Dangikrekar.com
ئەرشیڤ

نەبوونی پشوی ساڵانە ، پێشێلکردنی مافێکی سەرەتایی کرێکارانی کوردستانە

نەبوونی پشوی ساڵانە ، پێشێلکردنی مافێکی سەرەتایی

کرێکارانی کوردستانە

| عامر سابیر:

لە ژمارەی ڕابردووی دەنگی کرێکاردا (ژمارە ٤٦ کە لە جونی ٢٠٢٣ دا لە چاپ دەرچووە)، نامەی کرێکارێکی کارگەی ماستی سلێمانی تیادایە کە سکاڵای بۆ دەنگی کرێکار هێناوە و بەکورتی باسی هەڵاواردن و بێ مافی خۆیان دەکات لەو کارگەیەدا. لەم کارگەیەدا زیاتر لە ٣٠٠ کرێکار بە دووشیفت ئیش ئەکەن و ڕۆژانە ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ تەن بەرهەمی شیرەمەنی دەخەنە بازاڕەکانی کوردستان و عیراقەوە و کرێکاران هەفتانە شەش ڕۆژ کارئەکەن و مووچەی مانگانەیان لە نێوان ٤٠٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزاردایە.

یەکێک لەو بێ مافیانەی نامەی ئەم کرێکارە باسی کردووە نەبوونی هیچ پشوویەکی ساڵانەیە و ئەڵێ ئەگەر کرێکارێک لە مانگێکدا تەنانەت سەعاتیک بە هەر هۆکارێکەوە نەچێتە سەرکارەکەی ئەوا لە مووچەی مانگانەکەی پارەی ئەو سەعاتە ئەبڕن. بەداخەوە کە نەبوونی پشووی ساڵانە تەنها کێشەی کرێکارانی ئەم کارگەیە نییە، لە هەموو کوردستاندا لە بەشێکی زۆری کەرتی تایبەتدا ئەم مافە سەرەتاییەی کرێکاران زەوت کراوە لە لایەن خاوەنکار و کۆمپانیاکانەوە.

سەپاندنی پشووی ساڵانەی چوار هەفتە و پێج هەفتە (بۆ ئەو کرێکارانەی کە بە ڕۆژ ئیش ئەکەن لە ٨ی بەیانی بۆ چواری ئێوارە)، وە پشووی شەش هەفتە لە ساڵێکدا (بۆ ئەو کرێکارانەی کە بە شیفت ئیش ئەکەن)، سەپاندنی ئەم مافە سەرەتاییە بەرهەمی خەباتی دورودرێژ و لە مێژینەی چینی کرێکارە لە ئاستی جیهاندا کە ئیستا لە هەموو دنیادا سەپێندراوە بەسەر خاوەنکار و سەرمایەداراندا و وەک مافێکی بێ ئەملاوئەولا سەیر ئەکرێ. لە کاتێکدا کە خاوەنکار و سەرمایەدارانی چاوچنۆکی کوردستان ئەم مافە سەرەتایییەی کرێکارانیان زەوت کردووە و لە سەر حیسابی جەستە و ژیانی کرێکاران و خانەوادەکانیان سەرمایەی زیاتر کەڵەکە ئەکەن، دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و بێدەربەستیش هیچ خۆیان بە لێپرسراو نازانن لە بەرانبەر ئەم مافە سەرەکی و سەرەتاییەی کرێکارانی کوردستاندا و بێدەنگیان هەڵبژاردووە و خەریکی تاڵانی خۆیانن و هیچ باکیان نییە و قسەکردن لەسەر بێ مافی کرێکارانی کوردستان بە کاری خۆیانن نازانن.

