ژنانی کرێکار، لەهەرێمی کوردستان، لەبەدەستهێنانی کرێ و هەقدەستدا، ڕووبەڕوی جیاکاری دەبنەوە!
دەنگی کرێکار
ئەمڕۆ ژنانی پاککەرەوە لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان و لەشاروشارۆچکەکانی دیکەی کوردستاندا، کەزۆرینەیان دایکن، بەخێوکەری منداڵەکانیانن، بەمووچەی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار دینار دەچەوسێنرێنەوەو چەندین مانگیش حەقدەستەکەیان دوادەکەوێت. خاوەنکاران ئەم پارانە بۆ سوڕاندنەوەی سەرمایەی خۆیان بەکاردەهێنن و باکیان بەو خێزانانە نییە کەپێویستی مەرگ و ژیانیان بەو حەقدەستە کەمەوە هەیە.
کاتێک تەماشای دەقی ماددەی ٤ لەیاسایکاری ژمەرە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧، کەتائیستا لەکوردستان بەرکارە، دەکەین، وەک چەمکێکی یاسایی جەخت لەسەر دابینکردنی لانیکەمی ژیانێکی شایستە بۆ کرێکارو خێزانەکەی، یەکسانی لەحەقدەستدا بۆ کاری وەکو یەک دەکاتەوە. بەڵام کاتێک ئەچینە ناو واقیعی نەخۆشخانەکان، مۆڵەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، دەبینیت ئەوەی هەیە سیستەمێکی داڕێژراوە بۆ چەوساندنەوەی هێزیکاری کچان و ژنانی کرێکار.
کەواتە با بزانین مادەی ٤ یاسایکار چییە؟!
ئەم یاسایه حهقدهستێک دهستهبهر ئهکات بۆ کرێکار که بتوانێت لانیکهمی ژیان بۆ خۆی وخێزانهکهی مسۆگەر بکات، وه ئەو هەلەشی ئهداتێ لهوپێشکهتنه ئابورییهی کەبهدستهاتووه، کهڵك وهرگرێت. لهسهر ئهو بنهمایهش، حەقدەست بەمشێوەیە دیاریدەکرێت:
یهکهم: جۆرو چەندایەتی ئهو کارهی کهکرێکارهکه ئهنجامی ئهدات، بۆئهوهی کهموچهکهی پابهند بێت بهبهرههمهکهیەوە.
دووهم: یهکسانی لهحهقدهستدا بۆ کاری وهكو یهك لهبهرههم وجۆردا، که لهههلومهرچی وهك یهکدا ئهنجامدهدرێت .
سێیهم: پارێزگاری لهموچهو حهقدهستهکان بهجۆرێك دەبێت که هیچی لێنهبردرێت تهنها ئهو ڕێژەیە نهبێت که بهیاسا بڕیاری لێدهدرێت و بۆئهوه بێت که کرێکارهکارهکه پاشهکهوتێکی ههبێت هەتا ژیانی خۆی وخێزانهکهی پێ بهرێتهسهر بهشێوهیهکی شایستهو بهگوێرهی ئهم یاسایه کەبڕیاری لهسهرئهدات.
لەڕوانگەی چینایەتییەوە، ژنانی کرێکار لەکوردستان ڕووبەڕووی چەوساندنەوەیەکی دوولایەنە دەبنەوە: ئەوان هەم لەناو ماڵدا ئەرکی قورسی بەڕێکردنی خێزان و منداڵیان بەبێبەرامبەر لەسەر شانەو هەم لەبازاڕیکاریشدا لەنزمترین پێگەی چینایەتیدا قەتیسکراون. سیستەم ودەسەڵاتی سەرمایەداری وکۆمپانیاکانی، پێگەی کۆمەڵایەتی ژن وەک کەرەستەیەکی ئابوری دەقۆزێتەوە، بەهۆی ئەوەی ژنان لەڕووی مێژوویی و پێکهاتەییەوە زیاتر بێدەسەڵات کراون و گوشاری بژێوی خێزانەکانیان لەسەرە، وەک دەستی کارێکی هەمیشە دەستەمۆ، کەمتر ناڕازی و بێدەنگ سەیر دەکرێن. ئەم واقێعە تاڵە، پێشێلکاری ڕوونی سێ بڕگە سەرەکەییەکەی ماددەی چوارە:
یەکەم: کچانی گەنج لەمۆڵ و مارکێتەکاندا ڕۆژانە زیاتر لە٨ کاتژمێر بەپێوەو بەبێ دانیشتن داغاندەکرێن. لەکاتێکدا ماددەی ٥٥ کاتیکار بە ٨ کاتژمێر دیاریدەکات، ئەوان بەبێهیچ ئۆڤەرتایمێک دەچەوسێنرێنەوەو تێچووی هاتوچۆشیان لەسەر خۆیانە، ئەمەش بەهای هێزیکاری کچانی بۆ خوارووی لانیکەمی بژێوی دابەزاندووە.
