Dangikrekar.com
گفتوگۆ

بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەمانگی ڕەمەزاندا کرێکاران دەدوێنێ!

بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەمانگی ڕەمەزاندا کرێکاران دەدوێنێ!

دەنگی کرێکار لەگەڵ چەند کرێکارێک لەکارگەو ناوەندەکانی کاردا گفتوگۆیەکی سازکرد سەبارت بەکارکردن لەمانگی ڕەمەزاندا بەمەبەستی زانیاری لەسەر کەمکردنەوەی سەعاتەکانی کارکردن وموچەوحەقدەستی کرێکاران بەتایبەتی ئەوکرێکارانەی کە لەڕەمەزاندا بەڕۆژوو ئەبن و بەسکی بەتاڵەوە کاردەکەن.

دەنگی کرێکار: ئێستا ئێوە بەهۆی ڕەمەزانەوە کەزۆرینەتان بەڕۆژوو ئەبن، ئایا سەعاتکار کەمکراوەتەوە بۆتان یان هەروەک جارانە؟

کرێکاری یەکەم: لەم ڕەمەزانەدا نیوسەعات کارکردن کەمکراوەتەوە، بەڵام ئیسراحەتی نیوەڕوانیان خستۆتەبری ئەو نیوسەعاتە، ئەمە سەرباری ئەوەش کەژەمێك خواردن بۆکارخانە دەگرێتەوە.

کرێکاری دووەم ووتی:  ئێمە شێوەی کارەکەمان گۆڕاوە، پێشتر، واتە پێش ڕەمەزان، کرێکار شەش سەعات زیاتر ئیشمان ئەکرد، ئێستا پێنج سەعات ئیش ئەکەین، بەڵام ئیتر ژەمەخواردنەکانی نێوەڕۆ کەس نایخوات و بەم هۆیەوە قازانجێکە دەمێنێتەوەبۆ کارگەکە.

کرێکاری سێیەم: کۆمپانیا نانی بەیانیانی ئەو كەسانە ئامادە دەکات کەبەڕۆژوو نین، جاران پێش ڕەمەزان زۆرترین کرێکارو کارمەندو میوان کەبە نزیکەیی دەگاتە٧٠٠ نەفەر، نان دەخورا، ئێستا بەهۆی ڕەمەزانەوە ئەو مەسرەفەیان لەکۆڵ بووەتەوە کەمانگانە زیاترە لەچەندین ملێۆن دینار، هەروا ئاسان بۆ کارگە وەکو قازانج دەگەڕێتەوە..

بەپێی لێکدانەوەکانی دەنگی کرێکار هیچ کومپانیایەک نیە لەم مانگەدا زیانی بەربکەوێت، بەڵکو قازانجیش دەکات، لەهەندێک کارگەدا سەعاتی کارکردنیان زیاد کردووە بەتایبەت ئەو کارگانەی کە مەوادی خۆراکی بەرهەم ئەهێنن لەڕێگای زیادکردنی خێرایی مەکینەکانەوە، وەلەڕێگای بردنەوەیان بۆ سەرکار لەڕۆژانی هەینیدا بەپێدانی برێك پارە.

ئەگەر قازانجی ژەمی نیوەڕوانی کارگەیەکی ٧٠٠ نەفەری وەربگرین کەچەندە خاوەن کۆمپانیا قازانج دەکات لەسەر حسابی بەڕۆژو بوونی کرێکاران، ئەوا دەرەنجامێک بەمجۆرە ئەدەین بەدەستەوە:

با وایدابنێین ژەمێکی نیوەڕوان بەهاکەی ٢ هەزارو ٥ سەد دینارە، بەم پێیە خواردنی ٧٠٠ کەس دەکاتە یەک ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینار تەنها بۆ ژەمی نیوەڕوان، بۆ هەر ٣٠ ڕۆژەکەی ڕەمەزان دەکاتە ٥٢ ملیۆن و ٥ سەد هەزار دینار. بەم شێوەیە کۆمپانیا قازانج دەگێڕێتەوە بۆ قاسەکەی.. بەڵام کۆمپانیا دێت و پارەی چەواشەکارییانە گوایە یەک سەعات، یان نیو سەعات کارکردن کەم دەکاتەوەو وەک مننەتێک ئەیداتەوە بەنێوچەوانی کرێکاردا! لەکاتێکدا ئەو سەعات و نیو سەعاتە خراوەتەوە سەر کاتی کارکردن لەجیاتی کاتی نانخواردنەکە. هەر بۆیە سەرمایەدارو کۆمپانیاو خاوەنکار ئامادەنین یەک سەنتیش بەخۆڕایی بدەن بەکرێکاران ئەگەر لەفشارەکانی ئەوانەوە دووربن.  مانگی ڕەمەزان بۆ ئەوان سەرچاوەی داهات و قازانجێکە کەهێشتا کرێکاران دەرکیان بەوە نەکردووەو هەتا ڕادەیەک ڕۆتین وەریانگرتووە، هەربۆیە دەبێت کرێکاران خواستی ساڵانەی لانیکەمی ٧٥ هەزاری مانگی ڕەمەزانیش بخەنە ئەستۆی کۆمپانیاو خاوەنکارو لەڕێگای فشارەکانیانەوە فەرزی بکەن بەسەریانندا.

Related posts

ڕوداو شوێنی کار

Dangi Krekar

کرێکارانی کوردستان، ساڵێکی سەختیان لەسایەی حکومەتی هەرێم و مامەڵەی زاڵمانەی خاوەنکار و کۆمپانیاکاندا بەڕێکرد!

Dangi Krekar

لەناوچەی پیشەسازی ڕانیە بەهۆی تەقینی بتڵی کاربۆن پیشەوەرێ گیانی لە دەستدا

Dangi Krekar

Leave a Comment