دەرکێشـانی پرسـی موچـە لـەچنـگی دەسـەڵاتدارانـی هـەرێــم
و بەغـدا، هاتنـە مـەیـدانی هێـزی یـەکگـرتووی کرێکـــــاران
و کارمــەندانی پێـویستــە!
محمود حلاق
پرسی موچە، بەردەوام پرسێکی گەرموگوڕی ڕۆژانەیەو بووە بەبابەتی گشتی و جەماوەری چونکە ڕاستەوخۆش پەیوەندی بەباری ژیان و گوزەرانی خەڵکەوەیە.
ئەمە لەکاتێکدایە کەهەرێمی کوردستان و بەغداد دەیان ناکۆکی و پرسی تریشیان هەیەو ساڵانێکە چارەسەرنەکراوە، بەڵام لەئێستادا نەك هەر بابەتی ناردن و نەناردنی موچە لەناو گیروگازدایە، بەڵکو ئەوەی ئاشکراشە لەکاتی ناردنی موچەش لەبەغدادەوە چەندین گرفتی نوێیتر دەهێنێتە پێشەوە کەڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بەبژێوی خەڵکەوە لەهەرێمی کوردستاندا. هەولێرو بەغداد لەناو گەمەی سیاسی خۆیاندا هەریەکەو ئەویتریان تاوانبار دەکات بەوەی مەبەستی شاراوەو سیاسی هەیە لەپشتی نەناردنی بڕی تەواوەتی موچەوە. ناوەند هەمیشە بەگومانە لەدەسەڵاتدارانی هەریم و بەغداش هەرساتەی کێشەیەک دروستدەکات.. ئەم یاریە سیاسیەی کەلەنێوان بەغداو هەرێمدایە، بەدڵنیایەوە کاریگەرییە زیانبارەکانی بەسەر کرێکاران و خەڵکدا شکاوەتەوەو هەردوولا ژیانی مووچەخۆرانیان وێرانکردوە.. سەرەڕای ئەمە، کۆمەڵێك کێشەی تریش هەیە کەلەڕاستیدا نە بۆ ناوەند گرنگەو نە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمیش، لەم کێشانەشدا هەردوولا قازانجی گەورەیان کردووەو پرۆسەکەش بەقازانجی هەردولایەو وەك وەرەقەیەکی سیاسی بەدەستیانەوەیە بۆ مامەڵەو سەفەقات و فشار لەسەر یەکتری. لەڕاستیدا، سەرچاوەی کێشەی موچەو سەرلەبەری کێشەکانی تریش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەم دەسەڵات و سیستەمە سیاسیەوە هەیە کەلەعێراقدا مەوجودە بەکوردستانیشەوە.
لەدەستوری عێراقدا زۆر بەڕۆشنی دیارە کەهەرێمی کوردستان چ مافێکی هەیەو دەبێت چۆن خەڵکی هەرێم بەرێوەبەرێت. بەڵام کاتێك کە مادە دەستورییەکان دەکەنە بنەما بۆ دانانی یاساکان، ئەوە دەبینین کەچۆن ڕێگە خۆشدەکەن بۆ وەرگرتنی بەشبەشێنەو پلەو پایەی دەسەڵاتەکانیان، ئەوە دەبینین کاتێك کەقسە دێتە سەردابەشکردنی بودجەی ساڵانە بەچ شێوەیەك دەکەوونە تەخشان و پەخشانکردن و فەرهودکردنی داهات و سامانی ئەم وڵاتەو چۆنیش ئەم دزییە بەیاسایی دەکەن، دواتریش یەکتری تاوانبار ئەکەن بەوەی کەلەبودجەدا کورتهێنانمان هەیەو دەیکەن بەپاساوو ژیان و گوزەرانی خەڵک بەبارەمتە دەگرن و لەناهەموارترین بارودۆخدا ڕایاندەگرن. کەواتە، هەتا ئەم سیستەم و دەسەڵاتە سیاسییە بمێنێتەوەو وەکو خۆی باقی بێت، ئەوا نەک بەتەنها کێشەی موچەو خزمەتگوزاری و دامەزراندن و..هتد، کۆتایی پێنایەت، بەڵکو ڕۆژبەڕۆژ ژیان و گوزەرانی خەڵک هێندەی تر لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوەو تەسلیم بەداهاتوویەکی تاڵ دەکرێتەوە.. مانەوەی ئەم جۆرە سیاسەت و حکومڕانیە، خۆی سەرچاوەی سەرلەبەری کێشەو گرفتەکانی خەڵکەو بەردەوامیەکەی بەواتای بەردەوامی نەهامەتی زیاتری کرێکاران وجەماوەری خەڵکە. هەر بۆیە تەنها ڕیگا بۆ کۆتاییهێنان بەم هەموو کوێرەوەری و نەهامەتیەی ئێستا، هاتنەمەیدانی یەکگرتوانەی جەماوەری خەڵکە بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتەکانی ئێستاو بەدەستەوەگرتنی کۆمەلگا لەلایەن نوینەرانی خەڵک خۆیانەوە. ڕێکخراوبوونی خەڵکی کوردستان لەدەوری خواست و مافەکانیان لەڕێکخراوێکی جەماوەریدا، کۆکردنەوەی هێزی لەبن نەهاتووی خۆیانە کەدەتوانێت نەک هەر ڕێگا بگرێت لەپەلامارەکانی دەسەڵاتداران و حکومەتەکەیان بۆسەر سفرەو ژیانی خەڵک، بەڵکو فرسەتی ئەوەشیان بۆ دەهێنیتە پێشەوە کەکێشەی موچە وخزمەتگوزاریەکان چارەسەربکەن وژیانیکی شایستە بۆخۆیان دابینبکەن. لەیەک ووتەدا خەڵکی کوردستان تەنها لەڕێگای گۆرانکاری لەسیستمەی ئیستاوە دەتوانن هەم موچەکانیان زامنبکەن وهەم ژیانی خۆشیان باشتر بکەن.