Dangikrekar.com
وتار

ئایا مووچەی بنەڕەتی جیهانی وەڵامە بە زیرەکی دەستکرد ئایا (یو بی ئای) وەڵامە بە (ئەی ئای)

ئایا مووچەی بنەڕەتی جیهانی وەڵامە بە زیرەکی دەستکرد ئایا (یو بی ئای) وەڵامە بە (ئەی ئای)

عامر سابیر

بانقی (گۆڵدمان ساکس) لە ئەمریکا لە ئەیپرڵی 2023 دا، ڕایگەیاند کە لە چەند ساڵی داهاتوودا بە هۆی زیرەکی دەستکردەوە (ئارتیفیشەڵ ئینتەلەجنس)، لە ئاستی دنیادا 300 ملیۆن کرێکار کارەکانیان لەدەست ئەدەن و بێکار ئەکرێن. لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا نووسەران و ئەکتەرانی هۆڵیود لە ئەمریکا لە ناڕەزایەتی و خۆپیشانداندا بوون بۆ زیادکردنی کرێ و باوەڕیان وایە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا زیاتر لە نیوەی کرێکارانی هۆڵیود بە هۆی زیرەکی دەستکردەوە،

بە تایبەت (چات جی پی تی) کارەکانیان لەدەست ئەدەن. لە دەوروبەری ساڵی 2010 ەوە هەندێک لە ڕیفۆرمخوازان و ئەوانەی سەرمایەداریان خۆشئەوێ، لە ڕوانگەی پەرۆشی و دڵسۆزیانەوە بۆ ئەو هەژارییەی کە سەرمایەداری لە گەڵ تەمەنی خۆیدا زیاتر قوڵ و فراوانی کردۆتەوە، وە لە وەڵام بەم قڵشتە قوڵە چینایەتییەی کە سەرمایەداری خوڵقاندوویەتی، پێشنیاری ئەوە ئەکەن کە هەموو کەسێکی بێکار لەسەر گۆی زەوی، بەهرەمەند بێت لە داهاتێکی سادە (مووچەیەکی بنەڕەتی)، کە لانی کەمی ژیانی دابین بکات.

ڕیفۆرمخوازان ئەیانەوێ بەرگێکی ئینسانی بەسەر ڕوی دزێوی سەرمایەداریدا بدەن و پایە ئەساسییەکانی بپارێزن و ڕووە واقعە دژە ئینسانی و چاوچنۆکییەکەی بشارنەوە. ئەوەی کە سەرمایەداران و سیستەمەکەیان تا چەند مل ئەدەن بە دانی مووچەیەکی بنەڕەتی بۆ بێکارانی سەرگۆی زەوی، کارێکە کە پەیوەستە بەو فشارانەی لەسەری درووست ئەکرێ لەم ڕاستایەدا. سیستەمی سەرمایەداری لە هەموو مێژووی چەند سەد ساڵەی خۆیدا هەرگیز بچووکترین داخوازییەکانی کرێکارانی خۆ بەخۆ و ئارەزوومەندانە جێبەجێ نەکردووە،

بەڵکو بەردەوام لە ژێر فشاری مانگرتن و ناڕەزایەتییەکاندا ملی پێ داوە. ئەگەر بە ئارەزووی سەرمایەداران و سیستەمەکەیان بوایە، ئەبوایە ئێستاس کرێکاران ڕۆژانە 16 سەعات و 14 سەعات کاریان بکردایە. سیستەمی سەرمایەداری لە هەموو مێژووی خۆیدا بەردەوام دۆزینەوە نوێ و پێشکەوتنە زانستییەکانی بە تەواوی و 100٪ لە بەرژەوەندی خۆیدا خستۆتە گەڕ و بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر و بێکاری و بێبەشی زۆرتریش بۆ کرێکارن بەکاریهێناوە. وەڵامی دروست بە زیرەکی دەستکرد، بڕینەوەی داهاتێکی بنەڕەتی بۆ بێکاران نییە، بەڵکو کەمکردنەوەی سەعاتی کارکردنی کرێکارانە. بۆ نموونە ئەگەر سەرمایەدارێک لە کارگەیەکدا، لە ئۆفیسێکدا، یان لە کۆگایەکدا،

هەزار کرێکار ئیشی بۆ بکەن، وە بە هۆی تەکنەلۆجیای نوێ و زیرەکی دەستکردەوە، بتواندرێ بە 500 کرێکار هەمان ڕێژەی بەرهەم دروستبکرێ، یان هەمان ڕێژەی خزمەتگوزاری پێشکەشبکرێ، ئەوا ڕێگەی دروست و مەنتقی ئەوەیە کە پێویستە سەعاتی کارکردنی کرێکارەکان کەم بکرێتەوە و ڕۆژانە لەجیاتی 8 سەعات کار،

هەر کرێکارێک چوار سەعات ئیش بکات. ئەمە داواکارییەکە کە پێویستە کرێکارانی سۆشیالیست و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ئێستادا لە بەرانبەر زیرەکی دەستکرددا، داوای بکەن و هەوڵی سەپاندنی بدەن، تا ئەو کاتەی چینی کرێکار لە ڕێگەی حیزبی پێشڕەوی خۆیەوە شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆی بەرپا ئەکات و هەموو پەیوەنددیەکانی سیستەمی سەرمایەداری هەڵئەوەشێنێتەوە و کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی بنیات ئەنێ،

کە تیایدا پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد بۆ کەمکردنەوەی کار و خۆشخزمەتی هەموو کۆمەڵگای بەشەری ئەخرێتە گەڕەوە، نەک بۆ زیادکردن و کەڵەکەکردنی چەندین قاتی سەرمایەی سەرمایەداران و خاوەنکارانی چاوچنۆک و سیستەمەکەیان.

تێبینی:

1) UBI= Universal Basic Income واتە داهاتێکی سادەی جیهانی،

یان مووچەیەکی بنەڕەتی سەرتاسەری. کە دەوڵەت بیدات بە هەموو کەسێکی بێکاری سەرو 18 ساڵ.

2) AI=Artificial Intelligence واتە زیرەکی دەستکرد.

3) Chat GPT (ئەپ)ێک و بەرنامەیەکی سۆفتوێرە،

کە هەر پرسیارێکی لێبکرێ وەڵام ئەداتەوە، یان هەر وتارێکت بوێ بۆت ئەنووسێ.

عامر سابیر٢٠٢٣/٨/٢٠

Related posts

پەیامی سەرنووسەری دەنگی کرێکار بەبۆنەی یەکی ئـــــایـــارەوە

Dangi Krekar

بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی بێکاری، پێویسە جۆرەکانی بێکاری بناسین!

Dangi Krekar

Workers Struggle Centre – Sri Lanka Kurdistan Regional Government Representation

Dangi Krekar

Leave a Comment