لەپەراوێزی مانگرتنی کرێکارانی پۆست لەکەنەدا!
ئاراس ڕشید / محمد مطلق
مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی پۆست لەکەنەدادا لە١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دەستیپێکردو کەوتۆتە سێهەم هەفتەی خۆیەوەو هەتا ئێستاش بەردەوامە بەبێ هیچ ئاسۆیەکی ڕێککەوتن لەگەڵ بەرپرسانی کەنەدادا. مانگرتنی ئەم ماوەیەی کرێکارانی پۆست درێژەپێدەری چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتییە لەناوەندەکانی تری کارکردن لەکەنەدا لەمێژوی زیاتر لەدوویەی خۆی وهەتا ئێستاش بەردەوامە لەماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا، جگە لەوەی کەهەڕەشەی مانگرتنی کرێکارانی هێڵی ئاسن و کرێکارانی خزمەتگوزاری فڕۆکەخانەکان و فڕۆکەوانانی هێڵی ئاسمانی کەنەدا هەمیشە لەسەر ڕێگایە. خواستە سەرەکیەکانی کرێکارانی پۆست بریتین لە:
١/ زیادکردنی حەقدەست، هەلومەرج وژینگەی کارکردنی سەلامەتتر، بیمەکان و خانەنشینی.
٢/ زیادکردنی ڕێژەی ٢٢٪ مووچە. مەسەلەی مووچە بابەتی سەرەکیە لەم مانگرتنەداو هەتا ئێستا هیچ لایەنێک دەستبەرداری داواکاریەکەیان نەبووە. ئەم مانگرتنە کاریگەری زۆری کردۆتە سەر کاروبار وهەلومەرجی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەگشتی، لەوانە:
١/ بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە ژمارەی پاکێجی پۆستە زۆر زیاترە لەکاتەکانی دیکەی ئاسایی.
٢/ بەهۆی مانگرتنەکەوە، بزنسە بچووک و مامناوەندەکان ناتوانن داواکاری کڕیارەکانیان بنێرن.
٣/ هەندێک کاری حکومی وەک ناردنی پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێری و بەڵگەنامەکانی دیکەی حکومی کێشەی تێدەکەوێت.
٤/ ئەو خانەنشینانەی مانگانە مووچە وەردەگرن لەڕێگەی چەکی بانکەوە، هەمویان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
کرێکارانی پۆستە دەڵێن بارودۆخی ئێمە جیاواز نییە لەخەڵکی دیکەی کەنەداو هەموومان لەخەباتداین ودەست و پەنجە نەرمدەکەین بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسایی بژین. ئەوان دەڵێن ئێمە داوای زۆر ناکەین و داوای مانگ و ئەستێرەمان نەکردووە، تەنها کرێ و خانەنشینی و بیمەی تێروتەسەلمان دەوێت بۆ ژیانێک کە شایەنی هەموو مرۆڤێک بێت!