Dangikrekar.com
وتار

دۆخی کرێکاران لە قەزای بازیان لە ئاستێکی مەترسیدار دایە!  

دۆخی کرێکاران لە قەزای بازیان لە ئاستێکی مەترسیدار دایە!

 عەبدوڵڵای مەلا خدر:

قەزای بازیان لەڕووی پیشەسازیەوە ناوچەیەکی گرنک و ستراتیژیە بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر لەکارخانەو کۆمپانیای گەورەو مامناوەند و بچوکەوە لەهەموو بوارێکدا، کەبووەتە مایەی وەگەڕخستنی هێزی کارو دەستی کرێکار تێیدا. ئەم ناوچە پیشەسازیە قازانجێکی خەیاڵی دەستەبەر ئەکات بۆ خاوەنکارو حکومەت، بەڵام بۆ کرێکاران مەرگەساتەو تەنها مووچەیەکی کەم کە بە ئاستەم بتوانێت ژیانێکی باش و تەسەلی بۆدابین بکات.

هەروەها قەزای بازیان ناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگە بۆ خەڵکی ناوچەکە کەساڵانە دانەوێڵە، سەوزەو بەرهەمی سپیایی لێرەوە هەناردەی شارەکان و ناوچەکانی تری کوردستان دەکات، ئەمەش دیسانەوە هۆکارێکی گرنگە بۆ دروستبوونی دەستی کارو هێزی کرێکار بەشێوەیەکی فراوان. بەڵام بەداخەوە کشتوکاڵ بەم ئاستە بەرزە لە دۆڵی بازیاندا نەبووەتە هۆی جوڵەیەکی ئابووری گەشە سەندوو کەبتوانێت بازاڕی کار بۆ کرێکاران و زەحمەتکشێان فەرهەم بکات. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپی داناوە لەسەر بەرەوپێش چوونی ناوچەکە بۆئەوەی بتوانێت ئاوەدانیەکی زیاتر بدات بەبازاڕو کارو کاسبی خەڵکیش بباتە ئاستێکی باشترەوە.

نەبوونی هەلی کارو بێکاری کەمەر شکێن، دیاردەیەکە کەنەک تەنها ناوچەی بازیان، بەڵکو سەرتاپاگیرەو هەموو کوردستان و ناوچەکەشی گرتۆتەوە. هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکیە بۆچەوساندنەوەی زیاترو زەقتری کرێکاران لەکەم کردنەوەی مووچەو سەعاتکاری ڕۆژانەی زۆر، لێبڕینی مووچە، کرێ و حەقدەستی زۆر کەمی ڕۆژانە کەلەنێوان ١٠ و١٢ هەزار دیناردایە و ناتوانێت مەسرەف و تێچووی شیرەخۆرەیەک دابین بکات. هەر ئەم بێکارییە دەردێکی کوشندەیە کە کرێکاران لوول ئەدات بۆناو دەیان کێشەو گرفتی کۆمەڵایەتی و خێزانی و لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی نەسیجی گشتی کۆمەڵگا..

 

بێکاری ونەبونی فرسەتی کار کێشەیەکی ترە کەڕووبەڕوی کرێکاران و گەنجانی ئامادەبەکار لە قەزای بازیاندا دەبێتەوە، ئەم دیاردەیە  کاریگەر ترین چەکە بەدەست خاوەنکارو کۆمپانیاکانەوە کەدەستی بۆ ئەبات لەپێناوی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەی زیاتر بەقیمەتی وێرانکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان. بەقیمەتی دووبەرەکی دروستکردن و ئاژاوە نانەوە لەنێوان ئەواندا.. هەر ئەم چەکە کاریگەرە توانیویەتی ڕیزەکانی کرێکاران و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی ئەوان بشێوێنێت و دوورەپەرێز لە یەکتری ڕایانبگرێت و بیانخاتە سەنگەری دژی یەکترییەوە.. کاتێک کرێکاران ماندەگرن و خۆپیشاندان ئەکەن بۆ کەم کردنەوەی سەعاتی کارو زیادکردنی مووچەو دۆخی ژیانیان، کۆمپانیاو خاوەنکار بەئاسانی دەتوانێت بەترسی دەرکردنیان لەکار کرێکاران بێدەنگ و خامۆش بکاتەوەو لەسەر چۆک دایان بنێتەوە، چونکە لەدەرەوەی کارگەدا هەزاران هەزار بەتاڵ و بێکار هەیەو ئەیان خاتە جێگای ئەوان بەپارەیەکی زۆر کەمتریش لەوان. هەربۆیە دەردی بێکاری کرێکار ناچار دەکات مل بدات بەخراپترین دۆخی کارو کەمترین مووچەو حەقدەستەکەی، تەنها لەبەر ئەوەی هیچ نەبێت بەتاڵ و بێکار نەبێتەوەو بەناچاری مل بەکۆیلە بوونی خۆی بدات..

