Dangikrekar.com
هەواڵ

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکارانی گواستنەوە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات!

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکارانی گواستنەوە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکارانی گواستنەوە (ITF) داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات؛ ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئیسرائیل و هەوڵی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی بەردەوام،
لەوانەش ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکان و دروستکردنی ڕێڕەوی مرۆیی لە ناوچەکەدا بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی زیاتر. سەندیکای کرێکارانی گواستنەوە شانازی بە وەستانەوە لەگەڵ گەلانی ستەملێکراو دەکات. هەڵوێست و سیاسەتەکانمان لەسەر بنەماکانی ئاشتی و دادپەروەری و دەرفەتی یەکسان و دژە ئیمپریالیزم و دیموکراسی و سەربەخۆیی دامەزراون. ئێمە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیمان هەیە کە بە شێوەیەکی بابەتیانە نادادپەروەرییەکان دەستنیشان بکەین و لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتییەکی ڕاستەقینە و بەردەوامدا کار بکەین. داوا لە هەموو سەندیکاکانی سەر بە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکارانی گواستنەوە دەکەین کە پشتیوانمان بن بۆ قسەکردن بۆ ئاشتی و هەنگاونان لە بەرامبەر نادادپەروەری وەک ئەوەی بە درێژایی مێژوو کردوومانە. ئاماژە بە بەیاننامەی ٩ی ئۆکتۆبەر دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە تاکە ڕێگای گونجاو بۆ ئاشتی بەردەوام کۆتاییهێنان بە داگیرکاری نایاسایی فەلەستین و چارەسەری دوو دەوڵەتە. لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا نزیکەی ٨ هەزار کەس کوژراون کە ١٤٠٠ کەسیان ئیسرائیلی لەلایەن حەماس و زیاتر لە شەش هەزار و ٥٠٠ فەلەستینی لە غەززە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و هەزاران کەسیش لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێن بوون. دۆخی غەززە خراپە.
ئیسرائیل خزمەتگوزارییە پێویستەکانی بڕیوە، لەوانە ئاو، سووتەمەنی و کارەبا، هەروەها ڕێگەی گەیشتن بە یارمەتی و پێداویستییەکانی فریاگوزاری گرتووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، نەخۆشخانەکان دوای تەواوبوونی ئاو و سووتەمەنی کارەکانیان وەستاون. مزگەوت و کڵێسا و قوتابخانە و نەخۆشخانەکان وێران بوون و ملیۆنێک و 400 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی لە بۆردومانی سوپای ئیسرائیل ڕزگاریان بێت. فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکارانی گواستنەوە پاڵپشتی بانگەوازی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ دامەزراندنی ڕێڕەوێکی مرۆیی بێ مەرج بۆ غەززە بۆ دابینکردنی هاوکاری خێرا و گونجاو بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک. بەگوێرەی ئاماری لێژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، گەمارۆی ١٦ ساڵەی ئیسرائیل بۆسەر غەززە وایکردووە لە کۆی ١٠ کەس ٨ کەس وابەستەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بن. نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە ڕۆژانە نزیکەی ١٠٠ بارهەڵگر پێویستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە بەپەلەکانی غەززە. یارمەتییەکانی ئێستا بۆ غەززە زۆر کەمترە لەوەی کە پێویستە. بەبێ ئەوەی ڕێڕەوی هاوکاری مرۆیی دەستبەجێ بکرێتەوە بۆ گەیاندنی خۆراک، ئاو، سووتەمەنی و پێداویستی پزیشکی،
ژیانی هەموو کەسێک لە غەززە لە مەترسیدایە، بە منداڵانی بێتاوان و ژنان و بەساڵاچووانیشەوە. پێویستە هەموو حکومەتەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و هاوکاری بە ئامانجی پێشگرتن و وەستاندنی تاوانە نێودەوڵەتییەکان هەنگاو بنێن. کۆنتێکستی مێژوویی و ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی ئێستا هێشتا پرسگەلێکی بنەڕەتین کە دەبێت چارەسەر بکرێن.
ئاشتی بەردەوام دەبێت لەسەر بنەمای بڕیارنامەی ٢٤٢ و ٣٣٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆتاییهێنان بە داگیرکاری نایاسایی و چارەسەری دوو دەوڵەتی بێت. فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکارانی گواستنەوە داوا دەکات: * ئاگربەستی دەستبەجێ لە فەلەستین و ئیسرائیل بۆ پێشگرتن لە کارەساتێکی مرۆیی و زیانی زیاتری خەڵکی مەدەنی. * ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم بارمتە مەدەنییەکان،
بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان. * ڕێڕەوی یارمەتییە مرۆییەکان و گەیاندنی یارمەتی ڕزگارکەری ژیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ملیۆنان کەس لە غەززە. * هەموو لایەنەکان ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن بۆ پاراستنی گیانی مەدەنی. * دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان میکانیزمەکانی ڕێگریکردن و کۆتاییهێنان بە تاوانە نێودەوڵەتییەکان چالاک بکرێت. بەدواداچوون بۆ چارەسەری سیاسی و پاڵپشتیکردنی هەموو حکومەتەکان بۆ ئاشتی لەگەڵ بەدیهێنانی چارەسەری دوو دەوڵەتی هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی گەمارۆی غەززە و داگیرکاری و نیشتەجێکردنی نایاسایی لەسەر بنەمای بڕیارنامەی ٢٤٢ و ٣٣٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەروەها ئەو داخوازییانە دووپات دەکەینەوە کە لە بەیاننامەی سەندیکا نێودەوڵەتییەکانی ١١ی تەمووزدا خراونەتەڕوو داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین دەستێوەردان بکات بۆ پاراستنی گیانی گەلی فەلەستین، لەوانەش لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتن لە هێزی ئاشتیپارێز. – داوا لە بزووتنەوەی کرێکاری جیهانی دەکەین، بە سەرکردایەتی سەندیکا نێودەوڵەتییەکان، هەموو بژاردە مومکینەکان نیشان بدەن بۆ فشارخستنە سەر ئەو کۆمپانیا و خاوەنکار و وەبەرهێنەرانەی کە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە فراوانکردن و بەردەوامبوونی نیشتەجێبوونی نایاسایی لە ئیسرائیل. ئێمە هاودەنگی و پشتیوانی خۆمان ئاراستەی خەڵکی مەدەنی،
منداڵان و ئەندامانی سەندیکای کرێکاری دەکەین کە بەهۆی توندوتیژییەکانی فەلەستین و ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها هەموو ئەندامەکانمان کە بەهۆی ئەم ململانێیەوە زیانیان بەرکەوتووە. فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکارانی گواستنەوە ITF ٢٦ی ئۆکتۆبەر ٢٠٢٣ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کرێکارانی گواستنەوە ITF له ١٥٠ وڵاتدا نزیکەی ١٨.٥ ملیۆن ئەندامی هەیه که زیاتر له ٧٠٠ سەندیکای کرێکاری له کەرته جیاوازەکانی گواستنەوه له خۆ دەگرێت.
توانا حه مە نوری لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی کوردی.

Related posts

لەتیمی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارو نوێنەرانی ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی کرد

Dangi Krekar

کرێکارانی کوردستان، ساڵێکی سەختیان لەسایەی حکومەتی هەرێم و مامەڵەی زاڵمانەی خاوەنکار و کۆمپانیاکاندا بەڕێکرد!

Dangi Krekar

کۆمەڵگا کێ  دەیچەرخێنێ، هێزی کاری کرێکاران، یاخود پارەو پولی سەرمایەداران؟

Dangi Krekar

Leave a Comment