Dangikrekar.com
وتار

    بێکاری  لەزاتی سەرمایەدایە!

    بێکاری  لەزاتی سەرمایەدایە!

    | بەڵێن ئیسماعیل

لەفەرهەنگی ئابوری سیاسیدا سێجۆر بێکاری هەیە:

یەکەم: بێکاری ئاسایی: کرێکار ئامادەی  کارە، بەدوای کارێکدا دەگەڕێت بەڵام دەستی ناکەوێت.

دووەم: بێکاری کاتی: لەئەنجامی بێبازاڕی و تەنگژەی ئابوریدا  پەرەدەستێنێت.

سێیەم: بێکاری پەیوەندی بەتێکڕای بونیادی ئابورییەوە هەیە.

دیاردەی بێکاری لەم سەردەمەدا، پەیوەندی بەپیشەسازی مۆدێرنەوە هەیە. ئەم پیشەسازییە بەزۆری پشت بەسیستەمی زانیاری (المعلوماتیة) دەبەستێت وناتوانێت نەک هەربێکاری چارەسەربکات، بەڵکو ڕۆژ بەڕۆژ پەرەیپێدەدات. بێکاری هەر بەوەوە ناوەستێت کە کرێکار کارەکەی لەدەستداوە و ئیتر دەرامەتی نامێنێت، بەڵکو کاتێک کەبێکاری بەرفراوان دەبێ و درێژە دەکێشێت بەدوای خۆیدا دیاردەی تاوان، نەخۆشی، دزی و خودکوژی، ئیدمانبوون لەسەر تلیاک و مادە هۆشبەرەکان، لەشفرۆشی، بازرگانی نامەشروع و پەرەسەندنی دەسەڵاتی مافیایی، کۆچ و ڕەوی خەڵك ودەیان دیاردەی خراپیتر بەدوای خۆیدا دەهێنێ. ئەگەر دوو سەد ساڵ لەمەوبەر کرێکاران لەترسی بێکاری دژ بەئوتوماتیکیکردنی پیشەسازی ڕاوەستابن و دەزگا تازە داهێنراوەکانی ڕستن و چنینیان تێکوپێک ئەدا، ئەوا ئەمڕۆ پەرەسەندنی تەکنەلۆژیاو شۆڕشی زانیاری، هەڕەشەیەکی گەورەتر لەژیانیان دەکات. بەتایبەت کە ئێستا پێشڕەوییەکانی تەکنەلۆژیا بەئەندازەیەکە کەهەلومەرجی کاری گۆڕیوەو ڕۆژانە هەزاران کرێکار فڕێدەداتە پەراوێزەوە. چەقبەستنی سەرمایە لەجەمسەرێکەوەو پەرەسەندنی زانست، تەکنەلۆژیاو مۆنۆپۆلکردنی لەچوارچێوەی ئابوری سەرمایەداریدا لەجەمسەرەکەی ترەوە، هەم فرسەتی بەدەستهێنانی کاری کەمکردوە و هەم کاریگەری سەختی کردۆتە سەر ئاستی ژیان و گوزەرانی کڕیکاران. بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەو ڕاگەیاندنی دامودەزگا ئابوری و داراییەکانی دەسەڵاتدارانەوە، سەبارەت بەوەی کەدەوڵەت فرسەتی کاری زۆر بۆ ئامادەبەکار دەڕەخسێنی وبێکاری لەسفر نزیکدەخاتەوە، بێکاری پێداویستیەکی نیزامی سەرمایەداریە ولێی جیا نابێتەوە، کەوایە حەقیقەتی ئەم دیاردەیە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟!

