Dangikrekar.com
ڕاگەیاندن

نەدان و لێگرتنەوەی موچەی مانگانەی کرێکاران، لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، زوڵمێکی قبوڵ نەکراوە و حکومەت و وەزارەتی کار لەم زوڵمە بەرپرسیارە!

بەشێکی زۆری کومپانیاکان موچەی کرێکاران دوادەخەن وبەبێ هیچ یاسایەک لەموچە دەبڕن، ئەمەش بەبیانوی ئەوەی حکومەت سلفەکانیان دوادەخەن. حکومەتیش لە زۆر شوێن نەک هەر موچەی دواخستووە، بەڵکو بەناوی پاشەکەوتو نەبونی پارەو زۆر شتەوە موچەی دواخستووە وبەم جۆرە هەردولایان زوڵمێکی ئاشکرا لەکرێکاران دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کەکرێکاران لەم دۆخە بەرپرسنین وموچە دەبێ لەکاتی خۆیدا بدرێت. ئەمە مافێکی یاساییە و خاوەنکار پێویستە هەمو٣٠رۆژ جارێک بەپێی گرێبەستێک کەلەگەڵ کرێکاراندا بەستویەتی کرێی مانگانەی کرێکاران بداو وحکومەتیش لەسەریەتی بەپێی ئەو یاسایەی کەپەسەندی کردوە، مامەڵەبکات وپێشێلی نەکات.
دابین کردنی موچەی مانگانە وژینگەیەکی سەلامەتی شوێنی کار و هەموو ئەو مافانەی کەلەیاسادا حکومەت بڕیاری لێداوە ئەرکی سەرشانی دەسەڵاتداران وخاوەنکارە، بەڵام ئەوە حکومەت خۆیەتی کەمافی کرێکاران پێشێڵ دەکا بەبیانووی ئەوەی کەگوایە بەشی دارایی فڵانە وەزارەت یەشتا موافەقەتی لەسەر نەکردووە. بۆ نمونە ئەو کرێکارانەی کەلەنەخۆشخانەکان کاری پاککەرەوە دەکەن، یان ئەو کرێکارانەی بۆ شارەوانیەکان بەگرێبەست کاردەکەن، هاوت گشت ئەو کرێکارانەی دەستەبەر نەکراون وموچەکەشیان کەمترە لەو لانی کەمەش کە وەزارەتی کار ڕاگەیاندووە کەبڕەکەی ٣٥٠هەزار دینارە، کەچی نەک هەرموچەی مانگانەی کرێکاران نادرێ، بەڵکو ئەوەشی کەدەیدەن بەڕێژەی پەنجا هەزارو وسەدهەزارو بگرە زیاتریش دەدرێ بەکرێکاران. بۆیە دەتوانین بڵێن حکومەت بەشێک لەوەزارەتەکانیان، بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەی کرێکاری گرێبەست بەکار دەخەن ڕاستەوخۆ خەرقی گشت یاساو رێساکانیان کردووە کە بۆخۆیان پەسەندیان کردووە. بەمجۆرە کرێکارێک٣ مانگ یان ٦مانگ پارەی موچەی پێنادرێ و کە داوای مافی خۆشی بکا، دەیخەنە نێو کۆمەڵێک ڕۆتیناتی ئیداری و چاوەڕوانی سلفەی ئەو کومپانیانەی کاریان پێدەدەن. ئیتر ئەبێ بەمە بڵێین چی!، ئایە ئەمە چ جۆرە سیستەمێکە!.
کرێکاران لەکوردستان هێندە ژیانیان ناهەموار وسەختە ولەگەڵ سیستەمێک بەرەوڕون کەئەگەر هانا بۆ یاساو وەزارەتی کاریش بەرن، ئەوا لەڕۆتینایتی یاسایی و بەڕێوەبەرایەتیەکاندا دەیان خنکێنن و ناتوانن بە ئاسانی سنورەکانی ئەو سیستەمەی کە حکومەت و کۆمپانیاکان دایان سەپاندوە ببڕن. بۆیە کرێکاران نابێ بەدیار حکومەت ودامو دەزاگاکانیەوە دابنیشن. بەڵکو دەبێ بەخەباتی خۆیان ویەکگرتوکردنی ڕیزەکانیان و کۆبوونەوە لەدەوری خواستەکانیان بیرێک لەباشکردنی هەلومەرجی کاریان بکەنەوەو لەوانەش بەهێزی خۆیان خواستی دانی موچە بەبێ لێبڕین ولەکاتی خۆیدا داسەپێنن.
