گفتوگۆ لەگەڵ (ئەکرەم نادر) کرێکاری بەندەرەکان لەشاری ڤانکۆڤەر/ کەنەدا.
دوای گفتوگۆ ودەمەتەقێیەک لەگەڵ هاورێ (ئەکرەم نادر) کرێکاری بەندەرەکان لەشاری ڤانکۆڤەر/ کەنەدا. لەرێگەی ئاراستەکردنی پرسیارێک سەبارەت بەزیاتر تێگەیشتن لەکۆتایی هێنان بەمانگرتنی کرێکاران لەلایەن حکومەت ووەزارەتی کار لەکەنەدا.
ئامادەکردنی/ ئاراس رەشید.
دەنگی کرێکار:
- هەروەک تەجروبەی خۆتان وەک کرێکارێکی بەندەرەکان لەکەنەدا. یەکێتی ونەقابە ورێکخراوە کرێکاریی وجەماوەریەکان چۆن بڕیار لەسەر مانگرتن دەدەن؟ ئەگەر بتوانیت بەکورتی باسی پڕۆسەی بڕیاردانەکە بکەیت.
ئەکرەم نادر: سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. دەمەوێت بۆ ڕاستکردنەوەی ناساندنی خۆم وەک خەباتکارێکی کارگەری لەئاستی جیهانیدا هەتا ئێستاش هەر نوێبەرایەتی یەکێتی شوراوسەندیکا کرێکاریەکان لە عێراق و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کوردستان، وەک ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی وهەر دەنگێکی ناڕەزایەتی چینایەتی کارگەران ومامۆستایان و…هتد،بەبێ جیاوازیکردن، هەوڵمداوە هەمیشە ئەوەی ئەوان دەستیان پێڕاناگات من لەلایەن خۆمەوە بەپێی تواناو لەسەر ئەرکی خۆم خۆبەخشانە دەنگیان بگەیەنمە کۆنگرە وکۆبونەوەکانی هاوچینەکانمان لەئاستی جیهاندا، هەتا خوێن لە جەستەشمدا هاتوچۆبکات هەوڵەدەم ئەم ئەرکە بەپێی توانام بگرمە ئەستۆ هەرکات کارگەران داوام لێبکەن.
لە وەڵام بەپرسیاری یەکەمتاندا وسەبارەت بەوەی من ئێستا کارگەرم لە یەکێک لە بەندەرە سەرەکیەکانی ڕۆژئاوای کەنەدا کەبە کۆمپانیای زەبەلاحی(BCMEA)واتا کۆمەڵەی فەرمانبەرانی بەندەرەکانی هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا، یەکێتی کرێکارانی بەندەرەکان؛ ئەندامی ڕێکخراوێکی سەراسەری جیهانی یەکێتیە کرێکاریەکانی کرێکارانی بەندەرەکان وکۆگاکانە(ILWU)، ئەم ڕێکخراوانە هەریەک سەربەخۆ لە شوێنی خۆیاندا بڕیار ونوێنەرایەتی شار وناوچەو وڵات وتا ئاستی نێونەتەوەییان هەیە ، ولەکاتی هەر بڕیارێکی چارەنوس سازی وەک مانگرتن وخۆپیشاندان کۆبونەوەی گشتی ڕادەگەیەنن وبەدەنگدانی گشتی بڕیار لەسەر مانگرتن وخۆپیشاندان…هتد وقبوڵکردنی گفتوگۆکان ونوێنەرایەتی کردنی کارگەران دەکەن لەگەڵ لایەنی بەرپرسدا لە کۆمپانیاکان ودەوڵەتیشدا. هەرچەندە هەمیشە دەوڵەت وەک نێوەندگیر خۆی نیشان دەدات، بەڵام ئەمە درۆیەکی شاخدارەو دەکرێت لەبەشی دووەمی پرسیارەکەتاندا بێمەوە سەری بەڕوونتر. پڕۆسەی دەنگدانەکان لەو کۆبونەوە گشتیانەدا بەبەشداری ئەندامان، وتەنها ئەندامان مافی دەنگدانیان هەیەوهەر بڕیارێک لە نیوە زیاتر یاخود هەندێک یەکێتی وسەندیکای کرێکاران بە سێ لەسەر چوار یان دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامان بڕیارەکە پەسەند دەکەن ودەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەم بڕیار و هەڵوێستانەش لە سایەی سیستمی چینایەتی سەرمایەدارانی خوێنمژاندا بێخەوش و کەموکوڕی نین و دیدگای کۆمەڵایەتی ڕۆچوو لە دابوونەریتی هەمان سیستەم لە بارگاوی بوونی کارگەرانیشدا کاریگەری هەیە. بیرۆکراتیەتی شێوازی دەسەڵاتخوازی وکورسی وپێگەش وەک هەموو دەزگاو کایەکانی تری ژیان لەم یەکێتی و سەندیکایانەدا هەژموونی هەیە و وابەستەیە بۆ ڕەوینەوەی هەرچی زۆرتری توخمە دژە خەباتکاریەکان وشۆڕشگێڕانەکانی ڕابەران و نێو ئەندامانی خوارەوەی ئەو بزوتنەوانەش.
