”کار یان بیمەی بێکاری“،خواستی کرێکارانی کوردستانە
دەنگی کرێکار
کار لەجیهانی ئەمڕۆدا ڕێگایەکە بۆ پەیداکردنی پارە لەپێناوی درێژەدان بەژیان. ئەمە حوکمی داسەپاوی سیستمی ئابوری جیهانی ئەمرۆیەو هیچ کەسێك زەمانەتی مانەوەی نییە کاتێك بێکار دەبێت. پێداویستیەکانی ژیان گشتی بەپارە دەستئەکەوێت، بەشی هەرەزۆری دانیشتوانی گۆی زەوی بێجگە لەفرۆشتنی هێزی لەشیان بۆکارکردن هیچیتریان نییە.
کار شتێکە ئەوەندە پربایەخە دەبێت وێڵبیت بەدوایدا هەتا دەستتدەکەوێت، هیچ گرنگیش نییە ئەوکارە چەندە سەختبێت. کاتێك کەسێك کارێکی دەستئەکەوێت، زۆر بەخۆشحاڵیەوە قبوڵی دەکات و کارەکە دەکات. بیهێنە پێشچاو! کاتێک کەسێكی بێکار دوای گەڕانێکی زۆر بەدوای کاردا، کارێک پەیدا دەکات لەیەکێك لەدەزگا سەربازیەکانداو دەبێت چەكیش هەڵبگرێت و بچێتە بەرەی شەڕەوە، لەگەڵ ئەوەدا کەدەزانێت لەوانەیە بکوژرێت، بەڵام گوێ پێنادات و کارەکە وەردەگرێت.
خاوەن هێزیکار بۆیە سەخترین کاری قبوڵە، چونکە بەندە بەژیان و زیندوومانەوەی. بێکاری بژاردەی هیچ کەسێك نییە، بەڵام بەرهەم و سیفاتی سیستەمێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی وسیاسیە کە داسەپێنراوە بەسەر کۆمەڵگای بەشەریداو بەزەبری ئاسن وئاگر بەدرێژایی مێژوی کومەڵگەی بۆرژوازی درێژەی بەتەمەنیداوە. هەرچی بەروبووم و نیعمەتی سەر زەوی هەیە لەدەستی کەمینەیەکی مشەخۆردایەو بەدرێژای مێژوو خەڵك لەسایەیدا دەچەوسێتەوە.
بازاری کار لە لایەن ئەم کەمایەتیەوە بەڕێوەدەچێت و خاوەنانی کارو سەرمایەش بەقەدەر ئەوقازانجە هێزیکاریان دەوێت کە بازار پێویستی پێیەتی، هەرکاتێکیش بزانن کە ئەوهێزی کارەی خراوەتەگەڕو کاریان پێدەکەن قازانجی لێناکەن، دەریاندەکەن و دەیانخەوە ناو ڕیزی بێکارانەوە. ئەمە سیستەمێکە بێوچان بەدرێژایی هەزاران ساڵ بەرکارەو، کاتێکیش کە ناڕەزایەتی فراوانی خەڵک و بێکاران بەرۆکیان پێدەگرێ، هەزار بڕوبیانوو دەهێنەوەو دەیان هۆکار بۆبێکاری دەخەنەڕو.
لەکۆتایدا، بێکاری بەشێکی دانەبڕاوی سیستەمی سەرمامایەداری لەلایەن سەرمایەدارانەوە بەردەوام گورزێکی حازر بەدەستەو ژیانی دەیان هەزار کەس لەسەر لێواری مەرگ ڕادەگرێت. لەهەرگۆشەیەکی جیهاندا، کاتێك دەسەڵاتی بەشێک لەحکومەتداری بۆرژوازی لەسەردەستی بەشێکیتریان بەکۆتا دەگات لەڕێگای ئینقیلابەوە یان لەژێرفشاری جەماوەری ناڕازیدا، ڕاستەوخۆ بەشێکیترو بەشێوەیەکی تر لەژێر دورشمێکی تردا دێن و قسەی بریقوباق بۆخەڵک دەکەن و دوبارە دێنەوە سەردەسەڵات هەتا قاچیان قایم دەبێت هەندێک ڕیفۆرمی ئابوری و سیاسی دەکەن و جۆرێك دەستکاری دەستورو یاساو ڕێساکانی کارپێکراودەکەن و چەند برگەو مادەیەکی دەستورو یاسا نوێیەکە دەخەبەردەست، کاتێكیش کە پایەکانی دەسەڵاتیان مەحکەم دەبێت دەچنەوەسەر هەمان ڕێچکەی پێشو وە درێژە بەچەوساندنەوەو ڕێکخستی بازاڕیکار دەدەن هەتا هەرچی زیاتر کەڵەکەی سەرمایەکانیان بکەن .
لەعێراقی فیدراڵدا، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ هەتا ئەمرۆ، مێژوویەکی زۆر نییە سەرباری ئەوەی کەهێشتا دیارنییە ئەم کۆکتێلە لەئەحزابی بۆرژوازی شانسی مانەوەیان هەیە یان نا، کەچی لەماوەی ئەم چەند ساڵە لەدەسەڵاتدا، تەنها ئەومادەو برگە دەستوریانەیان خستۆتەکار کەڕێگە بۆکەڵەکەی سەرمایەکانیان دەکات.
لەدەستوری عێراقدا مادەی ٣٠ زۆر بەڕۆشنی باسی بێکاری کراوەو وتراوە کە دەوڵەتی عێراق پێویستە بیمەی بێکاری بەگشت ئامادەبووانی بەکار لەهەردوو ڕەگەزی نێرومێ بدات هەتا ئەوکاتەی کارێکیان دەستدەکەوێت، بەقەدەر ئەو لانیکەمی کرێیەی حکومەت کەبەفەرمی ڕایگەیاندووە بدات بەگشت بێکاران، بەڵام تائەم چرکەساتەش بێکاری نەخراوەتە ناو یاساو ڕێساکانی وڵات وهیچ باسێك لەبێکاران نیە، ئەمە لەکاتێدایە ساڵانە ڕێژەی بێکاری ڕوو لەزیاد بووندەکات و ئاماژەیەکی ترسناك نیشاندەدا. کەواتە دەسەڵات بەهیچ جۆرێك ئاوڕ لەکێشەی بێکاری نەداتەوەو ڕۆژ بەڕۆژ بێکاری دەبێتە مایەی سەرگەردانی. هیچ ڕێگا چارەیەکی تر نییە لەبەردەم بێکاران و خەڵکی ناڕازیدا تەنها هاتنە مەیدانی بێکاران و کرێکارانی لەسەرکارو جەماورەی ناڕازیە بۆخەبات لەدژی بێکاری و گشت خواستە رەواکانی خەڵک وناچارکردنی ئەم دەسەڵاتە بەچارەسەرکردنی کێشە بێکاری یان پێدانی بێمەی تەسەل بەبێکاران .