Dangikrekar.com
سەرنوسەر

سەروتار کرێکاران نابێت ئەم زوڵمە قبوڵبکەن!

کرێکاران نابێت ئەم زوڵمە قبوڵبکەن!

غەرامە کردنی کرێکارانی ژینگەپارێز، بەبڕی ٧٠هەزار دینار لە موچەیەکی ٣٠٠هەزاری، دەستدرێژیەکی ئاشکرای کۆمپانیاکان و بێدەربەستی وەزارەتی کارە بەرامبەر بەژیان و گوزەرانی کرێکاران.

کاری ژینگەپارێزی بەشێکە لەوکارە خزمەت گوزاریانەی کە دەبێ حکومەت لەداهاتی گشتی بێبەرامبەر پێشکەشی خەڵکی بکات. وەزارەتی شارەروانیەکانیش ئەرکی خاوێن کردنەوەی شارەکانی دەکەوێتە ئەستۆ. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا وەزارەتی شارەوانیەکان ئەم ئەرکەی لەسەر شانی خۆی داماڵیوەو سپاردویەتی بەکومپانیاکانی کەرتی ئەهلی و بەپێی گرێبەست کاری خاوین کردنەوەی شارەکانیان پێدەسپێرێت.

بێگومان ئەو کومپانیایانەی کەکاریان لە شارەوانیەکان وەرگرتووە بە پێێ یاسا پابەندن بە جێبەجێ کردنی مافی ئەو کرێکارانەی کە بەکرێیان گرتون بۆکاری خاوێن کردنەوەی شارەکان، هەر سەپێچیەکی یاسایی دەرهەحەق بەمافی کرێکاران بکرێ کومپانیاکان لێی بەرپرسیارن و دەبێ وەزارەتی کار کە جێبەجێکەری یاسای کارە لێپێچینەوە لە کومپانیا بکات و ئەگەر دەرکەوت مافی کرێکارەکەی پێشێل کردوە موحاسەبەی بکات و مافی کرێکارەکە لە کومپانیاکان وەربگرێتەوە. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر خاوەنکارەکە هەر سەرپێچیەکی لەکرێکارەکان بینی پێش هەرشتێك ئەبێ لێژەنەکانی چاودێری وەزارەتی لێئاگادار بکاتەوە نەك خۆی ئیجرائات لەگەڵ کرێکاران بکات و سزایان بدا. بێگومان بەپێی یاسا خاوەنکار دەتوانێت و بۆیشی هەیە چاودێری کرێکارەکانی بکات بۆئەوەی بزانێت تاچەند ئەوکارەی پێی سپاردون جێبەجێ کراون. بەلام بۆیان نیە ڕاستەوخۆ لە دەرەوەی یاسا، کرێکاران سزابدەن وڕوبەڕویی غرامەیان بکەنەوە، بەتایبەتی لەو کاتانەدا کەئەگەر دەرکەوت و سەلمێنرا کرێکارێك کەمتەرخەم بووە لە ئەنجامدانی کارەکەی. بۆ ئەمە دەبێ خاوەنکار دوو تا سێ جار کرێکارەکە ئاگادار بکاتەوە ودواتر چاودێرەکانی وەزارەتی کاری لێ ئاگادار بکاتەوە. بەڵام ئەوەی کەلەم بارەوە کومپانیاکانی کەرتی ئەهلی بەشێوەکی گشتی ڕەچاویان کردووە نەک هەر خودی یاسای کار جێ بەجێ ناکەن و هیچ حیسابێك بۆ بڕیارو ڕێساکانی وەزارەتی کار ناکەن،  هەرخۆیان ڕاستەوخۆ کرێکاران سزا ئەدەن و بێگوێدانە یاساو حیساب کردن بۆ وەزارەتی کار، غەرامەی مالی، سەپاندنی ڕۆژی غیاب و بڕین لەموچە، تەنانەت هەندێ جار کرێکارانیان حیجز کردوە، وەیا لەسەرکارەکەی دەریانکردوون وزۆر مامەڵەی ناڕوای تری لەم شێوانە.

