گفتوگۆی نیوان بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار و بازیان پرێس،
لەسەر چەند بابەتی کرێکاریی!
سەرەتا، بەناوی دەنگی کرێکارەوە سوپاسگوزاری بازیان پرێس و ستافەکەی دەکەین کەدەرفەتێکی بۆ ڕەخساندین بۆ قسەباسەکانی دەنگی کرێکار لەسەر چەندین بابەت لەچەند گۆشەیەکی جیاوازەوە لەسەر کێشەو گرفتە یاساییەکانی کرێکاران، کەلەخوارەوە هەوڵئەدەین بەکورتی بابەتەکان بخەینەڕوو..
چەندین پرسیار ئاراستەی خاوەن ئیمتیازی بڵاوکراوەی دەنگی کریکار(محمود حلاق) کرا لەسەر بابەتگەلێکی یاسایی، لەوانە: دەستەبەری کۆمەڵایەتی، خانەنشینی، مووچەو لێبڕین، گرێبەستیکار، دەرکردنی کرێکارلەسەر کار، پشوەکان…. ئەویش بەمجۆرەی خوارەوە بابەتەکەی بەکورتی باسکرد:
دەستەبەری کۆمەڵایەتی:
گرنگە بۆ کرێکاران و ئەبێت زۆر بەجدیش وەریبگرن و بەدواداچونیش بکەن، گوێ بەو قسەوباسانە نەدەن کەئەخرێتە دەرەوە لەهەندێک کارگەو ناوەندی کاردا کەگوایە بەهایەکی نیە. ئەگەر کرێکارێک ١٥ساڵ یان ٢٠ ساڵ کار بکات لەچەندین کۆمپانیاو کارگەو شوێنیکاری جیاوازداو ئەگەر دەستەبەری بۆکرابێت، ئەتوانێت کۆی ساڵەکان لەو شوێن و جێگا جیاوازانەدا کۆ بکاتەوەو خانەنشین بوونەکەی مسۆگەر بکات وەک هەر کارمەندێکی حکومی بۆ پاشەڕۆژی.
بەپێی یاسا، ماوەی تێستکردنی کرێکار نابێت لە ٣ مانگ زیاتر بێت، بەڵام دەبێت کرێکار لەیەکەم ڕۆژی چوونە ناو ئیشەوە هەتا ماوەی تێستەکەی دەستەبەری بۆ بکرێت.
مووچەو لێبڕین:
بەپێی یاسایکار موچەی کارمەند یان کرێکار لەسەروی ملیۆن یان خوار ملیۆنەوە بێت دەبێت دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکرێت. بەڵام ئەگەر موچەکە لەخوار ملیۆنەوە بێت، ئەوا هەموو لێبڕینێک نایاساییە.. لێبڕینی موچەش بۆ باجەکان وەک: باجی دڵنیایی کۆمەڵایەتی، باجی دەرامەت دەبێت لەسەروی ملیۆنەوە بیت.
گرێبەستیکار:
گرنگە لەنێوان خاوەنکارو کرێکاردا، بەڵگەیەکی فەرمیە بۆ هەردوولاو بەتایبەت بۆکرێکارەکە لەهەر کاتێکدا لەبەدواداچوونی یاساییدا.. ئەم گرێبەستە ئەبێت ٣ نوسخە بێت: یەکێک لای کرێکارەکەو دووەم لای خاوەنکارو سێیەمیش بگاتە دەستی بەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی. شاردنەوە یان پێنەدانی گرێبەستیکار بەکرێکار نایاساییە بەبێی یاسایکاری بەرکاری هەرێم.
دەرکردن لەکار:
لەم حاڵەتانەدا خاوەنکار دەتوانێت کرێکار لەسەرکار دەربکات:
١/ لەکاتی سەرپـــێچیدا.
٢/ لەکاتی کەمبوونەوەی قەبارەی بەرهەم(تقلیص حجم العمل).
٣/ بەهۆی فەشەل بوون یان بەهۆی قەیرانی داراییەوە.
٤/ ئەگەری پێوویستکردن بۆ کەمکردنەوەی کرێکار.
لەم حاڵەتانەداو تەنهاش لەم کاتانەدا خاوەنکار ئەتوانێت کرێکار دەربکات ئەویش بەو مەرجەی کەدەبێت هەموو بەڵگەکانی بەنوسراو پێشکەش بەبەڕێوەبەرایەتی کار بکات هەتا ئەوانیش بەدواداچون بکەن لەڕێگای لیژنە تایبەتەکانی خۆیانەوە.
کاری زیادەو پشووەکان:
هەر پشویەک کەحکومەتی هەرێم ڕایبگەیەنێت، ڕاستەوخۆش کەرتی تایبەت ئەگرێتەوە. بەڵام ئەگەر پێووستیکرد کرێکار کار بکات، ئەوا هەر ڕۆژێک بەدەبڵ هەژمار دەکرێت.
یەک سەعات کاری زیادە بەڕۆژدا، بەسەعات و نیوێک هەژمار دەکرێت. یەک سەعات کارکردن لەشەودا بەدەبڵ هەژمار دەکرێت.
بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی
بازیان پرێس
لەبەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی بازیان پرێسدا، چەندین پرسیار ئاراستەی (شاباز محمود)، لێپرسراوی سایتی دەنگی کرێکار کرا، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی دایەوە:
مێژووی دەستبەکاربوونی دەنگی کرێکار:
دەنگی کرێکار لەناو کۆتا شەشەمین ساڵڕۆژی خۆیدایەو هەتا ئێستا ٦٨ ژمارەی لێدەرچووە بەتیراژی ٦٠٠ دانەو گەیەندراوەتە دەستی زۆرینەی هەرەزۆری کرێکاران لەشارەکانی هەولێرو سلێمانی لەشوێنیکارو کارگەو کۆمپانیاکانیدا..
سەرچاوەی ماددی دەنگی کرێکار:
هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لەهیچ شوێنێک و هیچ لایەنێکەوە نیە، تەنها پشت دەبەستێت بەنوێنەرانی دەنگی کرێکار لەئەوروپاو ئامریکادا.. هەروەها چەندینجار سپۆنسەری چەند ژمارەیەک کراوە لەلایەن کەسانێکی دانیشتوی کوردستانەوە کەدۆخی ماددی لەباریان هەیەو بەجۆرێک لەجۆرەکان دیفاع و پاڵپشتی کرێکارانن.. هەروەها شەفافانە سپۆنسەرو کۆمەکەکان بەسوپاسەوە لەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکاردا بڵاو دەکاتەوە.
کارەکانی دەنگی کرێکار:
لەبواری کەیسەکانی کرێکاران و لەڕێگای تیمی پارێزەرانی خۆبەخشەوە، بەدواداچوون کراوە بۆ زیاتر لە٥٠ کەیس و هەتا ئێستا ئەتوانین بڵێین ١٤ کرێکار شایستە داراییەکانیان بۆگەڕێندراوەتەوە.. جگەلە دەیان کەیسی کرێکاران کەهەتا ئێستا لەدادگای کار یەکلایی نەکراوەتەوە.. هەروەها دەیان کرێکار سەردانی ئۆفیسی دەنگی کرێکاریان کردووە بەدواداچوون بۆ کەیسەکانیان کراوە. هەبووە لەڕێگای تەلەفۆن و پەیوەندی شەخسیەوە کرێکاری دەرکراومان گێڕاوەتەوە بۆسەر کارەکەی.. هەروەها دەنگی کرێکار توانیویەتی واژۆ کۆبکاتەوە لەسەرانسەری سنوری زونی سلێمانیدا بۆگێڕاندنەوەی ٢٠٠ کرێکاری دەرکراوی ژینگە پارێزی دەڤەری بیتوێن و ڕاپەڕین و بەفەرمی بدرێت بەوەزارەتیکار.. چەندینجار لەگەڵ وەزیری کاردا دانیشتن کراوە لەسەر کرێکاران و مافەکانی ئەوان کەتوانیویەتی کەمتازۆر کاریگەری هەبێت لەسەر کارگەو ناوەندەکانی کاردا. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەر کەیسی کرێکارێک هاتبێتە لامان، ڕسومات و تێچوی کەیسەکانیان لەئەستۆی دەنگی کرێکاردا بووە نەمانهێشتووە کرێکار مەسرەف بکات. هەموو ئەو کەیسانەش لەلای دەنگی کرێکار ئەرشیف کراوون.
لەباری ڕاگەیاندنەوە:
دەنگی کرێکار توانیویەتی سایتەکەی خۆی بکات بەمینبەرو جێگای ڕاوبۆچوون وپرسیارگەلێکی زۆری کرێکاران کەڕۆژانە پەیوەندی پێوە دەکرێت لەسەر کێشەو معانات وگرفتەکانیان.. هەروەها دەنگی کرێکار توانیویەتی ئاماری ڕووداوە دڵتەزێنەکانی کار کەکرێکارانێکی زۆر بوونەتە قوربانی و هاندیکاپ بوون بەهۆی کارەوە ساڵانە لەڕێگای کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەوە بخاتە ناو ڕای گشتی کۆمەڵگاوە بەئامانجی ئەوەی کە حکومەت ئاوڕێکی جددی بداتەوە لەتراژیدیای کرێکاران. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەر لەڕێگای سایتەکەشەوە وەڵامی هەموو ئەو کرێکارانە دراونەتەوە لەسەر کێشەو گرفتەکانیان وڕێنمایی یاسایی کراوون. سایتی دەنگی کرێکارو ڕۆژنامەکەی ئێستا بووەتە دەنگێکی موعتەبەرو خۆشەوویست لەناو کرێکاراندا بەهۆی ئەوەی کەهەمیشە لەپاڵ ماف و خواست وداواکانی ئەواندا ڕاوەستاوەو هەرچیەکی توانیبێت لەچوارچێوەی یاسایکاردا پێشکەشی کرێکارانی کردووە بەئامانجی هوشیارکردنەوەی ئەوان بەمافە یاساییەکانیان.
کۆمەکەکان:
دەنگی کرێکار توانیوویەتی لەڕێگای کەناڵ و پەیوەندییەکانی خۆیەوە بەبڕی زیاتر لە٣٠٠ جێگا خۆراک لەچەند کاتێکی جیاوازدا، سەبەتە خۆراکی باش وەکو هاوکارییەکی سادە بخاتە ناو ماڵە کرێکارو زەحمەتکێشەکانەوە لەچەندین ناوچەی زوونی سلێمانی و ناوشاردا.