Dangikrekar.com
سەرنوسەر

 سەروتار..هاوڕێیانی کرێکار.. ڕێکخراوبوون و کۆبونەوە لەدەوری داخوازیەکانمان، پەیامی ئایاری ئەمساڵمانە  

هاوڕێیانی کرێکار.. ڕێکخراوبوون و کۆبونەوە لەدەوری داخوازیەکانمان، پەیامی ئایاری ئەمساڵمانە  

سەروتار.. مەحمود حەلاق  نوسیویەتی

ئەمساڵ لەهەموو چالاکیە ئایارییەکاندا، پرسی ڕێکخراوبوونی کرێکاران وکۆبونەوەیان لەدەوری داخوازیەکان، ئەو پەیامەبوو کەهەڵسوڕاوان جەختیان لێکردەوە.  بەڵام حیکمەت لەم پەیامەدا چیە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆربەسادەیی ئەوەیە کەپەرشوبڵاوی کرێکاران نەک هەر ئەنجامێکی بۆ کرێکاران نابێت، بەڵکو خاوەنکارو کۆمپانیاکان بەهۆیەوە زیاتر دەتوانن هەلومەرجی سەختی کارکردن بەسەرکرێکاراندا داسەپێنن وزیاتر بیان چەوسێنێتەوە. تەنانەت هەوڵدانی فەردیو لێرەولەوێ کرێکاران ئەگەر دەستکەوتێکی هەبێت بۆ بەشێک لەکریکاران، ناتوانێت بەردەوام بێت. بەدیوێكی تردا حیکمەتی پەیامی ڕێکخراوبوون و کۆبونەوە لەدەوری خواستەکانیان کرێکاران دەخاتە پێگەیەکی ترەوەو لەهێزهاوسەنگیەکی باشتردا بەرامبەر بە خاوەنکار دایدەنێت. واتە ئەگەر کرێکاران خۆیان ڕێکخستبێت ولەدەوری خواستی ڕۆشن یەکگرتوبن، ئەوا بۆ خاوەنکار ئاسان نیە کە هەرچۆن بیەوێت مەرجەکانی خۆی بەسەر کرێکارندا داسەپێنێ. بێگومان دۆخی کرێکارانی کوردستان لەهەموو ڕوویەکەوە سەخت و دژوارەو لەهیچ کام لە پڕۆژەو دامەزراوەو هەموو ئەو کارگانەدا کەکاری تێدا دەکەن، بێ کێشەنین و لەهەر شوێنێک لەگەڵ دەیان کێشەوموشکلاتی ڕۆژانەی کارو کرێ و فشارو زۆری خاوەنکارەکان بەرەوڕوون. تەنانەت ئەو مافە کەمەشی کەلە یاسادا دانی پێدانراوە، پێشێل دەکرێ و  نەحکومەت ونەوەزارتی کارو دادگا وتەنانەت خودی سەندیکاکانی سەر بە حیزبەکانی دەسەڵات، نەکارێک بۆ کرێکاران دەکەن و نەگوێ بۆ خواست و ناڕەزایەتی کرێکاران دەگرن. ئەم دۆخە بەڕۆشنی دەرگای دوو بەرەی شەڕی چینایەتی پێکهێناوە، لە بەرەیەکەوە خاوەنکار وکۆمپانیاکان، هەم دەسەڵات وهەم یاسا وهەم سەندیکا وهێزو توانای مادی لەپشتە، بەلام لەبەرەی کرێکاراندا، هیچ تواناو چەکێکی لەبەردەست نیە جگەلە پشتبەستن بەهیزی خۆی وهەوڵدان بۆ یەکخستن و ڕیکخراوبوونی ڕیزەکانی خۆی وزاڵ بوون بەسەرئەو پەرشوبڵاویەدا کەهەیە. خالێکی تر ئەوەیە کەپێگەی چینی کرێکار لەئابوری وبەرهەمهێنانی کۆمەلایەتیدا، ئەو هێزە بەکرێکاران دەبەخشێت کەلەشەڕ لەگەڵ خاوەنکاردا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. واتە ئەگەر کرێکاران بەئاستێکی یەکگرتوو وڕێکخراوی وا بگەن کە بەرهەمهێنان ڕابگرن، خاوەنکارو دەسەڵاتدار ناتوانێت مل بەخواستەکانی کرێکارن نەدات. ئەمە کرۆکی ئەو حیکمەتەیە کەلەپەیامی ئایاردا بەرجەستەیە. بەڵام چۆن کار بکرێ بۆ خۆ ڕیکخراوبوون؟ یەکەم هەنگاو بۆ ئەم کارە دیاریکردنی خواستەکانی کرێکارانە لەئاست هەرکارگەو ناوەندێکدا پاشان سازدانی کۆبونەوەی گشتی کرێکاران وکۆبونەوەیە لە دەوری خواستە کرێکاریەکان. ئینجا هەلبژاردنی نوێنەرانی کرێکاریی ڕێکخستنی کۆبونەوە گشتیەکان. بەڵام ئەگەر ئەمە چوارچێوەیەکی گشتی بێت بۆ کارکردن لەسەر ڕیکخراوبوونی کرێکاری لە هەرناوەندێكدا،  ئەوا دەستبردن بۆ پێکهینانی کۆڕوکۆمەڵ ودەستە کرێکاریەکان ولەیەک نزیککردنەوەیان، ئەتوانێت لەڕەوتی خۆیدا بڕیار لەسەر شێوازی ڕێکخراوبون ویکگرتوکردنی کرێکاران لەدەوری خواستەکان، بەپێی سروشتی هەرناوەندیك بڕیار بدات.. بێگومان لەم نێوەدا ڕۆڵی ڕابەران وهەڵسوڕاوان وڕۆڵی کرێکارانی پێشرەو، بەرلەهەرشتێکە. واتە ئەم ڕیزەلەکرێکاران دەبێ بەموتمانەو بڕواوە، تێبکۆشن وهێزی خۆیان کۆبکەنەوە چ لەهوشیارکردنەوەی کرێکارانداو چ لە خستنەڕووی پێشنیاراتی عەمەلی کە بەهۆیەوە کرێکارن لەیەک نزیک دەکاتەوەو یەکگرتویان دەکات.. لەجەرگەی خەباتێکی ئاوادا کەگرێدراوبێت بەنارەزایەتیەکانی ڕۆژانەی کرێکارانەوە، بەدڵنیایەوە پرسی ڕیکخراوبونیش دەرگای لەبەردەمدا دەکرێتەوە..

 

Related posts

سلێمانی: یەکی ئایار، بەڕێپێوانێکی جەماوەری بەرز ڕاگیرا!

Dangi Krekar

پێویستی پێکهێنانی “ دەستەکانی ناڕەزایەتی کرێکاریی“

Dangi Krekar

ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانی مامۆستایان بەردەوامە!

Dangi Krekar

Leave a Comment