ئەم جۆرە سزایانە کە لەهیچ مادەیەکی یاسای کاردا ئاماژەی پێنەدراوە، بەڵام ئەوە کۆمپانیاکان وخاوەنکارەکانن کە ڕاستەوخۆ ویەکلایەنە ئەم جۆرە سزایانە بەسەر کرێکارەکانیاندا جێبەجێدەکەن بەبێ ئەوەی سڵ لەهیچ شتێک بکەنەوە وحکومەت و وەزارەتی کاریش هیچ کاردانەوەیەک لەخۆی نیشان نادات. لەکاتێکدا ئەمە زوڵمێکی ئاشکرایە.

بەنمونە کرێکاریکی ژینگەپارێز کە ڕۆژانەکەی ١٠هەزار دینارە، بەبیانوی ئەوەی خاوەخاوی کردوە یان کاتێک چاودێری کومپانیا هەندێک پیسی جێماوی بینیوە، بە ٣٠هەزار دینار کرێکارانێکی غەرامەکردوە. تازەترین نمونەش کومپانیای بیڤانە لەڕانیە. ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو هەواڵەیە کە یەکێك لەکرێکارەکان ناردویەتی بۆ دەنگی کرێکارو ناشیەوێت ناوی بهێنین نەوەکا کومپانیا لەسەرکارەکەی دەریکات: “ئەمرۆ لەکاتی موچەی ژینگە پارێزانی ڕانیە. بەشێکیان ٧٠ هەزار لەمووچەکەیان بڕدراوە لەکاتێکدا بە ٥٠ شەو یەک موچەی ٣٠٠ هەزاریمان پێ دەدرێت. ئەمرۆ بەشێکی زۆر لە ژینگە پارێزان غەرامە کراون بەشێوازێکی دوور لەیاسا . بەڕاستی کوا قانوون کوا یاسا. داواکارین ئەم هەواڵە بڵاوبکەنەوە و بەزوترین کات ئیدارەی ڕاپەرینی لێ ئاگادار بکەنەوە” .

بەدڵنیایەوە ئەوە یەکەم جارنیە کەهەواڵی لەم جۆرە لە کرێکارانی ژینەگەپاڕیزەوە بڵاودەبێتەوە، بەڵام خودی ئەم هەواڵە خۆی بەڵگەی ئەو دەستدرێژیەیە کە کۆمپانیاکان لە کرێکارانی دەکەن و لەدەرەوەی یاسا سزاو غەرامە بەسەر کرێکاراندا دەسەپێنن، لەولاشەوە ئەوە وەزارەتی کار و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەکانە کەهیچ کاردانەوەیەکیان نیە. کرێکاران نابێ ئەم زوڵمە قەبوڵ بکەن بەلکو دەبێ بەخەباتی یەکگرتوانەو کۆبوونەوە لەدەورییەک ودەربڕینی ناڕەزایەتی بەکۆمەڵیان ڕوبەڕوی خاوەنکارو کۆمپانیاکان ببنەوە، هاوکات دەبێ لەڕیگای هەڵبژاردنی نوینەرانی خۆیانەوە، شێوازی یاسایی و گونجاو بە توندکردنەوەی فشارەکانیان بگرنەبەر.

 

Related posts

گفتو گۆ لەگەڵ یەکێک لە کرێکارانی کارخانەی “ئینتەر ناشناڵ ئارمورد ڤیەکڵ”دا

Dangi Krekar

دورخستنەوەی دەستی حزبەکان لەدامەزراندن وبەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی،خواستێکی دەستبەجێی کرێکاران و کارمەندانی کوردستانە!

Dangi Krekar

هەولێر قوربا نی شوێنی کا ر

Dangi Krekar

Leave a Comment