جگەلە سیاسەتی بێکارکردنی کرێکاران کەهەموو دەوڵەتێک لەسەردەمانی سەرهەڵدانی قەیرانە ئابوریەکاندا دەستی بۆدەبات، بێکاری خۆی لەگەڵ بون ولەزاتی سەرمایەداریدایە، چونکە خاوەنکارو دەوڵەت و کۆمپانیاکان بەراگرتنی لەشکری بێکاران، لەلایەک مونافەسەی نیوان کرێکاران بۆ بەدەستهێنانی کار توند دەکاتەوەو بەم هۆیەشەوە کرێی کرێکاران دەهێنیتەخوارەوە وبەشێکی زۆر لەمەرجەکانی بەسەر کرێکارنێکدا کەلەسەر کارن دادەسەپێنی، لەوانە ملدان بەسەعتکاری زیادە، بێدەنگکردنی کرێکاران لەدواکاری ومافەکانیان، لەوانە ماوەی پشوو، پێداویستیەکانی کار، هاتوچۆ، فریاگوزاری پزیشکی وڕاهێنانی پیشەیی، کەهەموو ئەمانە بەمەسرەف لەسەرخاوەنکار تەواودەبێت. لەلایەکیترەوە بێکاری دەبێتە چەکێک بۆ بێدەنگکردنی کرێکار ودورخستنەوەیان لەخەباتی یەکگرتوانە وسەرەنجام کرێکاری بێدەنگ وکاری هەرزان دەکاتە سەرچاوەیەک بەدەستی خاوەنکار وسەرمایەدارانەوە ولەئاکامیشدا، ڕیژەی قازانجی سەرمایەکانیان دەبەنەسەرەوەو هەلومەرجێکی چەوسینەرانە بەسەرکریکاراندا دادەسەپێنن.

لەمەش زیاتر دەولەتانی سەرمایەدار لەڕێگای کۆنتڕۆڵی بازاڕەکانی جیهانەوە هەوڵدەدات کۆمەڵە یاسا ونەرێتێک جێبەجێ بکات کە ڕاستەوخۆ ڕێژەی بێکاری بەهۆیەوە ڕولەسەردەکات و کرێی کرێکارانیش دێتە خوارەوە. جەوهەری مەسەلەکەش هەرئەوەیە کە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری هەوڵی زیادکردنی کرێی کار نادات، بەپێچەوانەوە، کەمیدەکاتەوە. چونکە بەردەوام پەیوەندی نێوان کرێی و قازانجی سەرمایە، لەپەیوەندییەکی پێچەوانەدایە. هەتا کرێی کار زیاتر بێتە خوارەوە ئاستی قازانجیش دەچیتەسەرەوە.  بەمجۆرەش سەرمایەیداری جیهانی لەوە دەستەوسانترە کەبتوانێت کێشەی بێکاری چارەسەر بکات.. لەکاتێکدا، ئابوری بەپاڵپشتی تەکنەلۆژیای نوێ، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەلیکار کەم دەکاتەوە، بۆیە  بیەوێت و نەیەوێت پەرە بەدیاردەی بێکاری دەدات، یان ئاستی گوزەرانی بەشی هەرەزۆری دانیشتوان دەهێنێتە خوارەوە. مەسەلەکەش هیچ پەیوەندییەکی بەم یان بەو کەرتی پیشەسازییەوە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بەپرەنسیپەکانی ئابوری بازاڕو سیاسەتی دەوڵەتانی سەرمایەداری و نیزامە ئابوریەکەیانەوە.. مادام کاڵاو خزمەتگوزارییەکان دەبنە بابەتی بازرگانی و ئەم بازرگانییەش بەپێی بەرژەوەندییەکان، ناوەند کۆنترۆڵی کردووە، ئەوا دەبێت مەترسی گەورەش بخاتە سەر هێزیکارو ژیانی ڕۆژانەی کرێکاران.  بۆیە دیاردەی هەژاری لەپاڵ بێکاریدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرەدەستێنێت. سەرمایەداری جیهانی هەر وەک ئەوەی کە کەسامان لەچنگی کەمینەیەکی مشەخۆردا کۆدەکاتەوەو کۆنترۆڵی ئابوری جیهان دەکات، بیکاری دەکاتە دیاردەیەکی بێجارەسەر و ژیانی زۆربەی هەرەزۆری مرۆڤایەتی، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر کرێکار دەژین، بەرەو هەڵدێر دەبات، ئەمەش بۆخۆی بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کەسروشتی سیستەمی سەرمایەداری، نەک هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو ئاستی چەوساندنەوەشی زیاتر کردووە.

 

Related posts

کرێکاران سامان بەرهەم دەهێنن و دەوڵەمەندەکانیش ئەیدزن!

Dangi Krekar

لەپەراوێزی مانگرتنی کرێکارانی پۆست لەکەنەدا!

Dangi Krekar

لە١٪ی دانیشتوانی جیهان، خاوەنی لە٤٥٪ی سامانی جیهانن!

Dangi Krekar

Leave a Comment