کرێکارانی کوردستان نابێت سڵ لە ڕێکخراوبوون بکەنەوە!!
وەستا مهدی
کرێکارانی کوردستان بارودۆخێکی سەختی کارکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. سەرەرای ئەوەی کە لەیاسای کاردا ئاماژە بە هەندێ ماف کراوە و هەرێمی کۆردستان بەپێی یاساو رێساکانی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و خودی ئەو یاساو ڕێسایانەی کە کاریان پێدەکرێ، ئەبێ جێبەجێیان بکات، بەڵام بەبیانوی جۆراوجۆرەوە زۆربەی ئەو مافانە جێبەجێ نەکراوە. یەکێك لەو هۆکارانەی کە بۆتە رێگر لەبەردەم پشتگوێ خستنی مافە یاساییەکانی کرێکاران نەبونی ئازادی رێکخراوبونە. کاتێ کە کرێکاران رێگەی رێکخراوبوونیان نەبێت و نوێنەرایەتیەکانیان لەلایەن خاوەنکارو حوکمەتەوە بەرەسمی نە ناسرێن و مافەکانیشیان پێشێل بکرێت، بەئاسانی ناتوانن داوای بکەن.
کرێکاران لەم چەند ساڵەی دوایدا لە زۆرێك لە ناوەندەکانی کار بەتایبەتی لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا مافیان پێشێل کراوە و تەنانەت مافی کارکردن کە لە دەیان رێکەوتننامەی نێودەوڵەتیدا کە عێراق واژۆی لەسەرکردووە و ئەبێ پابەند بێت پێیەوە، پێشیلکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی عێراق یەکێکە لە ئەندامانی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و ساڵانە لەلایەن ئەو رێکخراوەوە سپۆنسەری دەکرێت بۆ گەشەپێدانی هەلومەرجی کارو باشترکردنی دۆخی کاروژیانی کرێکاران. کرێکارانی کوردستان سەرەرای داخستنی دەرگای رێکخراوبوون لێیان، بەڵام زۆر بوێرانە درێژە بەخەبات دەدەن و چەندین ساڵە خەبات ئەکەن لەپێناوی دەستەبەرکردنی دۆخی کارو ژیانیان کە بەجۆرێک بێت بتوانن درێژە بەژیانیان بدەن، بۆ تیکشکاندنی بەربەستەکانی خاوەنکار لەبەردەم رێکخراوبونیاندا لەرێگای دەستەکانی کارخانەو گروپە کانی ناو تۆرە کۆمەڵاتیەکانەوە خۆیان رێکخراو کردوەو لەهەوڵی ئەوەدان کە دۆخێکی تازە و گونجاو لەگەڵ ئەم سەردەمە تازەیەی کە خاوەنکارو دەسەڵاتداران سەپاندویانە بخوڵقێنن و بەرەو کۆتاییهێنان بە و زۆڵم و زۆرەی کە لییان دەکرێ، هەنگاو هەڵگرن .
کرێکاران ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە خاوەنکارو دەسەڵات بەبێ بوونی رێکخراوە سەربەخۆکانی خۆیان گوێ نادەن بە هیچ بریارو بەلگەیەکی دانپێدانراو. باش دەزانن ئەو مافانەش کە بە یاسا دانیان پێدانراوە، دەرئەنجامی خەباتی کرێکاران خۆیانە نەک هیچ شتێکی تر .
کەواتە مادام رێکخرابوون بتوانێت تەواوی گرێ کوێرەکانی بەردەم خەباتی کرێکاران بکاتەوە و دەروازەیەکی رۆشن و ئاسۆیەکی روون بخاتە بەردەستی کرێکاران، نابێ کرێکاران بەهیچ جۆرێك سڵ لە دەستبردن بۆ رێکخراوبونی خۆیان لەدەوری خواستە بەرهەحەقەرکانیان بکەنەوە. تا زۆتر خۆیان رێکخراو بکەن، چاکتر دەتوانن فرسەتی ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان موسۆگەر بکەن .
٢٠/ئایاری ٢٠٢٤