوت، لەوانە ”بژی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار“، ”یاسایەکی نوێی کرێکاری بۆ کرێکارانی کوردستان“، ” داوادەکەین حکومەت پاداشتی ساڵانەی کۆمپانیاکان بۆ کرێکاران دابین بکات“، ”دابینکردنی بیمەی تەندروستی خۆڕایی بۆ کرێکاران“، ” زیادکردنی موچە وکەمکردنەوەی سەعاتکاری ڕۆژانە“.. پاشان ڕێپێوانەکە لەبەردەم باخی گشتی گربووەنەوەی جەماوەری سازداو ئینجا ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکە بەرنامەی چالاکیەکەیان بەخوێندنەوەی بەیان نامەی کۆمیتەی یەکی ئایار، لائیحەی داخوازیەکان درێژەپێداو دواتریش بواریانکردەوە بە پێشکەشکردنی پەیامی چەند ڕێکخراویك لەوانە، کرێکارانی کارەبا، ڕێکخراوی ژنانی سەربەخۆ. پاش خوێندنەوەی چەندین شیعر وسرودی کرێکاری وبانگەواز، چالاکیەکە کۆتاییهات.