فەزاحەت و جیاکاری لە کارگەی چیمەنتۆی دەلتادا
کاتێک دیارییەکان دابەشدەکرێن و کەرامەتی کرێکار پێشێل دەکرێت
ڕاپۆرتی بەدواداچوونی مەیدانی
ڕۆژی ١٤/٩/٢٠٢٦، بابەتێکی ئازاربەخش لەڕێگای هەژمارێکی”فەیس بوک”ی فەیکەوە بڵاوکرایەوە لەلایەن کرێکارێکی کارگەی چیمەنتۆی دەلتاوە کەخاوەندارتییەکەی بەناوی (سەعدی کۆڵەک). کرێکارەکە لەبەر ترسی ئەوەی لەکارەکەی دەرنەکرێت، هاتووە لەڕێگای ئەو هەژمارە ساختەوە کێشەکەی بڵاوکردووەتەوە..
هەواڵەکە لەسەرلەبەیانییەکی زودا گەیشتە دەست ڕۆژنامەی دەنگی کرێکارو ئەویش ڕاستەوخۆ لەڕێگای سەرچاوەو بەدواداچوونی خۆیەوە، تەواوی وردەکارییەکانی ئەم فەزاحەتە کارگێڕییەی پشتڕاست کردەوە. بڵاوکردنەوەی ئەم هاوارو دەنگە لەڕێگای کرێکارەکە خۆیەوەو کاتێک کارگەی ناوبراو پێیدەزانێت، لەڕێگای بڵاوکردنەوەی کێشەکە لەلایەن گروپی فشاری بەردەقارەمانەوە، لقی بازیانی سەندیکای سلێمانیش ناچار دەکات کەبەدواداچوون بکات.
چیرۆکەکە لەوێوە دەست پێدەکات کەکارگەی چیمەنتۆی دەلتا بڕیار دەدات دیارییەک بۆ کارمەندو کرێکارەکانی بنێرێت کەپێکهاتووە لە(قەڵەم، پاوەر بانک، تیشێرت، کلاو، کەلەی شەحن و ڕەبتەکەی، و مەدالیا). بەڵام لەکاتی دابەشکردنیدا، جیاکارییەکی ڕووت دەکرێت: ئەو کەسانەی لەئیدارەو بەشە نزیکەکانی دەسەڵاتن، بەبێ کەموکوڕی هەدیەی خۆیان وەردەگرن. بەڵام لەبەرامبەردا، کرێکارانی هێڵی پێشەوەی ناو تەپوتۆزی چیمەنتۆ، چونکە پارچە باشەکانی وەک پاوەر بانک وجانتای ستاندارو.. لێدەرهێناوە، تەنها تیشێرت و کڵاوو مەدالیایەکیان بۆ بەجێ هێشتوون..
دەقی ڕاپۆرتەکە لەزمانی کرێکارەکە خۆیەوە
نیگەرانی، جیاکاری و فەزاحەتی کارگەی چیمەنتۆی دەلتا (خاوەندارێتی سەعدی کۆڵەک)!
کارگەی چیمەنتۆی دەلتا هەدیەیەکی بۆ گشت کارمەندان ناردبوو، کەپێکهاتبوو لە (قەڵەم، پاوەر بانک، تیشێرت، کلاو، کەلەی شەحن و ڕەبتەکەی، و مەدالیا) سەرەتا جەماعەتی ناو ئیدارەو بەشەکانی نزیک لەئیدارە، بەتەواوی و بێ کەموکوڕی وەریانگرت. بەڵام کاتێک نۆبەتی بەشەکانی ناو تۆزو چیمەنتۆ هات، شتە باشەکانیان (وەک پاوەر بانک) لێ دەرکردبوو، جانتا ڕەسەنەکەیان بردبوو و شتەکانیان فەل کردبوو، تەنها تیشێرت و کڵاوو مەدالیایەکیان هێشتبووەوەو کردبوویانە لای لۆنەوە! خۆشبەختانە کارمەندان ئەم ڕفتارە نادادپەروەرانەیان ڕەتکردەوە
نادادپەروەری لەمووچەدا
جگە لەم مەسەلەی دیارییە، نادادپەروەرییەکی زۆرو بەرچاو لەنێوان بەشەکان و کەسەکاندا لەبواری مووچەدا بوونی هەیە، کە ئەمەش زوڵمێکی گەورەیە لەو کارمەندە ماندووانەی لە هێڵی پێشەوە دەوام دەکەن
فەزاحەتێکی تری کارگێڕی
مۆڵەتی ڕەسەمی خۆی دەکەوتە ڕۆژی سێشەممە (2026/8/25)، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی ئیدارەو بۆ ئەوەی خۆیان سێ ڕۆژ بەسەریەکەوە لەماڵەوە بن و کاری سەرەکاریش بۆ هەندێک بەش هەژمار نەکرێت، بەئارەزووی خۆیان مۆڵەتەکەیان گۆڕی بۆ ڕۆژی پێنجشەممە (27ی مانگ)!
