حکومەت بەرپرسە لەزامنکردنی موچەو حەقدەستێک کە لە ئاستی گرانی نرخی
پێداویستیەکانی ڕۆژانەی کرێکاراندا بێت!
بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و پێداویستیەکانی ڕۆژانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان تادێت ڕوو لەزیادبوونە. زیادکردنی سەدان جۆر باجوڕسومات، نرخی بەرزی کرێی کارەبا، داوودەرمان و خەستەخانە، خوێندن، مەوادی خۆراکی و ..تاد، هەموو ئەمانە بووتە کێشەیەکی تووندی ئابوری وکۆمەڵایەتی گەورە کەبەناڕەوا فەرزکراوە بەسەر خەڵک و کرێکاراندا بەبێئەوەی حکومەت و و بەرپرسان لێپرسراوێتیەک لەخۆیان نیشانبدەن.
حکومەتی هەرێم لەڕیگای پڕۆژەو کۆمپانیاکانی خۆیانەوە، ڕۆژانە پەلاماری سفرەو ژیانی کرێکاران و خەڵک ئەدەن، بەداخەوە چونکە هێزی یەکگرتوانەی کرێکاران لەمەیداندا نیە، ئەوانیش شاڵاوەکانیان بەرفراوانتر کردۆتەوەو هەڕۆژە چسپە لەژیانی تاک بەتاکی کۆمەڵگا هەڵدەسێنن، بەتایبەتی لەم چەند هەفتەیەی پێشوودا کەبەهۆی هاتنەوەی پسوڵەی کارەباوە، پارەیەکی ئێجگار خەیاڵی هاتۆتەوە بۆخەڵک.. پاساوەکانی حکومەت لەسەر ئەم بابەتە هەرچیەک بن، ناکاتە ئەوەی کارەبا مافێکی زۆر سادەی خەڵکەو دەبێت بازرگانی پێوە نەکرێت وەکو ئەوەی کەئەوان لەڕێگای ئەم پڕۆژەیەوە گرتویانەتە بەر. کارەبا لەکوردستان کراوەتە ناوەندێکی بازرگانی گەورەی قازانجهێنەر کەهێشتا نموونەکەی لەهیچ ووڵاتێکدا نیە بەبەراوورد لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا. لەووڵاتان کاتێک کارەبا گراندەبێت، پاساوەکەی بازاڕی جیهانی گرانبوونی بەرهەمە نەوتییەکان و غازە، بەڵام سەرەڕای ئاسانکاری، خەڵکەکەی بیمەیەکی هەیە. لەووڵاتانێکی وەکو ئێران وعێراق کارەبا ئێجگار هەرزانە، کەچی لەکوردستان نەوت و غاز لەبەردەستی خۆیاندایەو نایانەوێت لەپێناوی کەڵەکەی سەرمایەو قازانجی خۆیاندا کارەبا وەک مافێکی سەرەتایی بەنرخێکی هەرزان بدەن بەخەڵک و هەزارو یەک پاساووی پووچ دەهێننەوە بۆ چەواشەکردنی خەڵک.
ئەم دۆخە گەیشتووە بەئاستێک ئیتر ئەوە دەخوازێت کە کرێکاران هێزی خۆیان کۆبکەنەوەو یەکگرتووانە خەبات بکەن بۆ فەرزکردنی حەقدەست وکرێیەک کەزامنی پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ئەم بازاڕ گرانیەی ئەمڕۆ بێت. دەبێت کرێکاران یەکگرتووانە بێنە مەیدانەوەو خواستی کارێکی شایستە بۆ ژیانکردن، یان بیمەی بێکاری فەرز بکەن بەسەر حکومەتدا، ناکرێت کۆمپانیاکان نرخی شتومەک گران بکەن و حەقدەست ومووچەو کرێی کاریش لەو ئاستە هەرە نزمەدا بێت کەهەیە. بەڵام ئەگەر حکومەت کارەبا و کرێی دەرمانو دکتۆر، نرخی نەوتو غاز گراندەکات، ئەگەر حکومەت، بازاڕی قۆرخ کردووەو شێواندوویەتی بەسەریەکدا، ئەوا دەبێت هەرئەم حکومەتە ناچاربکرێت کەلەبەرامبەردا حەقدەست و مووچەیەک بداتە کرێکاران و خەڵک توانای کڕینیان هەبێت.. واتە بەرگرتن بەم دۆخە و کۆتاییهێنان بەم هەموو زوڵمەی کەلەسەر ژیانی ئینسانی ئەم ووڵاتە هەیە، تەنها جوڵەو خەباتی کرێکارانی ئەوێت کە بتوانێت ڕزگاری ببێت لەم هەمووە میحنەت و نەهامەتیانە. کرێکارانی پیشەسازی و کرێکارانی خزمەتگوزاری و کەرتی ئەهلیو حکومی ئەبێت پێکەوە دەست لەناو دەست خەبات بکەن بۆداوای زیادکردنی کرێ و زامنکردنی بیمەی بێکاری و بیمەی تەندورستیوهەموو ئەو بیمە کۆمەڵایەتیانەی کە ئەرکی حکومەتە یاساییان بکاتەوە. چاککردنی ئەم دۆخە بەگلەیی وگازندەی سەرسفرەی خاڵی و بۆڵەو خۆسەغڵەتکردنی ڕۆژانەی سەرتۆڕە کۆمەڵاتیەکانو ناو پاس و چایخانەکان ناکرێت، بەڵکو تاکە ڕێگا هاتنە مەیدانی ڕیزی رێکخراوی کرێکارانە بۆ ڕاگرتنی گرانی و چاککردنی ئەم هەلو مەرجە سەختە
