ئایا ڕاستە خاوەنکارەکان یەک سەعات کەمتر کار بەکرێکاران دەکەن بەخاتری بەڕۆژوو بوون؟!
ئەبێت کرێکاران یەک حەقیقەتی شاراوە هەیە کەبیزانن! ئەویش ئەوەیە کە خاوەنکار لەهەر ناوەندێک و شوێنی کاردا، لەهەر کارگەو کۆمپانیایەکدا هەمیشە بەدوای قازانجی زیاترەوەن، بۆئەم مەبەستەش هەوڵی جددی ئەدەن کە زیاترو زیاتر کار بەکرێکاران بکەن و ئەگەر بۆشیان بکرێت بۆهەر کرێکارێک چاودێرێک دائەنێن کەهەمیشە بەسەر سەریانەوە نەهێڵن یەک ساتیش بوەستن لەکارکردن. بابزانین ڕاستە سەعاتێک کارکردن بەخشراوە لەلایەن کارگەیەکەوە بۆکرێکار بەهۆی ڕۆژووەوە؟
مانگی ڕەمەزان و بەڕۆژووبوونی کرێکار سەرچاوەی داهاتێکی ترە بۆ کارگەو کۆمپانیاو خاوەنکار، چونکە هەر ئەو سەعاتەی کەتەرخانکراوە بۆحەوانەوەو نانخواردنی نیوەڕوانی کرێکاران، مەسرەف و تێچووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوان. گریمان ئەگەر کارگەیەک ٧٥٠ کرێکارو کارمەندی هەبێت و ژەمێکی نیوەڕوانیش بەهاکەی تەنها ٢ هەزار دینار بێت، ئەوا ڕۆژانە کارگە یەک ملیۆن و نیو دیناری بۆدەگەڕێتەوە تەنها لەتێچووی خواردندا. بەم پێیە ٣٠ ڕۆژ مانگی ڕەمەزان ٤٥ ملیۆن دینار قازانج ئەکات بەبێ ئەوەی کرێکار سودمەند بێت لەم قازانجە.
لەڕۆژانی عاددیدا کرێکار لەسەعات ٨ سەرلەبەیانیەوە لەسەر کارە هەتا سەعات ٤ و یەک سەعاتیش کاتی حەوانەوەو نانخوارنەکەیانە، کەواتە ٧ سەعاتی تەواو لەناوکارکرندان. ئێستا بەهۆی ڕەمەزانەوە گوایە خاتری کرێکاران گیراوەو یەک سەعات کەمکراوەتەوە! یەعنی لەسەعات ٨ بەیانیەوە بۆ سەعات ٣ دوانیوەڕۆ، بەڵام ئەو سەعاتەی کەتەرخان کراوە بۆحەوانەوەو نانخواردن، ئێستا کرێکار کار دەکات کەهەمان ٧ سەعاتەکەی ڕۆژانی عاددیەو کارگەو کۆمپانیا دێت و بەمننەتێکەوە ئەیداتەوە بەنێوچەوانی کرێکاردا.