Dangikrekar.com
گفتوگۆ

“لە ئەگەری فەوتانی ساڵێکی خوێندندا، لایەنی پەیوەندیدار بە هۆکار دەزانین”

“لە ئەگەری فەوتانی ساڵێکی خوێندندا، لایەنی پەیوەندیدار بە هۆکار دەزانین”

 

گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستا مەریوان حەسەن، سەبارەت بە نارەزایەتیەکانی مامۆستایان

دەنگی کرێکار: سەرەتا ئەگەر بکرێ لەبارەی ئاستی ڕێکخراوبوونی مامۆستایانەوە سەرنجێک بدەیت، واتە چەندە مامۆستایان رێکخراون و چەند جۆر رێکخراوتان هەیەو تائێستە چیتانکردوە بۆ بەدەستهێنانی داواکاریەکانیان؟

مامۆستا مەریوان حەسەن: مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان وەکو سەرجەم وەڵاتانی تر ویست و ئارەزووی هەبوونی ڕیکخراوی هەبووە کە سەرجەم مامۆستایان ڕێکخرا و کۆ بکاتەوە، هەمیش بۆ ئەوەی ئەم ڕێکخراوە ببێت بە داکۆکیاری توێژی مامۆستایان بۆیە لە ڕێکەوتی ١٩٦٢/٥/١٥ واتە ٦٢ ساڵ لەمەوپێش یەکەم کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سلێمانی ئەنجام درا ڕێکخراوی مامۆستایان بونیادنرا. بەڵام بەداخەوە لە ساڵانی ڕابوردوو تاوەکو ئێستاش کە مامۆستایان لە ڕووی گوزەران و پێدانی ماف و شایستەداراییەکانمان بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕین ڕێکخراوی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان نەیتوانیوە ببێت بە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مامۆستایان تەنانەت زۆر جار وەک زمانحاڵی ئەو دەسەڵاتەی کە مافەکانی مامۆستایانی زەوتکردووە دەردەکەوێت، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم ڕێکخراوە کەوتە ژێر هەیمەنەی ئەم حیزبانەی کە هۆکارن بۆ خراپی دۆخ و گوزەرانی مامۆستایان ئەوە لە کاتێکدایە ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی (٢٠١١)ەوە وادەی بەسەر چووە هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە بۆ دیاریکردنی سکرتێر و ئەندامانی دڵخوازی مامۆستایان هەر بۆیە بەهۆی نەبوونی هەڵوێستی وەک پێویستی ڕێکخراوی یەکێتی مامۆستایان و بەسەرچوونی وادەی یاساییان لە هەرێمی کوردستان ئێمەی مامۆستایان ناچاربووین بۆ داکۆکیردن لە مافە زەوتکراوەکانی خۆمان و هاوپیشەکانمان ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست بکەین هەرچەند ئەم ئەنجومەنانە مۆڵەتی فەرمیمان نیە بەڵام تاڕادەیەکی زۆر بوونەتە جێگەی ئومێدی مامۆستایان و بە شێوەیەکی زۆر باش بەیانی داخوازیەکانی مامۆستایان دەکەن لە ڕێگەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە شێوازێکی مەدەنی بۆ گەیاندن و داواکاریە ڕەواکانی مامۆستایان بۆیە دەتوانین بڵێین دروستکردنی ئەم ئەنجومەنانە تاڕادەیەکی باش مامۆستایانی ڕێکخراو و کۆکردۆتەوە لەپێناو بەرگریکردن لە مافە زەوتکراوەکانمان کە چەندین خۆپێشاندانی گەورە و بەرفراوان بە ڕێبەری ئەم ئەنجومەنانە بە شێوازێکی مەدەنی ئەنجامدراون، ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی چەندین دیدار و سەردانیمان کردووە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کونسڵگەریەکان، لایەنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغداد… لەپێناو گەیاندنی دەنگی مامۆستایان بۆ گەڕاندنەوەی ماف و شایستە دارایییە دەست بەسەردا گیراوەکانمان بەڵام زۆر بەداخەوە سەرباری هەموو ئەم هەوڵانە دەتوانین بڵێی تاوەکو ئێستا دەسەڵات نەهاتۆتە ژێرباری داوا ڕەواکانی مامۆستایان.

