ژینگەپارێزان بایکۆتی کار ڕادەگەیەنن!
بەرواری ٢٠٢٥/٦/١٤ ژینگەپارێزانی سۆران و خەلیفان بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکەیانەوە کەزیاتر لەدوو مانگە، بایکۆتی کارکردنیان ڕاگەیاند.. ئەمە دووەمجارە لەماوەی یەک مانگدا جارێکی دیکە ژینگەپارێزان بایکۆت ڕابگەیەنن بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە.
لەماوەی ١٤ ساڵدا کۆمپانیایەک کۆنتراکتی شارەوانیەکانی سەنتەری سۆرانی وەرگرتووەو ئەرکی پاککردنەوەیان لەئەستۆدایە. لەسەنتەری سۆراندا نزیکەی ٧ سەد کرێکار هەیەو ڕۆژانە بە ٢ سەد کەپسەوە نزیکەی ١٧٠ تەن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە..
ئەم بایکۆتەی ژینگەپارێزان لەدواخستنی دەستئەنقەستانەی مووچەکانیان کەچەندجارێکە دووبارە ئەبێتەوە لەلایەن کۆمپانیاکەوەو ژیانی کرێکاران کەوتۆتە ناو کایەی سیاسی ئەوان و حکومەتەوە، خەڵکی بەتەواوەتی وەڕسکردووە لەو هەمووە خاشاکو خۆڵەی کەبە کۆمەی گەورە گەورە هەڵدراوەتەوەو شارۆچکەکانی تەنیووە، کە نەک هەر سیمای شاری ناشیرین و تێکداوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بووەتە مایەی دروستکردنی جۆرەها نەخۆشی بۆسەر تەندروستی هاووڵاتیان..
خەڵکی شارۆچکەکان دەڵێن: لێپرسراوان و شارەوانیەکان درۆ دەکەن و نایانەوێت کێشەی ژینگەپارێزان چارەسەر ببێت بەپێدانی مووچەکانیان و ئەم دیمەنە ناشیرین کەبووەتە وێرانکردنی شارۆچکەکانمان لەکۆڵمان بکرێتەوە.. ئێمەی کاسبکارانی دووکان و بازاڕەکان، مانگانە بڕی ١٠ هەتا ٢٠ هەزار ئەدەین بەشارەوانی کە وەکو سواڵکەر دوکانەو دوکان لێمان وەردەگیرێت، بەڵام بۆچی هەر لەوپارەیەی ئێمە مووچەی ئەوان دابین ناکەن.. !!!
دەنگی کرێکار هەوڵیدا لەگەڵ شارەوانیەکاندا لەسەر ئەم بابەتە قسە بکات، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوانێک بدەن.. دواتر لەگەڵ چەند کرێکارێکدا پەیوەندیکرد بۆ قسەکردن لەگەڵیاندا، ئەوانیش لەترسی دەرکردن لەئیشەکانیان نەیانوێرا لێدوان بدەن بەدەنگی کرێکار…
