Dangikrekar.com
ئەرشیڤ

کۆمپانیاو حکومەت، کۆیلە ئاسا ژیانی ئێمەیان بەبارمتە گرتووە!

 کۆمپانیاو حکومەت، کۆیلە ئاسا ژیانی ئێمەیان بەبارمتە گرتووە!

کرێکارانی ژینگەپارێزی ڕانیە بۆ پێدانی موچەکانیان گردبونەوەیەکی نارەزایەتیان سازدا

 | دەنگی کرێکار :

 سەدو سی باخەوانی ژینگەپارێزی سنوری ١٥ شارەوانی ناوچەکە بەهۆی پێنەدانی سێ مانگ مووچەکانیان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامداو داوا لەحکومەت ئەکەن زەحمەت بکێشن ژیان و گوزەرانیان هێندەی تر هەڵنەوەشێننەوەو هێندەش بێباکانەو نالێپرسراوانە شانی خۆیان خاڵینەکەنەوە لەئاستی ژیان و گوزەرانیاندا.

ئەم کرێکارانە ڕۆژانە ٧ کاژێر کاری ناو باخچەو پارکەکان دەکەن، هەر هەفتەیەکیش ٧ ڕۆژ کاردەکەن، دارودرەخت ئەڕوێنن، ئاودێری دەکەن و پاکیان دەکەنەوە هەتا سیمایەکی ڕازاوە بدەن بەشارو شارۆچکەکان.

کرێکارێک کەنەیوویست ناوی بووترێت، دەڵێت: حکومەت و کۆمپانیاکان شەریکن، درۆمان لەگەڵدا دەکەن، ئەوان هەرساڵەو چەند مانگێک قومار لەسەر ژیانی ئێمە دەکەن و بەپاساوی پووچ خۆیان ئەدزنەوە لەپێنەدانی مووچەکانمان.. هەمان سیناریۆی بەغداد لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەسەر ئێمەش دووبارە ئەکەنەوەو هەریەکەیان یەکتری تاوانبار ئەکەن کەخەتای ئەملا یان ئەولایە.. هەرکاتێکیش بەکۆمپانیاو ئیدارەکەی ئەڵێین کاکە ئەیهاوار مووچەکانمان بدەنێ، ئەڵێن ئاخر حکومەت بودجەی سەرف نەکردووە بۆمان هەتا ئێمەش بتوانین مووچەکانتان بدەینێ! کەیەخەی ئەم حکومەتە درۆزنەش ئەگرین، ئەڵێن کاکە بۆ یەخەی ئێمە دەگرن، بڕۆن یەخەی کۆمپانیاکەتان بگرن وئەوان لێپرسراوون بەپێدانی مووچەکانتان.. بەمشێوەیە ئێمەی کرێکاران بووینەتە تۆپی بەرقاچی هەردوولایان و بەئارەزوی خۆیان یاریمان پێدەکەن.. ئێمە خەتای خۆمانە کەئاوامان لێدەکەن، ئێمە بەدەستی خۆمان و بەبێ هیچ هۆکارێک خۆمان پەرتەوازە ودوورەپەرێز لەیەکتری کردووەو لەشانسی ئەوان یەکگرتوونین بۆیە ئەوانیش بەمجۆرە باکیان بەژیان وگوزەران و بەکەرامەتی ئێمە نیە.

کرێکارێکی تریش دەڵێت: ئێمە تەنها سەرچاوەی بژێوییمان ئەو مووچە کەمەیەو هێشتاش ناماندەنێ، خاوەنی منداڵ و خێزانین، کرێچین و سەدان معانات و کوێرەوەرییمان هەیە، ئەمە تاوانکارییە بەحەقی ئێمە، ساڵ نیە ئەم بەزمە دروست نەکریت، ساڵ نیە بیەڵن بەو موچە کەمەشەوە ئیستراحەتێک بکەین و نەمانخەنە ناو سیاسەتی چاوەڕوانیەوە کەئێسقانمان ژان ئەکات.. ئەچین بۆلای هەر کەسێک ئەڵێن سەبرو ئارامیتان هەبێت، چەند ڕۆژی تر هەوڵئەدەین سەرفی بکەین، هەمووشی درۆو چەواشەکارییە.

لەدواییشدا کارمەندێکی شارەوانی ووتی: ئێمە لە ١/١١/٢٠٢٣ کەدەستمان بەئیش کردووە، بانک تەنها پارەی مانگی ١١/١٢/١ پێداووین. ئێمە هەتا مانگی ٨ مووچەی کرێکارانمانداوە. ئیتر  کۆمپانیا توانای نەماوە، کەسێک نیە بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێت..

 

Related posts

ڕاگەیاندنی دەنگی کریکار سەبارەت بەناڕەزایەتی خۆپێشاندانی مامۆستایان

Dangi Krekar

   چی دەزانیت لەسەر بێکاری؟

Dangi Krekar

Dear members of Nationwide Council of Protesting Teachers,

Dangi Krekar

Leave a Comment