دەنگی کرێکار: باسی ئەوەتان کرد کە ئەمرۆ پێتان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، ئایا ئەو قۆناغە نوێیە چیەو خواست و داواکاریەکانی مامۆستایان لەم قۆناغەدا چین و چ ئومێدێکتان هەیە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی نارەزایەتیەکانتان؟

مامۆستا مەریوان حەسەن:  ئەم قۆناغە نوێیە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە ئەنجومەنی مامۆستایان وەک بەدیل و جێگرەوەی ڕێکخراوی یەکێتی مامۆستایانی ماوەبەسەرچوو توانیویەتی مامۆستایان تا ڕادەیەکی باش ڕیکخراو بکات هەر لەم ڕێیەشەوە توانیومانە وەک مامۆستایان باشتر لە لەسەڵانی ڕابوردوو پێداگربین لەسەر داوا ڕەوکانمان بۆ ئەم مەبەستە و گەیاندنی دەنگی مامۆستایان، وە لەپیناو سەندنەوەی مافەکانمان کە ١٤ مووچەی تەواو و ٣٦ نیوە مووچە و چارەگە مووجەمان لەلایەن دەسەڵات دەستی بەسەرداگیراوە و هیچ میکانیزمێکیش دیاری نەکراوە بۆ پێدانەوەی ئەم مووچانەمان. هەروەها ماوەی نزیکەی دە ساڵە مافی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و لەم ڕێگەیەوە دەسەڵات مانگانە بەشێک کەمتر لە ماف و مووچەی ڕاستەقینەی خۆمان پێدەدرێت جگە لەوەی لە وادەی خۆی و هەر ٣٠ ڕۆژ جارێک مووچەکانمان پێنادرێت. زیاتر لە ٣٦ هەزار مامۆستا لە نێو کەرتی پەروەردە خزمەت بەم کەرتە دەکەن بەبێ ئەوەی بە فەرمی مافی دامەزراندنیان پێبدرێت بەڵکو لە ژێر ناوی مامۆستایانی وانەبێژ دەوامیان پێدەکرێت بەرانبەر بە مووچەیەکی کەمی ڕەمزی سەرەڕای ئەوەش هەموو مانگێک ئەم مووچەیان پێنادرێت. بۆیە بەهۆی بێباکی دەسەڵات لەئاست داوا کاریەکانمان ئێمە وەک ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەسەرەتای ئەمساڵی پرۆسەی خوێندن بە ناچاری و لە پێناو سەندنەوەی مافەکانمان هەڵوێستی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن پرۆسەی پەروەردەمان گرتە بەر لە ئێستاشدا وەرزێکی خوێند بە کۆتا هاتووە زۆر بەداخەوەین کە خوێندکاران دابڕاون لە خوێندن کەچی دەسەڵات ئامادە نەبووە وەڵامی داخوازیەکانمان بداتەوە بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد ئێمە ناچار کراوین بەم هەڵوێستە چونکە بارودۆخی مامۆستایان و فەرمانبەران زۆر خراپە و زۆرێک لە مامۆستایان توانای دابینکردنی پێداویستی و بژێوی ژیانیان نیە، جگە لە مامۆستایان چینوتوێژەکانی تر و زۆرێک لە دایکان و باوکانی قوتابیان و خوێندکاران پشتگیری لەم هەڵوێستەی مامۆستایان دەکەن چونکە پێیان وایە مامۆستایان لەسەر حەقن و مافی خۆیانە مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و داواکاریەکانیان جێبەجێ بکرێت.

دەنگی کرێکار:  لە ماوەی پێشودا ئێوە هەولێکتاندا کە لە رێگەی دەسەلاتی مەرکەزی لە پایتەختەوە کارێک بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانتان، ئایا لەوبارەوە بە هیچ ئەنجامێک گەشتون؟

مامۆستا مەریوان حەسەن: دووای ئەوەی ماوەی دوو مانگ تێپەڕی بەسەر خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی و هەڵوێستی بایکۆتی ناچاریمان وە دەسەڵات و حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان ئامادەی جێبەجێکردنی داواکاریەکانمان نەبوو، ئێمەی مامۆستایان وەک ڕێکارێکی تری هەنگاوەکانمان و لەپێناو گەیاندنی پەیامەکانمان بڕیارماندا ڕوو بکەینە حکومەتی عیراق، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارماندا بڕۆین بۆ مەیدانی تەحریر لە بەغدادی پایتەخت لە گردبوونەوەیەکی بەرفراواندا ناڕەزایەتی و داخوازیەکانمان بەیان بکەین و داوا بکەین حکومەتی عیراقی ڕاستەوخۆ مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات بۆیە ژمارەیەکی زۆر مامۆستایان و فەرمانبەرانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەسەر ئەرکی خودی مامۆستایان بە پاس بەرە و بەغداد بەڕیکەوتین بەڵام بەداخەوە لەسەر داوای سەرانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە بازگەکانی ناحیەی شوان، لەیلان، داقوق، دوزخوماتوو ڕێگە بە مامۆستایان گیرا و ڕیگەمان پێنەدار بڕۆین بۆ بەغداد بۆ کەیاندنی پەیامەکانمان کە ئەوەش نیگەرانی مامۆستایانی لێکەوتەوە لەم ڕێگریەی حکومەتی عیراقی بۆیە دووای ئەم ساتە حکومەتی عیراقی داوایان کرد و ڕەزامەند بوون بەوەی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی ببینن لە بەغداد بۆیە چەند جارێک نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی عیراقی لە نێویشیاندا بەڕێز محمد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەچەند بەرپرسانی حکومەتی عیراق تەواوی داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران بە ڕەوا دەزانن و بەڵێنیان داوە کە پاڵپشتی داخوازیەکانمانبن بەڵام ئاماژەشیان بەوە کردووە کە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان هۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەم داواکاریانەی ئێمەن بە پشتبەستن بەوەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئامادەی پابەند بوون نین بەو ڕیکەوتنانەی لەنێوانیاندا هەیە، وەک ئاماژەم پێکرد هەرچەند بەرپرسانی حکومەتی عیراق تەئکیدیان لەوە کردۆتەوە گوایە پاڵپشتی داوا ڕەواکانمان دەبن بەڵام لە ئێستادا مەترسی گەورە لەسەر فەوتانی پرۆسەی خوێندنە و ئێمەی مامۆستایان جگە لەوەی سووربوونی خۆمان لەسەر هەڵوێستەکانمان دووپات کردۆتەوە، داوامان کردووە هەرچی زووە وەڵامێکی فعلی داواکانمان بدەنەوە بە پێچەوانەوە لە ئەگەری فەوتانی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران لایەنی پەیوەندیدار بە هۆکار دەزانین.

