لەپەراوێزی مانگرتنی کرێکارانی پۆست لەکەنەدا! مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی پۆست لەکەنەدادا
لە١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دەستیپێکردو کەوتۆتە سێهەم هەفتەی خۆیەوەو هەتا ئێستاش بەردەوامە بەبێ هیچ ئاسۆیەکی ڕێککەوتن لەگەڵ بەرپرسانی کەنەدادا. لەساڵانی ١٩٩٧ و٢٠١٨ بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ مانیانگرت، بەڵام بە فەرمانی حکومەتی فیدراڵ ناچارکران بگەڕێنەوە سەرکارو کۆتایی بەمانگرتنەکە بهێنن. مانگرتنی ئەم ماوەیەی کرێکارانی پۆست درێژەپێدەری چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتییە لەناوەندەکانی تری کارکردن لەکەنەدا لەماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا. هەروەها هەڕەشەی مانگرتنی کرێکارانی هێڵی ئاسن و کرێکارانی خزمەتگوزاری فڕۆکەخانەکان و فڕۆکەوانانی هێڵی ئاسمانی کەنەدا هەمیشە لەسەر ڕێگایە.
خواستە سەرەکیەکانی کرێکارانی پۆست بریتین لە:
زیادکردنی حەقدەست
١/ هەلومەرج وژینگەی کارکردنی سەلامەتتر، بیمەکان و خانەنشینی.
٢/ زیادکردنی ڕێژەی ٢٢٪ مووچە. مەسەلەی مووچە بابەتی سەرەکیە لەم مانگرتنەداو هەتا ئێستا هیچ لایەنێک دەستبەرداری داواکاریەکەیان نەبووە.
ئەم مانگرتنە کاریگەری زۆری کردۆتە سەر کاروبار وهەلومەرجی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەگشتی، لەوانە:
١/ بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە ژمارەی پاکێجی پۆستە زۆر زیاترە لەکاتەکانی دیکەی ئاسایی.
٢/ بەهۆی مانگرتنەکەوە، بزنسە بچووک و مامناوەندەکان ناتوانن داواکاری کڕیارەکانیان بنێرن.
٣/ هەندێک کاری حکومی وەک ناردنی پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێری و بەڵگەنامەکانی دیکەی حکومی کێشەی تێدەکەوێت.
٤/ ئەو خانەنشینانەی مانگانە مووچە وەردەگرن لەڕێگەی چەکی بانکەوە، هەمویان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
بەرپرسانی فەرمانگەی پۆستی کەنەدا بۆ شکستپێهێنانی مانگرتنەکە، هەوڵیاندا بۆ ماوەیەکی کاتی کرێکارانی مانگرتوو لەکارەکانیان دووربخەنەوەو ترس ودڵەڕاوکێ بخەنە ناو کرێکارانەوە، بەڵام ئەم تاکتیکە وەڵامێکی توندی لەلایەن کرێکارانەوە وەرگرتەوەو لەڕاگەیاندنێکیاندا وەڵامیان دایەوە کە ئەم فێڵانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر یەکریزی وبڕیارو ئیرادەی پتەوی ئەوان ناکات. لەئێستادا هیچ دانوستانێک لەئارادا نیەو تەنانەت دانوستانەکەی هەفتەی ڕابردووش کە بەنێوەندگیری لایەنی سێیەم بەردەوام بوو، بێئەنجام بوو.
کرێکارانی پۆستە دەڵێن بارودۆخی ئێمە جیاواز نییە لەخەڵکی دیکەی کەنەداو هەموومان لەخەباتداین ودەستوپەنجە نەرمدەکەین بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسایی بژین. ئەوان دەڵێن ئێمە داوای زۆر ناکەین و داوای مانگ و ئەستێرەمان نەکردووە، تەنها کرێ و خانەنشینی و بیمەی تێروتەسەلمان دەوێت بۆ ژیانێک کە شایەنی هەموو مرۆڤێک بێت!
چاوخشاندنێک لەسەر بارودۆخ و ژیانی کرێکاران وخەڵکی کەمدەرامەت لە کەنەدادا.
یەکەم: لە ٩٤٪ ی خەڵکی کەنەدا لەچینی کرێکارو خەڵکی کەمددەرامەت، نیگەرانن لەبەرزبوونەوەی نرخی خۆراک. خەڵكی هەوڵدەدەن ئەو شتانەبکڕن کە نرخەکانیان داشکاندنی دێتەسەر، کۆپۆن یان گەڕان بەدوای نرخێکی هەرزانتر لەفرۆشگاکانی ئۆنلاین بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خۆراکیان دەگەڕێن. ڕۆژانە نرخی دابینکردنی خۆراک بۆ هەر تاکێک و خێزاندار زیاتر قورستر دەبێت. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، نرخی خۆراک لەکەنەدا بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا مووچە نزیکەی لەسەدا ١٢ بەرزبووەتەوە. لەمانگی تشرینی یەکەمدا نرخی خۆراک بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو بەڕێژەی ٢.٧٪ بەرزبووەتەوە، بۆ نمونە نرخی سەوزە تازەکان بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو بەڕێژەی ٣.٧٪بەرزبووەتەوە. لەمانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە ٢ ملیۆن کەس سەردانی بانکەکانی خۆراکیان( خۆراک بەخۆڕایی دەدەن بەخەڵکی کەمدەرامەت) کردووە لەکەنەدا، کە بەرزترین ژمارەیە کە هەتا ئێستا تۆمارکراوە. ئەمەش بەبەراورد بەساڵی ٢٠١٩ بە ڕێژەی ٩٠٪ و لەساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ٦% زیادی کردووە ٣٣٪ی سەردانیکەرانی بانکی خۆراک لەلایەن منداڵانەوەیە، ئەمەش بەبەراورد بەپێنج ساڵ لەمەوبەر مانگانە زیاتر لە٣٠٠ هەزار سەردان زیادیکردووە.