ناوچەو دۆڵی بازیان هەتا دەگاتە ئەودیو چەمچەماڵیشەوە، بە بەراوورد بەو هەموو کارگەو ناوەندە کرێکارییانەوە دەبوایە زۆرترین کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئەوێ چانسی زیاتری کاریان هەبوایەو بێکاری لەدەرگای زۆرینەی ماڵەکانی نەدابایە.. دەبوایە زیاترین کەس لەدانیشتوانەکەی لەناو کارو کارکردندا بوایە و هیچ کەسێکیش لەخەمی پەیداکردنی نانی ڕۆژانەدا نەبوایە وەکو ئێستا کەزۆرینە بەتاڵ و بێکار شەقام و کۆڵان ئەپێون و لەمەیدانی کاردا چاوەڕێی کەسێک بکەن بۆ کرێکاری بەکەمترین حەقدەستەوە، یان مقەبا  کۆکردنەوەو دەستگێڕی لەپێناوی چەند هەزار دینارێک کەتەنها دوو عەلاگە میوە ناکات. بەڵام بەپێچەوانەوە! خودی کارگەکان خۆشیان بەشێک بوون لەپیس کردنی ژینگەو هەوای ناوچەکەو بەم هۆیەوە یەکێک بوون لەهۆکاری سەرەکی تووشبوون بەڕێژەیەکی زۆری شێرپەنجەو نەخۆشیە تووندەکان کەئاوا بێدەربەستانە ڕوو بە ڕووی خەڵکەکەی کراوەتەوە و ژیانیان دووجار زیاتر لێ تاڵ کراوە، نەک هەر ئەمەش، بەڵکو تەنانەت ڕێگاو بانەکانیش بەهۆی ئەوانەوە ستاندارێتی خۆی لە دەستداوەو هێندەی تر خراپ و نالەبار بووەو هیچ لایەکیش خۆی بە بەرپرسیار نازانێت بەرامبەر بەم هەمووە تراژیدیایەی کە ڕووبەڕووی خەڵک کراوەتەوە..  ئیتر با خراپی ئاوو کارەباو خوێندن و پیس بوونی ژینگەش لەولاوە بوەستێت.

هەموو ئەوانە بەزۆر فەرز کراوە بەسەر کرێکارانو خەڵکی قەزاکەدا، بەڵام بۆ یەک سات بهێننە پێش چاوی خۆتان، ئەگەر بەگشتی خەڵک و بەتایبەتیش کرێکاران یەکگرتوو بن، ئەگەر بەڕیزی خۆیانەوە پەیوەست بن و بەهێزی بکەن، ئەگەر خۆیان ڕێکخراو بکەن لەژێر سێبەری ڕێکخراوێکی واقیعی خۆیانداو مەشوەرت بەیەکتری بکەن، ئایا ئەمە بەس نیە کە کرێکاران بتوانن بەم فشارە مەزنە خواستەکانیان بسەپێنن و ڕێگا لەهجوم و پەلامارەکانی ئەوان بگرن لەپێناوی ژیانێکی باشتر لە ئێستایاندا؟ باشە ئەگەر وابکەن، ئەدی چ زەرەرێک لەخۆیان و لە بەرژەوەندییەکانیان ئەدەن؟ ئایا ئەمە باشترین ڕێگا نیە بۆ بوار ڕەخساندن و دەرگا کردنەوەش بەڕووی هەزاران بێکاردا بۆناو بازاڕی کارو کارکردن کە ناوچەکەمانی خنکاندووە؟ ئایا ئەم ڕێگایە باشتر نیە بۆخزمەتی خۆمان و ناو چەکەش؟.

هیوادارم خەڵکی بەڕێزی قەزای بازیان و ناوچەکە بابەتیانە لەم وتارەی ئێمە تێبگەن و کەسمان لێ زویرنەبێت، چونکە ئێمە ئامانجمان لەیەکتری نزیک بوونەوەیە بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی چینی کرێکار لەقەزای بازیان کەتەنها کۆبوونەوەمان لەدەوری یەکترو دیاری کردنی نەخۆشیەکان، هۆکارو چارەسەرەکانی، خاڵە هاوبەشەکانمان دەتوانرێ ئێمە هۆشیار بکەنەوەو گرێمان بدەنەوە بەیەکەوە لە پێناوی باشتر کردنی دۆخی ژیانمان و پێشکەووتنی ناوچەکەمان لەهەر ڕوویەکەوە، وەلانانی ململانێی مەزهەبی و ئایدۆلۆژی و ناکۆکی حیزبی و سیاسی، دەتوانێت ئێمە هۆشیار بکاتەوەو بۆ هەڵگرتنەوەی هەنگاوی جددی بەرەو ژیانێکی ئاوەدان و خۆشگوزەران.

Related posts

ڕوداوی شوێنی کار لەکەرکوک – حەویجە

Dangi Krekar

ژمارە ٦ی ڕۆژنامەی دەنگی کرێکار بەزمانی ئینگلیزیی /پیدی ئێف

Dangi Krekar

 ”کار یان بیمەی بێکاری“،خواستی کرێکارانی کوردستانە

Dangi Krekar

Leave a Comment