ئەم یاریپێکردنە بەماف، مووچەو کاتی کارمەندان لەکارگەیەکدا کە لەژێر خاوەندارێتی (سەعدی کۆڵەک) دایە، لوتکەی نادادپەروەری و فەزاحەتی کارگێڕییەو بەهیچ شێوەیەک قبوڵنەکراوە. داواکارین بەڕيز کاک حاجی سەعد خۆی بئ تە سەرخەت و بەدواداچوون بکات بۆ ئەم گەندەڵیانە …
کۆمێنتی دەنگی کرێکار:
کاتێک لەکارگەیەکی وەکو دەلتادا، لێپرسراوانی کارگە بەئاشکرا جیاکاری لەنێوان کرێکارێکی هێڵی پێشەوەو چینێکی نزیک لەدەسەڵاتدا دەکەن و بەبێشەرمییەوە دەڵێن : خۆ کرێکار سەفەر ناکات.. ئەمە تەنها سوکایەتیکردنێکی کاتی نییە، بەڵکو نیشانەی ڕوونی ئەو ڕاستییەیە کە لەبازاڕی کاری ئەمڕۆدا، حورمەت، کەرامەت و ژیان و چارەنووسی کرێکار هیچ بەهایەکی بۆ نەماوەتەوە. بۆ خاوەنکاران، کرێکار تەنها ئامێرێکە کە لەناو تەمومژو تۆزو غوباردا کار دەکات و دەبێت بێدەنگ بێت، تەنانەت لەمافی وەرگرتنی دیارییەکی ڕەمزیشدا بێبەش دەکرێت، لەکاتێکدا کات و پشوی هەمان کرێکار بەئارەزووی خۆیان دەستکاری دەکرێت بۆ بەرژەوەندی تەسک و پشووی ئیدارەچییەکان.
ئەم ڕفتارە قێزەوونانە دەریدەخەن کەسیستەمی کاری ئێستا لەسەر بنەمای کۆیلەکارییەکی بێپەردە بنیاتنراوە، کەتێیدا سەرمایەداران تەنها زمانی قازانج و زەوتکردنی مافی ئەوان دەزانن. بەڵام ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کەڕەخنەو گلەیی و بۆڵەکردن بەتەنها بەس نەبێت، بەڵکو بەدیل و ڕێگاکە لەهەموو شتێک گرنگترە، بۆیە: هیچ ڕێگایەک نەماوەتەوە بۆ کرێکاران تەنها ڕێکخراوکردنی ڕیزەکانی خۆیان نەبێت. ژیان و زیندوو مانەوەی کرێکار لەناو هەموو ئەم ناعەدالەتی و زوڵمانەدا، دەخوازێت کەدەستەو گروپەکانی خۆیان پێک بهێنن بۆئەوەی لەیەکتری ئاگاداربن، لەدەوری یەکتری کۆببنەوە، دەنگ و ڕەنگیان بکەن بە یەک، بۆ ئەوەی هێزی گەورەیان لەپەرتەوازەیی و پەرشوبڵاوی ڕزگار بکەن، بۆئەوەی بەهێزی هاوبەشی خۆیانەوە چی تر ڕێگا نەدەن یاری بەژیان و بەکەرامەتیانەوە بکرێت. ئەو ترسەی کەئەمڕۆ کرێکارێک ناچار دەكات بەنهێنی و هەژمارێکی فەیکەوە ناڕەزایەتی دەرببڕێت، دەبێت بگۆڕدرێت بۆ ئیرادەیەکی پۆڵایینی بەکۆمەڵ؛ چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کەخاوەنکاران و سەرمایەدار تەنها لەبەردەم هێزی ڕێکخراوی کرێکاردا ملی کەچ دەکات و دەوەستێت.