دەنگی کرێکار: لەقسەکانتاندا ئاماژەیەکتان دا بەو پشتیوانیەی کەنیقابە کرێکاریەکان و رێکخراوە و نیهادە نێودەولەتیەکان کردویانە، ئایا ئەم بوارە چەندە بۆکاری ئێوە گرنگەو دەتوانێت چ کاریگەریەکی هەبێت لە بەدەستهێنانی ماف و داواکاریەکانتان؟

 مامۆستا مەریوان حەسەن: وەک لە قسەکانم ئاماژەم پێکرد ئێمە وەک ئەنجومەن و دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە ماوەی ڕابوردوو زۆر ڕێگە و شێواز و هەنگاوی کردەیی باشمان گرتۆتەبەر بۆ گەیاندنی پەیام و داوا ڕەوکانی مامۆستایان بەو مەبەستەی دەسەڵات ناچار بە جێبەجێکردنی داخوازیەکانمان بکات هەر بۆیە بەدەر لە هەڵوێستی بایکۆت و خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شەقامەکانی شار و شاروچکەکانی هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە پەیوەندی لەگەڵ: سەندیگا و ڕێکخراوەکانی کومەڵگەی مەدەنی، سەندیگاکانی کرێکارانی جیهانی و سەندیگاکانی مامۆستایانی جیهانی دروست بکەین بەو ئامانجەی ئەوانیش پاڵپشت و هاوکارمانبن بۆ گەیاندنی پەیامەکانی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان کە لە ئێستادا زیاتر لە ٥٧ هەزار مامۆستا بەناچاری و لەپێناو سەندنەوەی مافە زەوتکراوەکانمان بایکۆتی پرۆسەی خوێندمان کردووە بەهۆی ئەم هەڵوێستە سەرووی ٧٠٠ هەزار قوتابی و خوێندکار بێبەشن لە پرۆسەی خوێندن، ئێمە وەک ئەنجومەن و دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان پێمان وایە پاڵپشتی و پشتگیری ئەم سەندیگا و ڕێکخراوانە لە هەر کوێیەکی دوونیابن گرینگی تایبەتیان هەیە بۆ ئەوەی ئەوانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان دەنگی ئێمە بکەیەنن بە لایەنەکانی تر بەڵکو بە هەموو لایەکمان چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشە ئاڵۆز و کەڵەکەبووەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت کە کێشەکانیش دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیارە کە جگە لە بەتاڵانبردنی داهات و سەروەتە نیشتمانیەکان دەستی بردووە بۆ گیرفان و قووتی ژیانی تاک بە تاکی خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە ناویشیاندا مامۆستایان بۆیە دووپاتی دەکەمەوە ئەم پاڵپشتیە بۆ ئێمە گرینگی و سەنگی خۆی هەیە.

Related posts

  ٨ مارس ڕۆژی جیهانی ژنانە، ڕۆژی ”نا” ووتنی چینی کرێکارە بەجیاکاری و نایەکاسانی!

Dangi Krekar

بەدوای چەندین جار لەخۆپیشاندان و بایکۆتی کارەکانیان، موچەی کرێکارانی ژینگەپارێزی دەڤەری ڕانیە، بۆ ٤٠٠ هەزار دینار زیادکرا!

Dangi Krekar

یاداشتنامەی داخوازییەکانی کرێکارانی کوردستان لەئایاری ئەمساڵدا

Dangi Krekar

Leave a Comment