باشکردنی دۆخی ژیان وکار، هاتنە مەیدانی یەکگرتوانەی کرێکارانی دەوێت
| دەنگی کرێکار
کرێکارانی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی کە بەسەرانیدا سەپێنراوە پێویستیان بە بزوتنەوەیەکی کۆمەڵاتی هەیە، لەکارگەو شوێنی کارەکانیان. هەنگاوی یەکەم بۆ ئەمەش، دیاریکردن وکۆبونەوەیە لە دەوری ئەو خواستانەی کەبەدەستهێنانیان، دۆخی کارو ژیانی کرێکاران باشتر دەکات، لەوانەش: زیاد کردنی کرێ، کەم کردنەوەی سەعات کار، دابینکردنی سەلامەتی شوێنی کار، دامەزراندن ودەستەبەرکردنی هەلیکار، دابینکردنی سیستەمی بێمە کۆمەڵایەتیەکان، بەجۆرێک کە بیمەی بێکاریش لە خۆ بگرێت، ئازادی مانگرتن و رێکخراوبون بەو جۆرەی کە کرێکاران خۆیان دەیانەوێت، دابینکردنی خانوبەرە و خوێندنی بەخۆڕایی و داودەرمان و کارەبا ئاو و گشت خزمەتگوزایەکانی تر بەنرخێکی گونجاو کەلەگەڵ ئاستی موچەو کرێدا بێتەوە..
لەهەنگاوەکانی دواتردا، چڕکردنەوەی هەوڵ وخەباتی ڕابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاریی بۆ پێکهێنانی دەستەو کۆڕ وکۆمەڵە خەباتکاریەکان، لەکارگەو ناوەندەکانی کارو لەگەڕەکە کرێکاریەکاندا، بەجۆڕێک کەئەم پێکهاتوانە خەبات بکەن بۆ یەکگرتوکردن وڕیکخراوکردنی کرێکاران لەدەوری داخوازیەکان.. لەم ڕاستایەشدا هەوڵدا بۆ گرتنەبەری شێوەکانی نارەزایەتی دەربرێن وهێنانەمەیدانی ڕیزی یەکگرتوی کرێکاران دەتوانێ دەستپێکی بەڕێکەوتنی بزوتنەوەی فراوانی کۆمەڵایەتی وابێت کەلەجەرگەیدا پێکهێنانی ڕیکخراوە کرێکارایەکان چ لەئاستی سەراسەری و چ لەئاست ناوەندەکاندا، زامنو مسۆگەربکات.. بەدڵنیایەوە گەیشتن بەهەرئاستێک لە یەکگرتوویی وڕیکخراوبونی کرێکاریی بەو ئاستەش دەتوانرێت هاوسەنگی هێز بەقازانجی کرێکاران بگۆرێت و لانی کەم کرێکاران هەناسەیەک هەڵمژن و چیتر دوکار نەکەن چیتر پارەی دو فاتورەی کارەبا نەدەن چیتر بەدوای دابینکردنی داوو دەرمان داوای کۆمەک لەخەڵکی نەکەن. بەواتایەکیتر گەیشتن بەبزوتنەوەیەکی کۆمەڵانی لەم جۆرە، هاتنە مەیدانی هەڵسووڕانی کرێکاری دەوێت لە کارخانەکان و لە گەڕەکەکان، ئەم بزوتنەوەیە پێویستە لە شوێنەکە وە دەست پێبکات، بەتایبەتی لەحاڵی حازردا ناڕەزایەتی کرێکاران لێرەو لەوێ لەئارادایە وجموجوڵێکیش لەنێوکرێکاراندا دەستی پێکردووە ،سەرباری کە م تەجروبەی و بێ ئاسۆۆیی بەڵام ئەم جمۆجوڵە تەنها لێک گرێدانێک و دانی ئاسۆیەکی رۆشنی دەوێت تا هەنگاوێک بەرەو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵاتی جەماوەری کرێکاری بۆ زامنکردنی ژیانێکی ئاسودەتر لەمەی کە ئێستا هەیە، بەکردەوە بکەوێتەسەرپێ.
