ئامادەکردنی: مەحمود حەلاق
لەسەردانێکی مەیدانیدا، پەیامنێری دەنگی کرێکار، لەبارەی کاریگەری بێکاری لەسەر دۆخی ژیان وکاری کرێکارانەوە پرسیاری لەچەند کرێکارێک کرد وئەوانیش بەم شێوەیە ڕا وبۆچونی خۆیان خستەڕوو:
سەرەتا یە یەکیك لەکرێکارەکان وتی:
“من لەکارگەیەک ئیش دەکەم، بەڵام حەز ناکەم ناوی ئەو شوێنە بهێنم و ناشمەوێت ناوم بڵاوبکەنەوە.. کاکە ئەترسم، ئەترسم لەوەی کەبەهەزار واستەو پاڕانەوە وەرگیراووم بەکرێکار بەڕۆژانەی ١٢ هەزار دینار لەسەعات ٧ بەیانیەوە بۆ سەعات ٥ ئێوارە، کاکە چۆن نەترسم! ئەترسم ئەوەشم لەدەست بچێت، دواتر چیبکەم! خێزاندارم و دوو منداڵم هەیە، کرێچیم، دەبێت بەم مەرگەساتانەوە ژیان بگوزەرێنم.. فریای هیچ ناکەووم، بەدەم خۆشەکاری قورسی١٠ سەعاتی بەپێوە ڕاوەستان.. یەک سەعات ئیستراحەتمان هەیە، چۆن بحەوێینەوە.. هەمیشە بیردەکەینەوە کەدەبێت چارەنووسمان بەرەوکوێ بڕوات.. بیر لەمنداڵ و دایک و باوکی نەخۆشم ئەکەمەوە کەچۆن بەشێک لەنەبوونی و نەهامەتیەکانی ئەوان هەڵگرم، چی بکەم ناتوانم و فریای خۆشم ناکەووم..”
لەدرێژەی قسەکانی ئەم کرێکارەدا، یەکێکیتر لەکرێکارەکان ئاوا بۆچونی خۆی دەربڕی:” براگیان، پارە نیەو پەیداش ناکرێت، کارێک نیە، کاسبی نیە، گەنجەکان لەبەتاڵیدا دەسوڕێنەوە، ئیشی دەست ناکەوێت.. لەفەیەک بەشەریکی ئەخۆن. ئەوەش حاڵی کۆمپانیاو کرێکارەکانە.. تۆ ئەزانیت ئەوان ئێمەیان ئیستغلال کردووە بەڕۆژانەیەکی کەم کەپارەی یەک مریشک نیە بۆ ژەمێکی ئێوارە، ئەوان هاتوون ئەمان ترسێنن کەئەگەر کارەکە قورسەو بۆت ناکرێت، ئەگەر ناڕازیت بەپارەو مووچەکەی، ئەوا ئازادیت و ئەتوانیت نەیکەیت، دنیایەک بەتاڵ و بێکار خواخوایانە ئەو کارەی تۆ بکەن و دەستیش ماچ بکەن، ئابەم شێوەیە مەجبورین قبوڵی بکەین و شان بدەینەبەری. عەقدێک وەکو مارێکی تۆپیوو ئەخەنە بەردەممان و سەرپشکمان دەکەن لەوەی کەڕازی دەبین یان نا!. هەتا ڕادەیەک زگورتەکان بەشێکیان دەڕۆن و کارەکە بەجێ دەهێڵن لەقورسی و سەختی و سەعاتکارەکەی، بەڵام ئەی ئەوەی کەخێزاندارەو منداڵی هەیە چی! ئەی ئەوەی کەنەخۆشێکی هەیە چی! ئەی ئەوەی کرێچی بێت ، یان دەواو دکتۆرو خەستەخانەی هەبێت چی!”.
هەروەها کرێکارێکیتر دەڵێت:
“براگیان، ئیش و کاریان نەهێشتووە، پارە پەیدا نابێت، هەموو درۆمان لەگەڵدا دەکەن، وەزعەکە ئەوەندە سەخت و دژوارە بۆ ژیانکردن، پارەت بۆ پەیدا نابێت، من دەرچوی زانکۆم و ماوەیەک مقەبام کۆ ئەکردەوە، ئەویش تەنها سەرئێشەیە، دەبوایە لەبەیانیانەوە هەتا سەعات ١٢ و یەکی شەو من مارکێت و کوڵانەو کۆڵانم بکردایە لەپێناوی ئەوپەڕی ١٥ هەزاردا، ئەی چی بکەم لەمنداڵ و ژنەکەم، ئەی باوەشی گەرمی منداڵەکەم چی لێبکەم.. ئێستا حالیەن سەدان کەس خۆی ناونووس کردووە بۆ ئەو کارگانە کە هەرکەسێک بڕوات ئەم بچێتە جێگای، ئەویش بۆ ١٠ و ١٢ هەزار دینار.. کەس لەو پارەیەی زیاتر نیە مەگەر سەرکارو جاسوسەکان”.
دوایین کرێکار بەم قسانە ڕای خۆی لەسەر کاریگەری بیکاری داو ووتی: “بەڕێز گیان، بەڕاستی ئیشەکان زۆر ناخۆشن، کاکە ئەوان بێ منەتن و عەقدێکیان پێ پڕکردوویتەوە دەڵێن ئەوە ئیشەکەی ئێمەیەو ئەوەش بەرنامەی ئێمەیە، ئەگەر پێت خۆشە فەرموو، ئەگەر ناڕازیش بیت ئەوە کەیفی خۆتەو خۆت سەرپشک بە. ئینجا باسەرکاری قاعەو چاودێری گشتیش بوەستێت و ئەوانەش با بوەستێت کەبەسەر سەری کرێکارەکانەوە هەمیشە ڕاوەستاوون و جوڵەیان لەبەر کرێکار بڕیوە. ئینجا لەهەمووشی خراپتر کرێکارەکانە ئەسڵەن لەناوخۆیشیان یەک نین، خۆیان لەناو خۆیاندا بوون بەمراقیب و چاودێر، ئیتر چی ئەکەیت کرێکار لەگەڵ من نەبێت، یان لەدژت بوەستێتەوە. گوزەران و ژیانمان مەرگەساتە.. من ئەمەوێت تێبگەم لەوەی کە هەتا کەی دەبێت وابین”.
بەداخەوە، ئەوە معانات و گرفتی هەرە گەورەی کرێکارانە.. بەڵام دەبێ چی بکرێت بۆئەوەی ئاڵوگۆڕێک بەقازانجی کرێکاران بێتە پێشەوە؟ چی بکرێت بۆئەوەی ژیانیان لەئێستا باشتر بێت؟. کرێکاران بۆ بەرگری لەژیانی خۆیان هیچ ڕێگایەکیان بۆ نەماوەتەوە، جگەلەوەی خۆیان یەکگرتوو ڕێخراو بەکەن و لەشوێنی کارو ژیانیاندا دەستەو گروپی خۆیان دروست بکەن، جگەلەوەی کە لەدەوری خواستەکانیان کۆببنەوەو بۆ باشکردنی ژیانیان یەکگرتوانە پێ بنێنە مەیدانەوە. بەدڵنیایەوە هێزی چینی کرێکار لەیەکگرتوویی وڕێکخراوبونیدایە. خاوەنکارو کۆمپنایاکان و دەسەڵاتداران، لەڕیگای پەرشوبڵاوی وناتەبایی کرێکارانەوە توانیویانە ئەم دۆخە سەخەتە بەسەر کرێکاراندا داسەپێنن.