سەبارەت بەخراپی ژەمە خۆراکی ڕۆژانە، کرێکارێکی شەریکەی نەوت نامەیەکی کراوە بۆ دەنگی کرێکار دەنێێرێت
دەنگی کرێکار:
دوای سڵاوو ڕێزمان بۆ ستافی دەنگی کرێکار..
من وەک کرێکارێک لەیەکێک لەگەورەترین کارخانەکانی پیشەسازی نەوت کاردەکەم. ئەم کارگەیە زیاتر لە٣٠٠٠هەزارکرێکاری تێدایەو لەبەشە جیاجیاکانی ئەم کارخانەیەدا کاردەکەین بەسیستەمی شەفتات. بەهۆکاری ئەوەی کەنوێنەرایەتیەکی بەفەرمی ناسراومان نییە کەداواکانمان بگەیەنێتە ئیدارەی کارخانە.، پێم باش بوو لەم ڕێگایەوە ئەو داوایە بگەیەنم.
بەهۆکاری ئەوەی کەهیچ کەسێک بۆی نییە بەناوی هەموانەوە هیچ داوایەک بخاتە بەردەستی ئیدارەی گشتی کارخانەکەو ئەگەر وابکات ئەوا لەسەر کارەکەی دەردەکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کەڕۆژانە دەیان کێشەی گشتیمان هەیە جگەلەکێشە فەردیەکانی ڕۆژانەمان. بۆیە داواتان لێدەکەم کە لەڕێگای دەنگی کرێکارەوە ئەم نامەیەم بۆ بڵاو بکەنەوە بەڵکو هەر هیچ نەبێت ئەگەر بەڕێکەوتیش بێت بگاتە دەستی کەسێکی بەرپرس و وەڵام بەخواستە گشتیەکانمان بداتەوە کە خواستی تەواوی کرێکارانە.
هەر وەک وتم، ئێمە بەسێ شەفت کار دەکەین وبەشێکی زۆرمان ئەبێت لانیکەم ڕۆژانە ژەمێک لەچێشتخانەی کارخانەکە نان بخوات، هەربۆیە داوای سەرەکی ئێمە سەبارەت بەجۆرو کوالێتی ژەمە خواردنەکەیە کەبەتەواوی خواردنی گۆشتی تێدا نییەو ئەوەندە شلە وبرنج دوبارە دەبێتەوە بۆمان ناخورێت، بۆیە داوامان لەبەڕێوەبەری گشتی کارخانەکە ئەوەیە چاوێک بەسیستەمی خوادندا بگێڕنەوەو لانیکەم هەفتانە دوو جار گۆشت هەبێت.
کرێکارێک لەکارخانەی پیشەسازی نەوتی کەوەرگۆسک
هەولێر- سەر رێگای موسڵ