ئێوە داوای بەکورتی باسکردنی ئەوەم لێدەکەن هەربۆیە بەناچاری لێرەدا دەتوانم هەر ئەوەندە باسبکەم هەتا بابەتەکە زۆر درێژ نەبێت، وخوێنەر توشی بێزاری نەبێت ئەگەرچی زۆریش گرنگە بەڵام هیوادارم لەهەر دەرفەتێکدا بێتەپێش باشتر ئەمانە ڕوون بکەینەوە.
- دەنگی کرێکار: لەیاسای کاری کەنەدا؛ یاسایەک هەیە کە حکومەت دەخالەتی مانگرتن دەکات. لەچ هەلومەرجێکدا حکومەت ووەزارەتی پەیوەندیدار دەتوانن کۆتایی بەمانگرتنێکی کرێکاریی یان جەماوەری بهێنن؟ ئایا ئەو یاسایە چەندە دێتەوە لەگەڵ مافی مانگرتن وناڕەزایەتی وئازادی رادەربڕین …تاد. چۆن دەکرێت بەراوردبکرێت لەگەڵ وڵاتە نادیموکراسی وسەرکوتگەرەکان؟
- ئەکرەم نادر: سەبارەت بە پرسیاری دووهەمیشتان کە لەیەک پرسیار زیاترە، وخۆی وگفتوگۆ زۆر هەڵدەگرێت. بەڵام هەوڵەدەدەم بەپێی توانا زۆر کورتوپوختی بکەمەوە. ئەویش کەدەپرسن بەپێی یاسای کاری کەنەدا دەوڵەت کەی دەتوانێت مانگرتن وخۆپیشاندانی کارگەران بووەستێنێت؟
ئەوە نەک هەر لە کەنەدا بەڵکو لەهەموو جیهاندا پەرلەمان ودەوڵەت و دەزگاکان بەهەموو جۆرەکانیانەوە وبەیاساکانیان هەر لە دێر زەمانەوە بۆ ئەوە بنیادنراوەودروستبووە کە هەرکات هەرشتێک لەبەرژەوەندی سەرمایەداران وکۆمپانیا ودەوڵەتەکەیان نەبوو ئیتر هێندە ئەگەر و پێچوو پەنایان تێدا هەیە هەرکات ویستیان وەک شمشێری دوودەم بەڕووی کارگەران وچینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەدا ڕایدەکێشن. بابێینەوە سەر باسی کەنەدا لەیاسای کاری کەنەدادا کە یەکێکە لە وڵاتە ئاشتی خواز وسەقامگیر وداڕێژەری جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و…هتد، لە نەتەوە یەکگرتووەکان وڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی وزۆر شوێنی تردا، لەیاساکەدا دادگای فیدڕاڵی کەنەدا دەتوانێت کۆتایی بەهەر مانگرتن وخۆپیشاندانێک بهێنێت، ئەگەر ببێتە هۆی ڕاگرتن وپشێوی سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی…وهەروەها ئەگەر یەکێتیە کرێکاریەکان وسەندیکاکانیان پابەند نەبن بەو بڕیارەی دادگای فیدڕالیەوە؟ ئەوا بەپێی یاسا ئەو ڕێکخراوە دەبێت سەرانە یاخود پارەی ئەو زەرەرو زیانە ببژێرێت کەلەکاتی درێژەدان بە مانگرتن وخۆپیشاندەکاندا بەر ئابوری وڵاتەکە یان شوێنی کارەدەکەوێت.
