Dangikrekar.com
سەرنوسەر

کرێکاران تەنها بەخەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراوبوونی خۆیان دەتوانن، گۆڕانکاری لەئاستی کرێکانیاندا بکەن! 

کرێکاران تەنها بەخەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراوبوونی خۆیان دەتوانن، گۆڕانکاری لەئاستی کرێکانیاندا بکەن! 

بەپێی سەرژمێرییەکی دەستەی ئاماری سەر بەوەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم، ژمارەی پێوانەیی نرخی بەکاربەر لەمانگی ئایاری ٢٠٢٤دا، لەهەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ١٠٥.٩وبەڕێژەی ٠.٨٪ بەرز بووەتەوە بەبەراورد بەمانگی شوبات کەڕێژەکەی ١٠٥.١بووە. بەپێی ئەم ڕاگەیەنراوە، هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەرز بوونەوەی نرخەکان لەم بەشانەدا: شوێنی نیشتەجێبوون (کرێی خانوو، ئاو، کارەبا، غاز) بەڕێژەی ٨.٠٪، رۆشنبيرى بەڕێژه ى ١.٦٪، چێشتخانەكان بەڕێژەى ٥.٥٪ ، پەيوەنديەكان بەڕێژەی ٣،٥ ٪ ، ڕشته و خزمەتگوزارييه جۆراوجۆرەكان بەڕێژەى ٤.٤٪ ، پێداويستيەكانى ناوماڵ و چاككردنەوه بەڕێژەى ٩.٣٪ ، تەندروستى وجلوبەرگ و پێڵاو بەڕێژەى ٩.٢٪ خواردن وخواردنەوه نا كحوليەكان بەڕێژه ى ١.٢٪ .

ئەم ئامارە لەکاتێکدایە کەلانیکەمی کرێی، لەلایەن وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتیەوە، بۆ “کرێکاری ناکارامە”ی بە ٣٠٠ هەزار بۆ مانگێک دیاریکردووە، کە بەهیچ جۆرێك بەشی ژیانی کرێکارێك ناکات، بەتایبەتیش ئەگەر خێزاندار و کرێچیش بێت. بەپێی یاسا دیاریکردنی لانیکەمی کرێ، ئەرکی دەستبەجێی حکومەتەو ئەوئەرکەش سپێردراوە بەوەزارەتی کارو پێویستە لەسەری بەپێی بەرزبونەوەی نرخی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵك ماوەماوە حەقدەستیش زیاد بکرێت.

لەکوردستان ٣٣ ساڵە دەستنەبراوە بۆ چاکردنی حەقدەست تەنها یەكجار نەبێت، ئەویش بەهیچ جۆرێك ناچێتە ناو بەرژەوەندی موچەخۆرانی کەرتی تایبەتەوە، بەڵکو خاوەنکارەکان باشترین قازانجیان لێکردووە. کاتێك کرێکارەکانیان دەستەبەر دەکەن هەموو هەوڵی خۆیان ئەدەن بەپێی ئەو لانیکەمی کرێ فەرمیە دەستەبەریان بکەن کەوەزارەتی کار دیاریکردووە کە بڕەکەی لەنێوان ٢٨٠هەزار بۆ٣٠٠هەزار دینارەو بۆهەرسەعات کارێکیش ٢٥٠٠ دینارە .

هەر بەپێی ئەوئامارەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، بازاڕێکی شێواوو هەر ڕۆژەو نرخی شتومەك بەجۆرێکەو کرێ و هەقدەستیش نەك ناچێتە سەرەوە، بەڵکو خودی حکومەت خویان سەرپێچی یاسا دەکەن و موچە کەمدەکەنەوە وبازاڕیش ئازادە. ئەوەی ئێستا لانیکەمی کرێ دیاریدەکات تەنها خاوەنکارو کومپانیاکانی کەرتی تایبەتن، ئەمانیش لەڕوواڵەتدا دوور لەچاودێری حکومەت و دەخاڵەتیان لەدیاریکردن و ڕێکخستنی بازاڕی کاردا ڕۆڵی سەرەکیان هەیە وئیتر نەنوێنەرانی کرێکاران و نەنوێنەری یاسایی حکومەت تەرەف و لایەنێک نین لەدیاریکردنی کرێدا، بەڵکو ئەوە بازاڕو مونافەسەی سەرمایەو کۆمپانیاکانە کەیەکلایەنە بڕیارلەسەر ئاستی کرێ وڕێژەکەی دەدەن.

