Dangikrekar.com
وتار

 بۆچی گرنگە کرێکاران دەستەبەری کۆمەڵایەتیان هەبێت؟

 بۆچی گرنگە کرێکاران دەستەبەری کۆمەڵایەتیان هەبێت؟

بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار وەڵامی پرسیارەکانی کرێکاران دەداتەوە

 مەحمود حەلاق

وەڵام بەپرسیارەکان دەداتەوە

کرێکارێکی کۆمپانیایەک لەڕێگای تەلەفۆنەوە  پەیوەندی لەگەڵ  بڵاوکراوەی دەنگی کرێکاردا کردو دوای گفتوگۆ لەسەر هەندێک بابەت، چەند پرسیارێکی کرد کە پەیوەندی بەهەموو کرێکارانەوە هەیەو داوای کرد کە لەبڵاوکراوەکەماندا وەڵام بەپرسیارەکانی بدەینەوە.

ئێمەش بەخۆشحالیەوە بەئەرکی خۆمان زانی کەهەم  پرسیارەکان و هەم وەڵامەکانی لەم ژمارەیەی دەنگی کرێکاردا، بڵاوبکەینەوە.

دەنگی کرێکار ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارانەی کەکرێکاران لەسەر کێشەو دۆخی کارو ژیانیان هەیانە.

کرێکارەکە: سڵاو لەدەنگی کرێکارو لەئێوەی بەڕێزیش..

سەرەتا: ئەتوانم بڵێم لەجیاتی هاوڕێ کرێکارەکانم و زۆربەی کرێکارانی ناو کۆمپانیاکەش زۆر ممنونی ئێوەین کەهەمیشە لەگەڵ کرێکاراندان و مشوری ئێمەی کرێکاران دەخۆن.

پێم خۆشە ئەمجارە من لەجیاتی ئێوە پرسیار بکەم، ئێوەش وەڵاممان بدەنەوە بۆئەوەی هەندێک شتمان بۆ ڕوون ببێتەوە.

لەناو جەریدەکەماندا ئێوە هەمیشە باسی دەستەبەری ئەکەن، باشە بۆچی بەلاتانەوە موهیمە کەکرێکاران دەستەبەرییان هەبێت؟ من قەناعەتم وایە زۆربەی کرێکار هەر نازانێت چیەو چۆنیش هەنگاوی بۆ هەڵبگرێتەوە؟

مەحمود حەلاق: سڵاو لەتۆش و لەهاوڕێ کرێکارەکانت..

دەستخۆش کەبەوشێوەیە بەدواداچوون ئەکەیت لەسەر ئەو بابەتانەی کەتایبەتن بەکرێکاران بۆئەوەی بەرچاویان ڕوون بێتەوەو تێبگەن لەوەی کەچۆن بتوانن دیفاع لەمافەکانیان بکەن.

دەستەبەری کۆمەڵایەتی، واتە ضمان، بابەتێکی ئێجگار چارەنوس سازە بۆ کرێکار بۆ داهاتووی کاتێک کەبەرەو تەمەن ئەڕوات بەرەو تەمەنی خانەنشینی. ئەگەر کرێکار دەستەبەر بکرێت یان هەیبێت، ئەوا ئەو کاتەی کەئیتر توانای کاری نامێنیت و تەمەنی گەورەیە، وەک هەر کارمەندێک دەتوانێت خانەنشین ببێت بەمووچەیەکی دیاریکراوەوە کەلانیکەمی ژیانی هەر هیچ نەبێت دابین دەکات بۆداهاتووی خۆی و منداڵەکانی . بۆنمونە: ئەگەر کرێکارێک ٤ ساڵ لەکارگەو کۆمپانیایەک، ٣ ساڵ لەشوێنێکی تر، ٧ ساڵ و چەندساڵ لەشوێنێکی ترو..تاد.. بەم شێوەیە کۆی گشتی ساڵانی دەستەبەرییەکەی کۆبکاتەوە کەدەتوانێت،  بۆنمونە لەکۆی گشتی ئەو ناوەندیکارو کۆمپانیاو شوینانەی کەکاری تێدا کردووەو دەستەبەر کراوە بگاتە ٢٠ ساڵ، ئەوکاتە ئەگەر تەمەنی ٦٠ ساڵ تەواو بکات بۆ ڕەگەزی نێرو ٥٥ ساڵ بۆ ڕەگەزی مێ، ئەوا وەک هەر کارمەندێکی حکومی خانەنشینی دەیگرێتەوە. ئایا ئەم دەستەبەرییە باشتر نیە بۆ کرێکاران بۆئەو تەمەنەو بۆلانیکەمی داهاتووی منداڵەکانی لەجیاتی دەستبەتاڵی کەساڵانێکی دوورو درێژ ڕەنج ئەدات وخوێنی دەبێت بەئاو ڕەنجی بەفیڕۆ نەڕوات؟

کرێکارەکە: ئەی باشە براکەم چۆن بزانین کەدەستەبەر کراوین؟ یان ڕیگاکانی کامانەیەو چی بکەین، هەروەها ڕێژەی ئەو بڕە پارەیە ئەگەر لێمان ببڕن چەندەو مانگانە ئەبێت ئەو شوێن و کارگەیە چەند بدات بۆدەستەبەری ئێمە؟