ئەمە ئەگەر سەرنجێکی وردی بدەیت بەتەواوی لێسەندنەوەی مافی ئازادی بڕیاردانی سەربەخۆ وخەباتکارانەی کارگەران ولەقاڵبدانیانە بەناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیەوە! لەکاتێکدا هیچ یاسایەک نیە ئەو کۆمپانیایانە سزابدات کەوەڵام بە داخوازی کارگەران وبەرژەوەندی چینایەتیان لە مانگرتن وخۆپیشاندانەکان نەداتەوە! ئەمە بەڕۆشنی دەریدەخات ئازادی ودیموکراسیەتەکەیان هێندەیە کەبەرژەوەندی سەرمایەداران بپارێزێت وزەرەرو زیانەکەشیان لەسەر ژیانی زۆرینە حساب دەکەن، وەک هەموو شوێنێکی تر لێرە بەیاسا و داتا وکۆمپیوتەرایز کراوە لە وڵاتانی سەرکوت؛
وەک خۆیان دەڵێن دکتاتۆرەکان بەئاشکراو زۆرەملێی چەک هەمان شت دەسەپێنن. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نیە لێگەڕێین هەردووکیان وەک یەکن هیچ دەستکەوتێک لە دەرفەتە مێژووییە بەدەستهاتووەکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەباتی چینایەتی وڵاتەکان لەبەرچاو نەگرین، لە کردنەوەی دەروازەی ڕیفۆرمە سەپێنراوەکاندا لەلایەن خەباتی ئازادیخوازان وبزوتنەوە شۆڕشگێڕەکانەوە. بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە لە مێژووی ئێستاماندا هەر خودی ئەم سیستمە چینایەتیەی سەرمایەداران سودیان لەوە کردووە کە کارگەران ونەوەی تازە زۆر ئاشنا نین بەئەزموونەکانی خەباتی چینایەتی وچۆنێتی بەدەستهاتنیان، وخودی ڕێکخراوە وسەندیکاکانیش بایەخیان بەم ئاگاییە چینایەتیە کۆمەڵایەتیە نەداوە، وکارەکانی ئەم ڕێکخراوانە لەزۆر شوێندا هێندە لەقاڵبدراون بەیاسا کارگەرانی قۆڵبەستکردووە. جا بەبڕوای من؛
ئەمە خاڵی یەکلاکەرەوەی سەرلەنوێ بەئاگا هاتنەوەی کارگەرانە لە ناسینی وتار وکرداری دەوڵەتەکانی سەرمایەداران، و جیاوازی وبەرژەوەندی چینایەتیمان، ئیتر ئەمە چەند دەکێشێت وچەند درێژدەبێتەوە؟
وابەستەیە بەکاری ڕابەران وخەبات وئاگایی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوو ڕەوتی ڕووداوە لۆکاڵی وناوچەیی وجیهانیەکانەوە لە قوڵکردنەوەی قەیرانی نەبڕاوەی سیستمی سەرمایەداری وڕەگەکێشکردنیدا، نەک وەهمی ڕیفۆرمخوازی وەک بەسەر بزوتنەوەی کارگەریدا زاڵە وسەپێنراوە لەلایەن ڕۆشنبیرانی بۆرژوازی وحزب ودەزگا ومیدیا زوڕناژەنەکانیانەوە.
ئەوەی دەمەوێت بیڵێم لەسەر کەنەدا ئەوەیە؛ تەنها لەماوەی جوارساڵی ڕابردوودا ئەمە زیاتر لە چوار بۆ پێنج بزوتنەوەی کارگەری ومانگرتنی گەورەی ئاوا لەژێر ئەو یاسایەدا سەرکوتکراوە. لەوانە بزوتنەوەی شۆفێرانی لۆریەکان دژی بەزۆر کوتانی ڤاکسینی کرۆنا، کە باکوری ئەمریکایان هەژاند وتۆمەتی فاشیزم ونازیزمیان دایە پاڵیان، ولەڕێگەی بانکەوە هەموو ڕێژەی سامان وداهاتیان بلۆک کردن. هەتا دژی هەر کەس ولایەنێکیش کە پشتیوانیان لێکردبوون، کەئەمە تازەترین شێوازی هەڕەشەو سەرکوتبوو کەنەدا بۆ یەکەم جار تاقیکردەوە دژی بزوتنەوە چینایەتی وناڕەزایەتیەکان.
دواتر دژی یەکێتیە کرێکاریەکانی بزوتنەوەی کارگەرانی خزمەتگوزاری وخۆراکەکان و کارگەرانی بەندەرەکان وکارگەرانی پۆستی کەندا کە زیاتر لە ٥٥ هەزار کارگەر تێیدا بەشداربوون. ئەوەی جێگای سەرنج بوو لە مانگرتنی یەک مانگەی کارگەرانی پۆستی کەنەدا بەشێک لە کارگەران لەوەڵام بە بڕیاری دادگای فیدڕڵیدا وتیان ” ئێمە مانگرتن ناشکێنین وبڕیاری یەکێتیەکە بۆ ڕاگرتنی قبوڵناکەین” کەچی هەر زوو دەزگاکانی پۆلیس وتۆقاندن هێرشیان کردە سەریان وبەچاوسورکردنەوەو هەڕەشەی دەستگیرکردن وغەرامەکردنیان ئەو هەوڵەیان ڕاگرت. بەڵام ئەمە سەرەتای ئەو بەئاگا هاتنەوەو بەرەنگاریەیە کە مژدەی ئایندەمان پێڕادەگەیەنێت،لەکۆتاییدا دەمەوێت بەهاوچینەکانم ڕابگەیەنم کە ئەم چاوپێکەوتنە دەخوێننەوە و هیوایەکیان هەیە بڵێم دروشمی یەکێتیە کارگەریەکان وڕێکخراوەکانیان ئەوەیە کەدەڵێت”دەستبردن وئازاردانی هەریەکێکمان دەستبدرن وئازاردانی هەموومانە”.
بەڵێ بەدڵنیایی لەکەنەدابێت یان لە کوردستان وهەرجێیەکی ئەم جیهانە ئازار وسەرکوت وچەوسانەوەی چینایەتی هەر یەکێکمان هی هەموومانە، ئەمەش ئاسۆی ڕزگاری ویەکگرتوویی هەموومان دەخوازێت بۆ سەرکەوتن وڕەگەکێشکردنی سیستمی چینایەتی وچەوساندنەوەو هیوای ڕزگاری بەشەریەت…