نمونەی زیندو هەیە لەکۆردستان کە کرێکاران بەهێزی خۆیان توانیویانە خۆستەکانیان بەدەست بهێنن. لایەنیکی ئەوەی کەدۆخی ئێستا بەم حاڵەتە گەیشتووە، پەرشوبڵاوی ڕیزەکانی کرێکاران وڕیکخراو نەبوونی ڕیزەکانیانە. ئەمە وایکردوە کە خاوەنکارو کۆمپانیاکان وتەنانەت حکومەت ووەزارەتی کارەکەی بتوانن نەک هەر زوڵم و زۆر بەسەر کرێکاراندا داسەپێنن، بەلکو یاساکانی خۆشیان پێشێل بکەن وگوێی پێنەدەن.
کرێکارانی کوردستان لەمڕۆدا بۆئەوەی هێزو توانای خۆیان ببەنە سەرەوە وبتوانن نەک هەر بەخواستەکانیان بگەن، بەڵکو بۆ ئەوەی بتوانن سنورێک بۆ ئەم دۆخە دابنێن و ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لەدۆخی کارو ژیانیاندا پێک بهێنن دەبێ دەست بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە گشتیەکانی خۆیان و هەڵبژاردنی نوێنەرانیان لەهەر ناوەندێکی کاردا بەرن، ئەمە سادەترین وکارسازترین جۆری ڕێکخراوبوونی کرێکارنە. لەمبارەوە ئەگەر کرێکارانی کارخانەی گرین عیراق لەبەرچاوبگرین، کاتێك بەشی ئینتاج مانگرتنی ڕاگەیاند، خۆبەخۆ دەستیان برد بۆ کۆبوونەوەی گشتی ونوێنەریشیان دیاریکرد وبەهۆیەوە هەم یەکڕیزی کڕیکارانیان بەدەستهێناو هەم لائیحەی داخوازیەکانیشیان بەڕای کرێکاران گەیاندو گەڵاڵەیان کردەوە. بەڵام ئەوەی لەم هەنگاوەدا خاڵی لاوازە ئەوەیە کەکۆبوونەوەی گشتی کرێکاران تەنها بۆ دەستبردن بوو بۆ مانگرتن، دوای ئەوە هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی کرێکاران درێژەیان نەدا بەم سوننەتە وهەر کرێکارە گەڕایەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی. لەکاتێکدا پێویستبوو کۆبوونەوەی گشتی کرێکاران بەردەوام بوایەو هەلسەنگاندنی بۆ مانگرتنەکە بکردایەو بەشێوەیەکی مونەزەم و بەردەوام ئەم شێوازە لەڕیکخراوبوونی کرێکاری جێ بخرایە. کەوایە ئەگەر کرێکاران کێشەی نەدانو لێبڕینی موچەیان هەیە، ئەگەر کێشەی خانەنشینی وسەختی هەلومەرجی کاریان هەیە، ئەگەر کێشەی نەدانی پاداشتی ساڵانەیان هەیە.. ئەوا دەبێ بۆ ڕووبەروبونەوەی دۆخی داسەپاوی سەرسەریان وسنوردانان بۆ ئەو زوڵمەی لێیان دەکرێ، کۆبوونەوە گشتیەکانیان پایەدارو بەردەوام بکەن ولەڕێگایەوە بڕیار لەسەر ڕێگاچارەی خۆیان بدەن.

Related posts

ڕاوەستانی دەستبەجێی جەنگی ئیسرائیل لەدژی غەززە، خواستی ئێمەی کرێکارانی کوردستانە!

Dangi Krekar

ئاگاداری /بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار پانێڵێک لەژێر ناونیشانی (بەرەو ژیانێکی باشتر بۆ کرێکاران)

Dangi Krekar

ژینگەپارێزانی دەڤەری پشدەرو ڕانیە دەستیان دایەوە مانگرتن لەپێناوی وەرگرتنی مووچەکانیاندا

Dangi Krekar

Leave a Comment