Dangikrekar.com
وتار

  پرسی بەهێزکردنی ژنان لەکەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستاندا

 

شەیما حەمدەڵڵا – بازیان میدیا

ژنان وەک هاوشانی پیاوان لەکەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵێکی باڵاو کاریگەریان هەیە لەپێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ و بەرهەمی خۆماڵی سەرەڕای جێبەجێ کردنی ئەرکی خێزانی. بەڵام بەدانپێدانانێک بەگرنگی ژنان لەکشتوکاڵداو ئەو لێهاتووییەی کەهەیانە لەم بوارەدا نەبووە..
بەهێزکردنی ژنان لەکەرتی کشتوکاڵدا، پڕۆسەیەکی فراوان و پرسێکی جیهانییەو لەم چەندین ساڵەی دواییدا لەکوردستان خێراتر بووەو پەرەی سەندووەو یەکێکە لەتوخمە گرنگەکانی پێشکەووتنی ئابوری و گەشەپێدانی بەردەوامی کشتوکاڵ و بە ”پێویستی پێشوەختە” بۆ گەیشتن بەئاسایشی خۆراکی جیهانی دادەنرێت.
ئەو کارانەی  کەژنە جوتیارەکان دەیکەن بریتین لەچاندنی شەتڵ و گژوگیا بڕین و دروێنەکردن و شیر دۆشینی ئاژەڵەکان و بەخێو کردنی پەلەوەر …. هتد، بەشداری زۆربەی ئەرکەکان دەکەن جگە لەئەرکە قورسەکان کە کێڵاندن وهەندێک ئەرکی قورسی دیکه کەپیاوە جوتیارەکان دەیکەن،   ژنان لەچالاکییەکانی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی ئاژەڵدا ڕۆڵی باڵادەست دەگێڕن  و بەپایەیەکی جەوهەری دادەنرێت لەکشتوکاڵدا .
سەرەڕای ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ژنان لە کشتوکاڵدا دەیگێڕن، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی چەندین بەربەست و ئاستەنگ دەبنەوە. زۆرجار ژنانی جوتیار دەستیان بەسەرچاوەکانی وەک زەوی و قەرزو خولی ڕاهێنان ناگات، ئەمەش وا دەکات کەسەرکەوتنیان لەم بوارەدا قورس بێت..
ژنان کەمتر خاوەنی زەوی کشتوکاڵین. ئەوانەشی کە کار دەکەن زیاتر بە کرێی ڕۆژانە کار دەکەن   وەک کرێکار. لەزۆرێک  شوێن و جێگاش، یاساو نەریت و کلتور ڕێگری لەژنان دەکات لەخاوەندارێتی و میراتگری زەوییەکان. سەرەڕای هەمو ئەوانەش، لەو شوێنانەی کە ژنان زەوییان هەیە، بەگشتی پارچە زەویەکانیان بچووکترن و کوالیتێیەکی نزمتریان هەیەو بەم هۆیەوە مافەکانیان کەمتر پارێزراون ..                 .
ژنان هەتا دێت ڕۆڵێکی گرنگتر دەگێڕن لەناو کەرتەکانداو لەمێژووشدا ژناندا لەئاماری کشتوکاڵیدا کەمتر هەژماریان بۆ کراوە،  بەلایەنی کەمەوە نیوەی وێنەکەیان لەدەستداوە. بەپێی کۆکردنەوەی داتاکان ڕێژەی ئەو ژنانەی کە لەچالاکییە پەیوەندیدارەکانی کشتوکاڵدا کاردەکەن لەهەرێمی کوردستاندا بۆ نزیکەی لەسەدا ٣٠ زیادی کردووە، هەرچەندە لەوانەیە لەسەدا 4ی زەوی کشتوکاڵیان بەدەستەوە بێت.
لەخوارەوە چەند ڕەهەندێکی  جیهانی وەک پێوەر بەکار دەهێنین بۆ دیاری کردنی ستراتیژی گونجاوو مانەوەی بەهێزی ژنان، ئەوانیش بریتین لە :

بەشداریکردنی ژنان لەبڕیاردان و سەربەخۆیی لەبەرهەمهێناندا، کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی داهات، خاوەندارێتی وەک سەروەت و سامان … هتد، ڕۆڵی سەرکردایەتی، باری کار و تەرخانکردنی کات. .
دەستڕاگەیشتن بەم ڕەهەندانەو بەهێزکردنی ژنان، دەبێتە هۆی گەشەپێدانی بەردەوام لەڕووی باشترکردنی بژێوی ژیان کە لەئەنجامدا نائاسایشی خۆراک کەمدەکاتەوە.

ئەو ستراتیژیانەی بەکاری دەهێنین  بۆ بەهێزکردنی ژنان لەم کەرتەکەدا خۆی لەم چەند ستراتیژیانەدا دەبینێتەوە :
١-پەیوەستکردنەوەی ژنان لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەی سەرکردەن لەکشتوکاڵداو خاوەن پڕۆژەن یاخود ڕاهێنەرن لە بوارە جیاوازەکانی کشتوکاڵدا.
٢-پشتگیری و ئاهەنگگێڕان بەسەرکەوتن و چیرۆکی سەرکەوتنی ژنانی کشتوکاڵی. ئەمەش نمونەی ئەرێنی دروست ئەکات و هاندەرێکیشە بۆ ژنانیتر.
٣-دڵنیابوون لەدەستڕاگەیشتن بەسەرچاوەکانی وەک زەوی، قەرزو چوونە ناو بازاڕ بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.
٤-دروستکردنی گروپ و کۆمەڵە بۆ ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ژنانی کشتوکاڵی بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکتریداو چالاککردنی ئاڵوگۆڕی زانیاری و پەرەپێدانی کارامەیی و بەهێزکردنی بەکۆمەڵ.

٥- کردنەوەی خول و ڕاهێنانی کشتوکاڵی و بانگەشەی ژنان بۆ بەشداری کردن تێیدا . وەچەندین ستراتیژی دیکەش..

بەجێبەجێکردنی ئەم ستراتیژانە، دەتوانرێت پشتیوانی لەژنان بکرێت بۆ بەدواداچوونی ئاواتەکانیان و بەهێزبوون، بەمەش دەخرێنە  سەر ڕێگا بۆ ئەوەی ببنە پێشەنگ لەکشتوکاڵداو بەشداریکردن لەگەشەپێدانی بەردەوامی کشتوکاڵ و کۆمەڵگادا.                                                            .
ئێستا لەهەموو کاتێک گرنگترە کەژنان بەهێز بکرێت بۆ دڵنیابوون لەخۆڕاگری بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەواو کشتوکاڵ و  کۆتاییهێنان بەبرسێتی جیهانی. کەرتی کشتوکاڵ توانایەکی ناوازەی هەیە بۆ بەهێزکردنی ژنان و ڕەخساندنی دەرفەتی هەمەچەشن

Related posts

بانگەواز بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەکۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە فەلەستین، ٢٩ی نۆڤێمبەر

Dangi Krekar

کارگەی چپسی گرین عێراق، جارێکیتر کرێکاران لەسەر کارەکانیان، بەنایاسایی دەردەکات!

Dangi Krekar

گفتوگۆی دەنگی کرێکار لەگەڵ یەکێك لە کرێکارانی کوپنیای نەوتی باکور(شرکة نفط الشمال)

admin

Leave a Comment