مەحمود حەلاق: سەرەتا، بڕی پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە٥٪ی کرێکار دەیداو خاوەنکاریش لە١٢٪ ئەدات کە کۆی گشتی ئەکاتە لە١٧٪. ئەو بڕە پارەیەش ئەدرێت بەفەرمانگەی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی و لەناو سندوقی خانەنشینیدا هەڵدەگیرێت. بۆ مەسەلەی ئەوەی کەچۆن بزانن دەستەبەر کراوون، ئەوا دەبێت لەڕێگای کۆمپانیا یان خاوەنکارەکەوە بزانیت کە دەستەبەرت بۆکراوە یان نا! ئەگەر خاوەنکار یان کۆمپانیا پێی ووتبێتیت کەدەستەبەر کراویت، ئەوا بۆدڵنیابوونەوەی خۆت دەبێت بچیت بۆ بەڕێوەبەرایەتی کار بۆنمونە لە سلێمانی و سەردانی بەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکەیت هەتا بزانیت کە دەستەبەریت بۆکراوە یان نا..

کرێکارەکە: کرێکار هەیە پێی ووتراوە کەدەستەبەر کراوویت و مانگانە پارەشی لیئەبڕن، بەڵام درەنگ زانیویەتی کەدەستەبەر نەکراوە؟

مەحمود حەلاق: دەبوایە کرێکارەکە سەردانی فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکردایە، یان لانیکەم پەیوەندی بەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارە بکردایە بۆ بەدواداچوون لەسەر بابەتەکە. بۆیە ئێمە جەختدەکەینەوە کەکرێکاران هەرچۆن بۆیان گونجاوە بەدواداچوون بکەن بۆ دەستەبەرییەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی کار لەسلێمانی بۆ دڵنیابوونەوەی خۆیان، چونکە زۆر زۆر پێوویستە..

کرێکارەکە: ئەی باشە کرێکار کاتێک لەکۆمپانیایەکدا ئیش دەکات، پاش چەند ڕۆژ یان چەند مانگ دەستەبەری بۆحساب دەکرێت؟

مەحمود حەلاق: کرێکار دەبێت دەستبەر بکرێت هەر لەسەرەتای دەستبەکار بوونیەوە، تەنانەت ئەگەر خاوەنکاریش بەناوی تێستەوە کرێکارەکە بخاتە ژێر تاقیکردنەوەوە بۆماوەی چەند هەفتە هەتا دەگاتە ٣مانگ کە یاساییەو نابێت لەوە زیاتر بێت، دیسانەوە دەبێت کرێکارەکە دەستەبەر بکات. ئەوە پێچەوانەی یاسایکاری هەرێمە کەخاوەنکار چەندین مانگ ئیش بەکرێکار بکات بەناوی تێستەوە ئینجا دواتر دەستەبەری بکات. هەربۆیە گرنگە هەروەکو ووتم کرێکار بەدواداچوون بکات و مشوری خۆی بخوات بۆ دەستەبەرییەکەی.

کرێکارەکە: ئەی باشە ئەو کرێکارانە چی بکەن کەهەیە زیاتر لەچەندین مانگ یان چەندین ساڵە کاردەکەن و دەستەبەرییان بۆنەکراوە، یان نەیانزانیوە چی بکەن؟

مەحمود حەلاق: کرێکاران دەبێت بەدواداچون بکەن، واتە سەردانی ئیدارەی کارگە وەیان بەشی یاسایی ئەو ناوەندە بکەن کە کاری تێدادەکەن. هەروەها دەتوانن  بەدواداچوونیش بکەن  لەبەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی تا دڵنیاببنەوە، لە دەستەبەرییەکەیان.

کرێکارەکە: زوربەی جار کرێکار لەترسی دەرکردن و بێکاری ناوێرێت پرسیاری دەستەبەری بکات، بەڕای ئێوە چی بکەین؟!

مەحمود حەلاق: ئەوە ڕاستە کەکرێکاران لەترسی بێکارکردن ناچارن ملبدەن بەکۆیلەکاری و سەعاتکاری زیادەی بێبەرامبەر یان بەنرخی کەمتر، هۆکارەکەشی ناڕێکخراوبوونی خۆیانە لەژێر چەتری خۆیاندا کەهێزی پەرش وبڵاویان کۆبکاتەوەو بتوانرێت لەم ڕێگایەوە داوای ڕەواو مافەکانیان دەستەبەر بکەن. هەربۆیە کرێکار دەبێت بەئارامی لەگەڵ ئیدارەی شوێنەکە دابنیشێت و هەوڵبدات ئیدارە یان خاوەنکار قەناعەت پێبکات بۆ دەستەبەرکردنی، ئەم ڕێگایە لانیکەم هەوڵێکە لەو ڕاستایەدا کەبتوانێت بیگرێتەبەر. یان دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی بکات بۆ ئەم مەبەستە، یان هەوڵبدات لەگەڵ هاوڕێکانیدا نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن نامەیەک ئاراستەی ئیدارەی کارگە بکەن بەواژۆی هەموو ئەوانەی کەدەستەبەرییان نیە.

Related posts

گردبوونەوەو دە ربرینی نارە زایە تی خاوەن ماتۆڕی دیلیڤەرییەکانی شاری کرکوک !

Dangi Krekar

کفری خۆپیشاندان مانگرتنی خە ڵک دە ستی پێکرد

Dangi Krekar

سیمینارێك لەبارەی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران لەعێراق بەڕێوەچوو.

Dangi Krekar

Leave a Comment