ڕاگەیاندنی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار سەبارەت بە داڕمانی سەقفی باڵەخانەیەك لەسلێمانی و ژێرکەوتنی ٥ کرێکار!!
دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوار شەممە، ٨ نۆڤەمبەری ٢٠٢٣،
لەناوچەی ژاڵەی سەرو بەرامبەر شاری مامۆستایان لەپرۆژەی دروستکردنی بینایەکدا لەشاری سلێمانی، لەکاتی تێکردنی چیمەنتۆی سەقفی قاتی دووەم بەهۆی کەم تەرخەمیەوە ڕوخاو بووە هۆی بریندار بونی (٥) کرێکار،
دواتر بریندارەکان دەگەیەنرێنە نەخۆشخانەی شۆڕش.
ئێمە لەدەنگی کرێکارەوە ئەم ڕوداوە وەك سەرتاپای ڕوداوەکانی تری شوێنی کار بەیەكێک لەو ڕووداوانە دانەنێن کەلەئەنجامی کەمتەرخەمی حکومەت وخاوەنکار وکۆمپانیاکانەوە ڕووئەدەن و ئەنجامەکەشی تەنها قوربانی گیانی کرێکارانە. سیستەمی کار لەکوردستاندا بەوجۆرەی کەکاری پەیمانکاری و کاتی وقۆنەتەراتیە،
یاسای کارێک کەهەلومەرجێکی سەختی بەسەرکرێکاراندا سەپاندووەو لەولاشەوە ئازادی تەواوی داوە بەخاوەنکارو کۆمپانیاکان هەتا بەبێ ڕاهێنان و ڕەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی کار کرێکاران بۆ زیاتر لە٨ کاتژمێر کاریان پێ بکرێت، ئەوا بەدڵنیایەوە مەیدانی کار بۆ کرێکاران دەبێت بەو گوشتارگایەی کەڕۆژانە چەندین ڕووداوی دڵتەزێن لەشوێنی کاردا بۆ کرێکاران بێتە پێشەوەو ژمارەیەک بکاتە قوربانی. ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەحکومەت و نەوەزارەتی کاریش کەمترین چاودێرییان بەسەر پڕۆژەکاندا نییەو هیچ لێپرسینەوەیەکیش لەخاوەنکارەکان ناکەن و سنورێک دانانێن هەتا ڕێگا لەم کوشتارو ڕووەداوانەی شوینی کار بگرێت، هەربۆیە بەرپرسیاریەتی گیانی وسەلامەتی کرێکاران ڕاستەوخۆ لەئەستۆی حکومەت و خاوەن کارەکاندایە.
ئەوەی کەخاوەنکار دەیەوێت تەنها کۆکردنەوەی قازانجەو حکومەتیش بەپاساوی جۆراوجۆر هیچ لێپرسراوێتیەک لەخۆی نیشان نادات.. چەندین جار ئەم ڕوداوانە دەخەنە خانەی قەزاو قەدەرەوەو بەم شێوەیە خۆیان لەم تراژیدیانە ئەدزنەوە.
ئێمە وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆمان بەرامبەر بەوەزارەتی کارو دام ودەزگاکانی حکومەت لەبەرامبەر ئەم نالێپرسراوێتیەیاندا دەرحەق بەژیانی کرێکاران..حکومەت وخاوەنکار بەرپرس دەکەین لەڕووداوەکەو دەبێت قەرەبووی کرێکارەکان بکرێتەوەو ژیانیان دابین بکرێت.
ئێمە لەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە هاوسۆزی وهاوخەمی خۆمان لەگەڵ کرێکارانی بەرکەوتووی ڕوداوەکەو کەس وکاریان دەردەبڕین ولەخەمی ئەوانداین بۆ پێشکەش کردنی هەرهاوکارییەک لەدەستمان بێت.. هیوای چاک بونەوەو سەلامەتییان دەخوازین.
بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ٢٠٢٣/١١/٨