بۆچی کرێکارانی بیناسازی دەستەبەری نایانگرێتەوە؟
هۆشمەند عوسمان، پشکنەر، لەبەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەلایەتی وەلامی یاسایی دەداتەوە
دەنگی کرێکار چەند پرسیارێکی ئاراستەی پشکنەر کاک هۆشمەند عثمان دەکات لەبەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بەکرێکارانی بیناسازی، کەبۆچی دەستەبەری(ضمان) نایانگرێتەوە؟
دەنگی کرێکار: ئایا بەدواداچوون ئەکرێت لەلایەن بەڕێوەبەریەکەتانەوە لەسەر مەسەلەی دەستەبەری کرێکارانی بیناسازی، لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لەکرێکاران بەناوی کرێکاری ڕۆژانەوە کاریان پێدەکرێت و دەستەبەرییان نیە؟!
کاک هۆشمەند:
یەکەم: سەبارەت بەدەستبەرکردنی کرێکارانی بیناسازی بۆ تۆمارکردنیان لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری، دەگەڕێڕێنەوە بۆ ماددەی ٣ لەیاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران ژمارە ٣٩ ی ساڵی ١٩٧١ی هەموار کراو بەیاسای ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٢ بڕگەی دووەم کە ئاماژە بەو کەسانە دەکات کەبەدەر دەکرێن لە یاسای ناوبراو وەك:
– فەرمانبەر لەیەکێك لەفەرمانگە یان دەزگاکانی حکومەت یان ئەوانەی یاسای ڕاژەی مەدەنی دەیانگرێتەوە
– ئەو کرێکارانەی لەلای ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و نێردە دپلۆماسیە بیانییەکان کار دەکەن.
– ئەو کرێکارانەی لەلای لایەنێکن کەمەرجیان هەیە بۆ کرێکارەکانیان، کەدەبێت بچنە ژێر باری سیستەمێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆیانەوە.
– کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو پاسەوانانی هەرێم.
بەپێی دەقنوسی ئەم ماددەیە جگە لەو چوارخاڵەی ئاماژەی پێکراوە، سەرجەم کرێکارانی کەرتی تایبەت بەر دەستەبەر دەکەون.
بەڵام سەبارەت بەکرێکارانی بیناسازی بۆ کارکردنیان لەکەرتی تایبەتدا، دەکرێن بە دوو جۆرەوە:
یەکەم: ئەو کرێکارانەی کەخاوەنکارێکی هەمیشەییان هەیەو کرێیان لێوەردەگرن لەبەرامبەر کارکردنیان، وە خاوەنکاریش مۆڵەتی فەرمی هەیە لەیەکێک لەدامەزراوەکانی حکومەت، پێویستە دەستەبەری کرێکارەکانیان بکەن.
دووەم: ئەو کرێکارانەی کە بەشێوەیەکی ئازاد کار بۆ خۆیان دەکەن و خاوەنکاری فەرمیان نییە.
(بۆ نمونە ئەو کرێکارانەی کاری دروستکردنی خانوی ماڵان دەکەن لەوەستای دیوارو گەچکارو دارو تەختەو هاوشێوەکانیان) بەر دەستەبەرکردن ناکەون، چونکە خاونکاری فەرمی و هەمیشەییان نیە.. بەپێی ماددەی ٨ لەیاسای کاری ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ مەبەست لەکرێکار ئەو کەسەیە کەکارێك دەکات بەرامبەر کرێییەك لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی خاوەنکاردا، بڕی ١٢٪بەشداری لەسندوقی دەستەبەری دەکەوێتە ئەستۆی خاوەنکارو ٥٪ کرێکار.. لێرەدا بەهۆی نەبوونی خاوەنکارەوە کێشە بۆ پێدانی ئەو بڕە لەبەشی خاوەنکار دروست دەبێت.. بۆ ئەم جۆرە لەکرێکارانی بیناسازی و دەستەبەر نەکردنیان، هەرچەندە لەهەمواری یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە ٤ ی ساڵی ٢٠١٢ لە ماددەی ٢٧ مافی دەستەبەرکردنی بۆ ئەم جۆرە لەکرێکاران ئاماژە پێکردووە، بەڵام بەڕێکخسن و دەرکردنی سیستەمێك لەئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەم پرسە، هەتا ئێستا ئەم سیستەمە نەکەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە. لەماوەکانی ڕابردوودا کارکراوە بۆ دەرچواندنی یاساکی نوێ کەمافی ئەم کرێکارانەی تێدا جێبکرێتەوە.
٢- سەبارەت بەکرێکاری ڕۆژانەو پرسی دەستەبەرکردنیان
ڕۆژانە ڕووبەڕوی پرسیار دەبینەوە، دەکرێت کرێی کرێکار بەکاتژمێر یان ڕۆژانە یان هەفتانە یان مانگانە بێت بەڕێککەوتن لەگەڵ خاوەنکاردا، هەروەها دەکرێت کرێ لەسەر بنەمای پارچەو بەرهەمی کرێکار بێت یان ڕێژەی سودو قازانج، بەپێی ماددەی ٢٦ لەیاسای خانەشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بڕگەی (ج). کرێکارانی ڕۆژانەش بەر دەستەبەر دەکەون بە لەبەرچاوگردنی ئاستی بڕی کرێی کرێکارێکی ناکارامە.
بەڕێوەبەرایەتیمان لەڕێگەی لیژنەکانی پشکنین بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانی کرێکاران دەکات چ لەڕێگەی سەردانی کرێکارەکانەوە بێت یان پەیوەندی کردن بێت بە هێڵی ٥٥٠٠
داوا لەکرێکاران دەکەین سازش نەکەن لەمافە یاساییەکانیان و هەرکاتێك مافەکانیان پێشێل کرا سکاڵا تۆمار بکەن لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکان و دادگاکانی کارەوە.
