Dangikrekar.com
سەرنوسەر

سەروتارژمارە ٥٩ی دە نگی کرێکار باشکردنی دۆخی کارو ژیانی کرێکاران، ڕیزی ڕێکخراوو یەکگرتووی پێویستە!

باشکردنی دۆخی کارو ژیانی کرێکاران، ڕیزی ڕێکخراوو یەکگرتووی پێویستە!

بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری لەکوردستان، لەپاڵ گرانی ودەیان کێشەی تر، گەنجان وهاوڵاتیانی ئامادە بەکاری ناچار کردووە بۆ پەیدا کردنی کار پەنا بەرنە بەر واستەو ئەوانەش کارێکیان دەست کەوتووە یان دەبێ لەئاست زوڵموزۆرێك کەکۆمپانیا وخاوەنکارەکان، لێیان دەکات بێدەنگی هەڵبژێرن یان  ڕووبەڕوی لەدەستدانی کارەکەیان ببنەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کەلە کوردستان وەزارەتێك هەیە تایبەت بەکاروباری کۆمەڵایەتی و ئەرکیەتی کە بازاڕی کار ڕێکبخات وئەوانەی کە بێکارن و دەیانەوێت کارێکیان دەستبکەوێت لەڕێگای نوسینگەکانی بەکارخستنەوە بخرێنە سەرکار، بەڵام لەجیاتی نوسینگەی بەکارخستنەوە، ئەوانەی بێکارن  بەخێرخوازی و دیوەخان وخزمایەتی و واسیتەی حیزبیەوە کرێکار دەخەنە سەرکارو بەم حاڵەشەوە هێشتا کرێکارەکان کە لەم ڕێگایەوە کارێکیان دەستدەکەوێت کۆڵێک سوپاسی ئەو کەسایەتیانە دەکەن کە کاری بۆ پەیداکردوون، لەولاشەوە بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بەوەزارەت ئیدعای ئەوە دەکەن کە خەڵك دەتوانێت لەلای ئەوان خۆی ناونوس بکات و بەپێی ئیختیساس کاری بۆ دەدۆزنەوە!. ئەم وەزعە ئەوەمان پێدەڵێ کە سیستەمی ڕێکخستنی بازاڕی کار بەجۆرێکە کەحکومەت خۆی ڕێگەی خۆشکردووە بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و خاوەنکارەکان و حیزبەکان و ئەوانەش کە واخۆیان نیشاندەدن خێرخوازن، سوودمەند بن لەم دۆخەو کرێکاران ناچاربکەن بەبێ وەرگرتنی هیچ مافێک، تەنانەت ئەوەش کە بەنیوە ناچڵ لەیاسایکاردا دانی پێدانراوە،  کاربکەن. واتە قبوڵکردنی کارێکی بێمەرج کە لەکۆتایدا ئەم دۆخەی ئێستای لێبەهەرم هاتووە. کاری موەقەت وبێگرێبەست، نەبونی هیچ جۆرە زەمانەتێك بۆ بەردەوامی کار، نەبونی بەرزبونەوەی پلەی کار، ڕاهێنان، زیادبونی کرێ لەساڵدا، نەبونی ئازادی ڕێکخراوبون و دەیان بێمافی تر، هەموو ئەمانە بازارێکی بێسەروبەر، کەدەستی کۆمپانیاکانی ئاوەڵاکردوە بەئارەزوی خۆیان کرێکاران بڕەتێنن. بێگومان لەدرێژەی ئەم دۆخەدا، هەتادێت هەلومەرجی کاروژیانی کرێکاران سەختر دەبێت وکرێکاران بێئیرادە دەبن و تەوەقوعیان دێتەخوارەوە. بەڵام ئەگەر ئەمە لایەنێکی ئەم دۆخە بێت، لاکەیتری پەرشوبڵاوی وناڕیکخراوبوونی ڕیزەکانی کرێکاران خۆیانن. کەواتە کرێکاران بەرلەهەرشتێک دەبێ یەکگرتوبن وڕیزەکانی خۆیان ڕێکخراوبکەن. بەواتایەکی تر گۆڕینی ئەم هەلومەرجە لەگرەوی هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوام و دەخاڵەتی دەسبەجێی ڕابەران وکرێکارانی پێشڕەودایە، لە هەر کارخانەو ناوەندێکی کارو لەناو بێکاراندا، کرێکاران لەڕێکخراوە کرێکاریەکاندا، لەدەستەو کۆڕو کۆمەڵی کرێکاریدا، لەیەکیەتیە کرێکاریەکان و شوراو کۆمیتەو لێژنەکانی مانگرتندا، یەکگرتووبکەن. لەمڕۆدا کرێکارانی کوردستان  پێویستیان بەڕێکخراوێکی خەباتکارانەیە کەهەموو کریکاران لەدوری داخوازیەکان یەکگرتووبکەن وبەئاسۆیەکی ڕۆشنی خەباتکارانەوە بۆ باشکردنی دۆخی کارو ژیانیان، هەروەها مەسئولیەتی ڕابەرایەتی چینی کرێکار بگرنە ئەستۆ چیتر ڕێگانەدەن کرێکاران لەچاوەڕوانی دەستی خێرخوازان و واسیتەی حیزبەکان ودیوەخانی سەرۆک عەشرەتەکاندا بمێننەوە. بەدەستهێنانی کارودۆخێکی شایستە، مافێکی بێئەملاولای کرێکاران و هەر هاوڵاتیەکی ئامادەبەکارە.

Related posts

بەپێچەوانەی یاساوە، کۆمپانیایەکی خاشاک، سزای کرێکاران دەدات!

Dangi Krekar

کرێکارێک لەناو بیردا لە کەلار گیانی لەدەستدا 

Dangi Krekar

 یەکێتی خانەنشینانی کوردستان، سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم و عێراق تۆماردەکات!

Dangi Krekar

Leave a Comment