دووەم: کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێش وکەمدەرامەت لەگەڵ پرسێکی دیکەی گرنگدا کێشەیان هەیە، ئەویش بریتییە لەکرێی خانوو ونیشتەجێبوون.
تێکڕای کرێی خانووبەرە لەمانگی تشرینی یەکەمدا بەڕێژەی لەسەدا نۆزدە(١٩٪) زیادی کردووەو بۆ یەکەمجار لە دوای پەتای کۆڤید-١٩، بەبەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢. لەهەر شارێکی کەنەدا، کەمترین مووچە ناتوانێت تێچووی کرێی خانویەک دابینبکات. بۆ نموونە لەهەرێمی ئۆنتاریۆ کەمترین حەقدەست ٢٠.١٧ بیست دۆلارو حەڤدە سەنتە لەکاتژمێرێکدا، واتە ئەگەر کرێکارێک بەتەواوی کاربکات( فوڵ تایم) بەتێچووی ژیانی دیکەشەوە، دەتوانێت مانگانە نزیکەی ٨٩٤ دۆلار بۆ کرێی خانووبەرە خەرج بکات. لەکاتێکدا تێکڕای کرێی شوقەیەکی یەک ژووری نوستن لەتۆرۆنتۆ نزیکەی ٢٥٠٠ دۆلارە! تەنانەت ئەگەر لەگەڵ کەسێکی تردا، بەهاوبەشی کرێکە بدەن ، ئەم فشارە داراییە کەم ناکاتەوە. گرانیی تێچووی هەبوونی شوێنی حەوانەوە وایکردووە خەڵک نەتوانن لەنزیک شوێنی کارەکەیان، یان لەشوێنی دڵخوازی خۆیان بژین، هەروەها ناچارن بچنە ناوچە هەرزانترەکان کە هەلیکاریان کەمترە.
سێیەم: بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە، بریتیە لەکێشەی بێخانەولانەیی:
ئاماری بێخانەولانەکان لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بەڕێژەی ٢٠٪ زیادیکردووە. ژمارەی بێخانەولانەکان لەکەنەدا نزیکەی یەک ملیۆن و نیوە. ئەم ژمارەیە ساڵانە زیاد دەکات و کۆچبەران لەشارە گەورەکانەوە بۆ شارە بچووکەکان بڵاودەبنەوە. ئەمڕۆ بێخانەولانەیی لەکەنەدادا بووەتە قەیرانێکی جدی و ڕۆژانە خەڵکی زیاتر قووت دەدات. داماوترین وبەدبەخترین کەسەکان، بریتین لەخەڵکی ڕەسەنی کەنەداو بەساڵاچووان و پەنابەران کە لەم قەیرانەدا لەناودەچن.
ئەمڕۆ لەسەدەی بیست و یەکدا، لە لوتکەی جیهانگیری سەرمایەو سەرمایەداریدا، لەدڵی گەورەترین شۆڕشە تەکنەلۆژییەکاندا، مرۆڤایەتی بەیەکێک لەمەترسیدارترین و تاریکترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدا گوزەردەکات. پرسی مانەوەی جەستەیی (فیزیکی) کێشەی ملیۆنان کەسە لەوڵاتانی هەژاری ئەفریقا و ئاسیا هەتا دەگاتە دڵی پایتەختەکانی ئەوروپاو ئەمریکا. ئەو دۆخەی کەدژایەتی بنەڕەتی سیستەمی سەرمایەداری نیشاندەدات، وەک هۆکاری مانەوەی هەموو ئازاروکارەساتەکانی سەرمرۆڤ، لەگەڵ ژیان و خۆشگوزەران و بەختەوەری زۆرینەی بێبەشی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نمایشدەکات. ئەمڕۆ ئەو ڕاستییەی کە هەژاری و سەرکوتی سیاسی، نەزانی و خورافات و دواکەوتوویی کلتوری، بێکاری، بێخانەولانەیی، نائەمنی ئابوری و سیاسی، گەندەڵی و تاوان، شەڕ وئاوارەیی و کوشتنی خەڵکی بێتاوان، هەمووی بەرهەمی بێئەملاوئەولای ئەم سیستەمەن، بەڵایەکە بۆ چینی کرێکاری هێناوە. مرۆڤەکان لەئاسیاوە هەتا ئەوروپا، لەئەفریقاوە هەتا ئەمریکا بوونەتە قوربانی ئەم سیستەمە… خەباتی ملیۆنان کەس کە نەک هەر بێزارن لەم سیستەمە ، بەڵکو کۆمەڵگایەکی باشتر وشایستە بەئینسانیان دەوێت. داهاتووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەدەستی چینی کرێکاردایە کەدەتوانێت ئەم سیستەمە لەڕیشەوە بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگایەکی بەرابەرو یەکسان وپڕشکۆی مرۆڤایەتی. بەدەستکارییەوە:
بەدەستکارییەوە لەڕاپۆرتێکی هاوڕێیان: ئەحمەد موتڵەق، ئاراس رەشید