دووەم: لەزۆربەی کارگەو ناوەندیکارو کۆمپانیاکاندا، کچان و کوڕان هەمان ئەرک ڕادەپەڕێنن، بەڵام کچان وەک دەستی کاری هەرزانتر دەبینرێن و مووچەی کەمتریان پێدەدرێت. لێرەدا جیاکاری ڕەگەزی دەبێتە ئامرازێکی چینایەتی بۆ دابەزاندنی گشتی نرخی هێزیکار لەبازاڕدا.
سێیەم: پێنەدانی مووچەی نزیک پێنج مانگ بەژنان پیاوانی کرێکار لە نەخۆشخانەکانی گەرمیان، لە کاتێکدایە کەیاساکە لەماددەی ١٤٥دا سزای توندی دارایی و زیندانی بۆ خاوەنکار داناوە، کەچی نەیاسا باکی هەیەو نەحکومەتیش، هەر ئەوەش نیشانەی داڕمانی سیستەمی چاودێرییە.ئەم پێشێلکارییەش لادانێک نییە لەسیستەمەکە، بەڵکو خودی لۆژیکی کاری کۆمپانیاکانە کە جیاکاری لەکاری ژنانی کرێکارو مافەکنایندا دەکات. بەڵام ئەوەی مۆدێلی کوردستان زیاتر توندوتیژ دەکات، دوو هۆکاری سەرەکین:
یەکەم: لەکوردستاندا حزبی سیاسی خۆی بووەتە گەورەترین سەرمایەدارو مۆنۆپۆلکەری بازاڕ. زۆربەی ئەو کۆمپانیا گەورانەی گرێبەستی کەرتی گشتی وەک پاککەرەوەی نەخۆشخانەکان وەردەگرن، سەر بەبەرپرسان یان ناوەندە حزبییەکانن. لێرەوە، هێزییاسا(ماددەی ٤) پەکدەخرێت، چونکە لایەنی سەرپێچیکار (کۆمپانیا حیزبییەکە)و لایەنی چاودێر (دامەزراوەکانی حکومەت) لەبنەڕەتدا یەک پێکهاتەی بەرژەوەندین.
دووەم: بوونی بێکارییەکی کەمەرشکێن و سەدان هەزار دەرچووی زانکۆو پەیمانگا کەهیچ ئومێدێکیان بەدامەزراندن نەماوە، هاوسەنگی هێزی لەبازاڕدا بەتەواوی بەلای خاوەنکاردا شکاندووەتەوە. خاوەنکاران ئەم سوپای بێکارانە وەک چەکێکی گوشارو کاریگەر بەکاردەهێنن، هەر ناڕەزایەتییەکی کرێکارانی لەسەر کار، بەگۆڕینیان بەکرێکارێکی بێکاری دەرەوەی چاوەڕوانکراو وەڵامدەدرێتەوە.
لەکاتێکدا گرانی بازاڕ ژیانی خەڵک وبەتایبەتی کرێکارانی داغانکردووە، کەچی حکومەت بێباکە لەهەموارکردنەوەی ئەم یاسا کۆنەی ساڵی ١٩٨٧، چونکە هێشتنەوەی ئەم بۆشاییە قازانجی کۆمپانیا حیزبییەکان دەپارێزێت. لەدۆخێکی ئاوەهادا کەئامرازەکانی دەوڵەت لەخزمەت پاراستنی بەرژەوەندی سەرمایەدا کار دەکەن، تاکە ڕێگای گۆڕینی ئەم هاوسەنگییە، گەڕاندنەوەی کرێکارانە بۆ سەرچاوەی هێزی خۆیان کەڕێکخراوی واقیعی خۆیانەو ئەوە دەخوازێت کەکرێکاران (بەتایبەت ژنانی کرێکار لەنەخۆشخانەکان و کچانی مۆڵەکان) گروپ و تۆڕی هاوپشتی ناوخۆیی و سەربەخۆ دروستبکەن.. هەروەها خەباتی یاسایی بەکۆمەڵ لەلایەن کرێکاران خۆیانەوەبەپێشکەشکردنی سکاڵای دەستەجەمعی لەسەر بنەمای بەڵگەکانی ماددەی ٤، تەنانەت ئەگەر دادگاکانیش لەژێر کاریگەریدا بن، دەبێتە هۆی ڕیسواکردنی سیستەمەکە لەڕووی یاسایی و سیاسییەوەو لایەنی بەرامبەر دەخاتە پێگەیەکی بەرگریی لاوازەوە
