دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵك و پرسی موچەو خزمەتگوزاریەکان!!
وەستا مەهدی
ژیان وگوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان هێندە ئاڵۆزە, ئەستەمە کەسێکی چاودێر بتوانێت لەسەر سەرجەم کێشەو معاناتی خەڵکی ئەم وڵاتە قسەیەک بکات. هەرکەسەو لەڕوانگەی خۆیەوە سەیری دەکات و قسە دەکات. من لێرەدا ئەمەوێت تەنها سەرەقەڵەمەکانی ئەوکێشانە بەیان بکەم کە وەك نەخۆشیەکی درێژخایەن ماوەی زیاتر لە٣٠ساڵە بەرۆکی بەشی زۆری خەڵکی کوردستانی گرتووەو بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.
کێشەی کارەبا، کێشەی کەم ئاوی، کێشەی بێکاری، کێشەی خزمەتگوزاری گشتی، کێشەی گرانی داوودەرمان و پێداویستی ڕۆژانە، کەمبوونەوە یان نەهێشتنی خزمەتگوزاری تەندروستی خۆڕایی، کێشەی پەروەردە، دەرکردنی کرێکار لەسەر کارەکانیان، دواخستنی موچە… ئەمانە کۆمەڵێک کێشەن کە بۆچینی کرێکار بووەتە بارگرانیەك و ژیانی کرێکاری ئێجگار سەخت کردووە. کرێکارێك کە مانگانەکەی ناگاتە ٥ سەد هەزاردینارو مانگانە دووجارپارەی کارەبا بدات، جارێك پارەی موەلیدەو جارێکی تریش پارەی کارەبای فەرمی.. ئەمە بۆ دەستەبەرکردنی ئاویش هەروایە، بەتایبەتی لەهاویندا کاتێك کەپێویستی بەئاوی زۆرتردەبێت ونۆرە ئاویش بەدنیایەک پاساوی پووچەوە دوادەکەوێت، دەبێت ئاو بکڕێت.
بێکاری لەهەموو کێشەکان خراپترەو دەردێکی کوشندەیە. بەشێکی زۆر لەخەڵك بێکارن و خاوەن خێزانن وهیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییەو دەبێت هەم کارەباو هەم ئاوو گشت پێداویستیەکانی ژیانیشیان هەبێت. بەشێک لەگەنجان ئەوانەی کەخوێندیان تەواوکردووەو لەچاوەڕوانی ئەوەدان دابمەزرێن یان کارێکیان دەست ناکەوێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەهەرێمی کوردستان حکومەت بیمەی بێکاری بەخەڵکی بێکار نادات.
کێشەی خزمەتگوزاری گشتی بەتایبەت پاكڕاگرتنی شارو گەرەك کە سەردەمانێك حکومەت خۆی تێچوی پاکردنەوەی دەگرتە ئەستۆ، لەئێستادا سەرەڕای ئەوەی مانگانە بڕەپایەك لەخەڵك وەردەگرن بەڵام هێشتا ئەو خزمەتگوزاریە وەك پێویست دابین نەبووە. ئەوکۆمپانیایانەی کە کارییان لەحوکمەت وەرگرتووە پارەی کرێکارنادەن بەبیانوی ئەوەی حوکمەت پارەیان بۆسەرف ناکات.
پێش هاتنە سەرکاری حکومەتی هەرێم بەشە خۆراکی مانگانە دەدرا بەخەڵك کەدەیتوانی بەشێك لەپێداویستیەکانی ڕۆژانەیان پربکەنەوەو جۆری کوالیتی باش بوو. زیاد لە٣٠ساڵە ئەو بەشە خۆراکە کە بەبایعیەکە ناسراوە وای لێهاتووە کەس نازانێت ئەو بڕە خوراکەی وەریدەگرن هی کام مانگەو دەبێت چەند بدات بەبایعەکە.
