حکومەت بەرپرسیاری یەکەم و ئاخری گرانی بازاڕ و کەمی موچە و نەمانی خزمەتگوزاریەکانە!
کاتێک نرخی کاڵاو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بەردەوام بەرز ئەبنەوە، ئەگەر حەقدەستی کرێکار بەهەمان ڕێژە زیاد نەکرێت، ئەوا بەهای ڕاستەقینەی داهاتی کرێکار کەم دەبێتەوەو توانای کڕینی دائەبەزێت. بۆیە یەکێک لەڕێگاکانی چارەسەر ئەوەیە دانانی لانیکەمی کرێیەکی گونجاوە لەگەڵ تێچووی ژیان و پێداویستییە بنەڕەتییەکان و پێداچوونەوەی بەردەوامیەتی بەتایبەتی لەکاتی هەڵکشانی بەرچاوی نرخەکاندا.
لە هەمانکاتدا، تەنها زیادکردنی حەقدەست بەس نییە، بەڵکو دەبێت هۆکارەکانی گرانی، وەک بەرزی کرێی خانوو، خواردن، گواستنەوە، وزەو خزمەتگوزارییەکان، بەسیاسەتی گشتی و چاودێری بازاڕ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
لەڕووی بەرپرسیارییەتەوە، حکومەت بەرپرسیاری سەرەکی ئەوەڵو ئاخرە بەرامبەر بەدۆخی گرانی بازاڕ ونەمانی خزمەتگوزرایەکان، هەروەها ئەرکی حکومەتە لە دانان وپەیڕەویکردن لە سیاسەتی حەقدەستو چاودێری بازاڕو پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان. هاوکات کرێکارانیش ئەبێت لەگفتوگۆی دیاریکردنی حەقدەست و مەرجەکانی کاردا بەشداریی کاریگەرییان هەبێت.
بەکورتی، حەقدەست ئەبێت بەپێوەری تێچووی ژیان و توانای کڕین بپێورێت، نەک تەنها بەژمارەی پارەیەک کە لەکۆتایی مانگدا بە کرێکار ئەدرێت.
بەڵام گرانی لە هەرێمی کوردستان بەڕادەیەك بەرەوسەرچووە کەتەنگی بەسەدان هەزار کریکارو زەحمەتکێشی کوردستان هەڵچنیوە. ئێستا کەم کرێکارو فەرمانبەر هەیە بەناچاری دووکار نەکات تەنها لەپێناوی دەستەبەرکردنی قوتی ڕۆژانەی خێزانەکەی. جیاوازی نێوان ئاستی داهاتی خێزانە کرێکاری و توێژە کەمدەرامەتەکان بە بەراورد بە داهات و سامانی خاوەنکارو دەسەڵاتداران لەگەڵ خەرجییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هەتادێت قوڵتر دەبێتەوە.
گرانبوونی بەردەوامی کاڵاو پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، کەمبوونەوەی توانای کڕین، نەبوونی کارو داهاتی جێگیرو خۆدزینەوەی دەسەڵات لە هەر جۆرە بەرپرسیارێتیەك بەرامبەر بەژیانی خەڵك و پوکاندنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ژیانی بەشێکی زۆری خەڵکی بەرەو هەژاری و برسێتی و کارەسات بردوە. ئەم دۆخە، لەگرانی و دابەزینی ئاستی ژیان، پێویستی بەوەڵامێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی فراوان هەیەو ئەبێ لەڕیشەوە چارەسەربکرێت.
دەرکێشانی کرێکاران لەژێر ئەم بارە قورسە ئەوە دەخوازیت کەهەموو هەڵسوڕاوانی کرێکاریی وجەماوەری بەشمەینەت لەدژی گرانی ودۆخی ناهەمواری بژێوی داسەپاو بەسەر کۆمەلگادا، یەکگرتوانە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان بخەنەگەڕ و لەدەوری خواستی هەڵوەشاندنەوەی باج وخەرجییە سەپێنراوەکان و هەموو ئەو سەرانە لێگرتنەوانەی کەلە موچەو داهاتی هاوڵاتیان، بە ناوی یاساوە بەسەر هاوڵاتیانی کەم دەرامەتدا سەپێنراوە، هەڵبوەشێنرێنەوە و باجی ڕولەسەرو بەردەوام، لەسەر داهات وقازانجی بێسنوری کۆمپانیا و خاوەنکار و سەرمایەداران دابنرێ و ئەمەش تەرخان بکرێت بۆ دابێنکردنی بیمەو خزمەتگوزاریە گشتییەکان، هاوکات رێژەکەشی ساڵانە زیاتر بکرێت، بەڵام کاتێك حکومەتێک کەهیچ خزمەتگوزاریەکی گشتی دابین ناکات و هیچ بەرپرسیارێتیەکی ژیانی خەڵکی بەشمەینەتو کرێکار ناگرێتە ئەستۆ، مافی ئەوەی نیە باج و سەرانەشیان لێوەربگرێت.
بەکورتیەکەی یەك بزوتنەوەیەکی فراوان و یەکگرتووی کرێکارانو خەڵکی کەمدەرامەت، بێکاران، ژنان، خوێندکاران و هەموو ئەو توێژانەی کە لەگرانی و هەژاری زیان دەبینن، دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە.