ئەوە ڕاستە کرێکار بەزیاتر لەو لانیکەمی کرێیەوە دەچنە سەرکار جگەلەو کرێکارانەی کە کاری خزمەتگوزاری گشتی ئەکەن وەك ژینگەپارێزەکان و ئەو کرێکارانەی کە بەگرێبەست کار بۆ وەزارەتی شارەوانیکان دەکەن، بەڵام بەشێکی زۆریش لەو کرێکارانەی کە لەکومپانیاکانی کەرتی تایبەتدا کاردەکەن، بێخەبەرن لەوەی کەخاوەن کومپانیاکان لەسەر بنەمای لانیکەمی کرێی بەفەرمی ڕاگەیەندراو دەستەبەریان بۆ دەکەن بۆ ئەوەی ڕێژەیەی کە دەبێت کومپانیا بیخاتە سەر ئەوبڕە پارەیەی کەکرێکارەکە دەیخاتە ناوسندوقی خانەنشینی کەم بێت و لەکوتایدا کرێکارەکە زەرمەند ئەبێت وبەکەمترین موچە خانەنشین دەکرێت..

پشتگوێخستنی حکومەت لەچاوخشاندنەوە بەدیاریکردنی لانیکەمی کرێ ئەگەر دەلیلەکەی هەرشتێك بێت، ئەوەمان پێدەڵێت کەوەزارەت و دامەزراوە حکومیەکان سەرلەبەری دەسەڵاتیان داماڵێنراوەو ئەوەشی کەهەیە تەنها ڕووکەشەو هیچ ڕۆڵێکی نییە وبازار بەشێوەیەك دەجوڵێت و بەجۆرێكیش ڕێکخراوە کەلەقازانجی سەرمایەداران و خاوەنکارەکان بێت و لەدژی ژیان و بژێوی کرێکارن بڕواتە پێشەوە.

درێژەکێشانی ئەم دۆخە بەزۆر فاکتۆرەوە بەندە، سەرەکی ترینیان، فاکتۆری چینی کرێکارو خەباتەکەیەتی. کرێکاران ئەگەر بەهێزی یەکگرتوو ڕێکخراوی خۆیان نەیەنە مەیدانەوەو بزوتنەوەیەک بۆ داخوازی زیادکردنی کرێ بەڕووی حکومەت وخاوەنکارەکاندا نەهێننە مەیدانەوە، ئەگەر کرێکاران خۆیان دەستنەخەنە نێو دەستی یەکترو لەدەوری خواستی دیاریکردنی لانیکەمی کرێ بەپێی پێداویستیەکانی ژیانی خیزانێکی ٥ کەسی کۆنەبنەوە، ئەوا نەحکومەت وە نەخاوەنکارەکان لەخۆیانەوە فلسێک بۆ سەر کرێی کرێکاران زیاد ناکەن. هەروەک مێژووی خەباتی کرێکاری سەلماندویەتی، کرێکاران تەنها بەخەباتی خۆیان دەتوان گۆڕانکاری لەئاستی کرێدا بکەن وهەر لێرەشەوە دەتوانن بەیاسا جێگیری بکەن..

Related posts

 سەلامەتی کارو بیرەوەریەک لەپەیوەند بە ڕۆژی قوربانیانی شوێنی کارەوە!

Dangi Krekar

ئەنجومەنی نیشتیمانی بۆ ئاشتی ودیموکراسی لە ژاپۆن پشتگیری لە داواکاریەکانی مامۆستایان دەکەن

Dangi Krekar

گفتوگۆی دەنگی کرێکار لەگەڵ یەکێك لە کرێکارانی کوپنیای نەوتی باکور(شرکة نفط الشمال)

admin

Leave a Comment