پەروەردەو خوێندن لەدروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە هەتا ساڵەکانی ٩٠ لەباخچەی ساوایانەوە تاکۆتایی خوێندی زانکۆ، دەوڵەت خۆی دەستەبەری هەمووشتێکی دەکرد، بەڵام ئێستا لەباخچەی ساوایانەوە تا کۆتایی خوێندنی زانکۆ بەبازاڕ کراوە.. ئەم کێشانەو دەیان کێشەی تری وەك خراپی ڕێگاوبان کەڕۆژانە دەبێتە هۆی ڕوداوی دڵتەزێن و خەڵکانێك گیان لەدەست دەدەن وخەڵکانیکیش دەبنە کەمئەندام.. زۆربەی ئەم کێشانە بەرۆکی بەچینی کرێکارو خەڵکی کەمدەرامەت گرتوەو سەرمایەداران و دەوڵەمەندانیش لەژیانی شاهانەدا خۆشگوزارانی دەکەن بەسەر برین و لاشەی خەڵکەوە..ئەم کێشانە لەکاتێکدایە حکومەت لەساڵی ٢٠١٣ وە بەبیانوی چاكسازیەوە هەم بەشێك لەفەرمانبەران و کرێکاران، ئەوانەی لەسەر میلاکی حکومەتن و لە دامودەزگاکانی حکومەتدا کاریان دەکرد، یان خانەنشین کراون بەموچەیەك کە زۆرلەوە کەمترە بتوانێت پێی بژی، یان لەوشوێنانەی خۆیان گواستراونەتەوەو فەرمانگەکانیان هەڵوەشاندۆتەوە. هاوکاتیش بەبیانونی قەیرانی ئابوریەوە بەشێوەی جۆراوجۆر دەستیان بردووە بۆ موچەو بەناوی پاشەکەوتەوە چەتەیی دەکەن. ئەم کێشانە سروشتی نین و سەرچاوەکانیان دەسەڵات و حوکمەتە. نیشانەی ئەوەیە کە ئەم دەسەڵات وسیستەمە سیاسیە ناتوانێت ئیدارەی خەڵک بکات وە یان نایەوێت بیکات. جیاوازی چینایەتی بەجۆرێكە بەشی هەرەزۆری خەڵك کەچینی کرێکار پێکدەهێنیت، ناتوانن ژیانێک دەستەبەر بکەن بۆ خۆیان کەشایستە بێت. بەشێکی کەمیش کەخاوەنی دەسەڵاتن، هەرچی سەروەت وسامانی سەرزەوی وژێرزەوی هەیە زەوتیان کردووە.
خەڵك بەڕێگای جۆراجۆر هەوڵیداوە کە لەڕێگای داخوازیەوە وەڵام بەکێشەو معاناتەکانی بدەنەوە. لەو پێناوەدا سەدان کەس بوونەتە قوربانی و بەناحەق ژیانیان لەدەستداوە یان لەگۆشەکانی زیندان ژیان بەسەردەبەن. هەتادێت کێشەکان زیاتردەبن، تاوانکاری ودیاردە ناشیرینەکان زیاد دەکەن. ئەم دۆخە بەجۆرێکە بەشێك لەوانەی کە بەهەرشێوەك شتێکیان کۆکردبێتەوە دەیکەنە پارەو سەری خۆیان هەڵئەگرن و ڕوودەکەنە ڕێگای هاتونەهات و دەسەڵاتدارانیش توانجیان لێدەدەن . ئێستا خەرێكە زۆرێك لەخەڵك چیتر چاوەڕوانی ئەوە نەبێت کە ئەم حکومەت ودەسەڵاتە کۆتایی بەکێشەو معاناتەکانیان بهێنێت. سەرباری ئەوەی ناڕەزایەتیەکان بەردەوامن و هەر ڕۆژەو لەلایەک و بۆ خواستێک خەڵك دێتە سەرجادەو مان دەگرێت و کار ڕادەگرێت.
لەکوردستان کێشەی هەرەگەورە کەسەرچاوەی هەموو ئەو کێشانەن کەئاماژەمان پێدان، ئەم سەرگەردانیە سیاسیەیە کە ئەحزابی دەسەڵاتدار تێیکەووتون و ناکۆکیەکانی ناوخۆیان لەهەرێمی کوردستان و ناکۆکی ئەم حزبانە لەگەڵ دەسەڵات و حوکمەتی مەرکەزی، کە هەر ڕۆژەو بەبیانویەك ولەسەرشتێك کەڕاستەو خۆپەیوەندی بەبەرژەوەندی خۆیانەوە هەیە، کێشە دەکەوێتە نێوانیان و بەوهۆیەشەوە موچە دوادەخەن و ساتوسەودا لەسەر قوتی خەڵك دەکەن.
بۆیە باشکردنی ژیانی خەڵک و کۆتایهێنان بەکێشەکان بەندە بەکۆتایهێنانی ئەم جۆرە لەسیستەمی سیاسی و وەرگرتنەوەی دەسەڵاتە لەم حزبانەو دامەزراندنی سیستەمی شوراییە کە تێیدا خەڵک خۆی ڕیشەو مەرجەعە، خۆی یاسادانەرە، خۆی ڕاستەوخۆ بەڕێوەبەری کۆمەڵگایەو دەتوانێت سەرلەبەری ژیانی بگۆڕێت بەرەو چارەنوسێکی باشتر. ئیتر کێشەی ئاو، کارەبا، پەروەردە، سوتەمەنی، کێشەی بێکاری وهەر کێشەیەك کەهەیە، خەڵك خۆی چارەسەری دەکات. دەسەڵاتی خەڵك بەمانای کۆتاکردنی دەستی ئەوانەیە کە بێکارت دەکەن، کە بێنان و گوزەرانت دەکەن و بێموچەو حەقدەست کارت پێدەکەن.