گەرچی وەرگرتنی پشووی ساڵانە وەک یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران لە سەرەتادا بە زۆر سەپێندراوە بەسەر چینی دەسەڵاتداردا، بەڵام لە ئێستادا سەرمایەدارانی وڵاتانی تر ئەم مافەی کرێکاران لە بەرژەوەندی خۆیاندا ئەبینن و ئەڵێن ئەوەی کە کرێکارەکانیان چەند هەفتە پشووی ساڵانە بە کرێی تەواوە وەرئەگرن و بۆ چەند هەفتە ئەچین بۆ سەفەری وڵاتانی تر، یان لەگەڵ ئازیزان و خانەوادەکانیاندا ئەو چەند هەفتەیە بەخۆشی بەسەر دەبەن و لە باری جەستەیی و دەروونییەوە پشووئەدەن، ئەمە وا ئەکات کە کرێکارەکانیان (هێزی کاریان) ئاسودە بێ و زیاتر حەز لە ئیشەکانیان بکەن و توانای داهێنان و خەلاقییەت و بەرهەمهێنانیان (پڕۆداکتیڤیتی) ئەچێتە سەرەوە و ئەمەش سود ئەگەیەنێ بەو کارگە و کۆمپانیایانەی ئیشی تیادا ئەکەن.

ئەم بێ مافییەی کرێکاران کە لە کوردستاندا بەڕێوە دەچێت، لە کەم شوێنی جیهاندا هاوشێوەی ئەدۆزرێتەوە. نەبوونی پشووی ساڵانە بۆ هێزی کاری هەر وڵاتێک، کێشەیەکی گەورەیە نەک هەر بۆ ئەو کرێکارانەی کارەکە ئەکەن، بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگا. ئەم بێمافییە سەرچاوەی دەرهاویشتنی زۆر جۆر نەخۆشی دەروونییە لە کۆمەڵگادا کە نەوەکانی ئایندەش پێوەی ئەناڵێن. ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە لە کوردستاندا ناچارن حەوت ڕۆژ کار بکەن بەبێ هیچ پشوویەک، یان ئەو کرێکارانەی کە ناچارن دوو ئیش و سێ ئیش بکەن، کەم نین لە کوردستاندا. ئاخر کرێکارێک حەوت ڕۆژ کار بکات، ئیتر چۆن هیلاکی جەستە ئەیەڵێ کاتێکی بەسود لە گەڵ منداڵ و هاوسەر و ئازیزانیدا بەسەر بەرێ، ئیتر چۆن فریای بیرکردنەوە و خوێندنەوە و تەغزیەی ڕوحی خۆی ئەکەوێ.

بەرەی چەپی کۆمەڵگا، ڕابەرانی سەراسەری چینی کرێکار لە ڕونگەی بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە بۆ دیاردەکان ئەڕوانن و دنیا ئەبینن. هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینی ساڵی١٩٩١دا، لەو کاتەی شوراکان لە شارەکانی کوردستاندا دامەزران وەک ئەڵتەرناتیڤی چینی کرێکار بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، دوان لە داوا و دروشمە سەرەکییەکان بریتی بوون لە (٣٥ سەعات کار لە هەفتەدا بە دوو ڕۆژ پشووی لەسەریەکەوە) وە (کاری گونجاو یان بیمەی بێکاری بۆ هەموو ئامادە بەکارێکی سەرو ١٨ ساڵ). لە کاتی خۆیدا زۆر لە کەسانی نائاگا و لایەنگرانی سەرمایەدارانی کوردستان، گاڵتەیان ئەکرد کە کەی کاتی ئەم داوایانەیە. ئێستا لە پاش ٣٢ ساڵ لە دەسەڵاتی ئەحزابی قەومی کورد، پەیوەندی حەیاتی ئەم دوو داوایە بە ژیانی کرێکاران و هەموو کۆمەڵگای کوردستانەوە لە هەموو کات حەیاتی تر و پێویست ترە.

بەداخەوە ئەم کرێکارەی کە ئەم سکاڵایەی گەیاندووە بە دەنگی کرێکار ناوی خۆی ئاشکرا نەکرددوە لە ترسی دەرکردن و نان بڕین لە لایەن کۆمپانیاکەوە. ئەمە کێشەیەکی واقعی ئەمڕۆی کرێکارانی کوردستانە کە یان لە بێکاریدا ڕاگیراون یان ئەوانەی کارێکیشیان هەیە بە مووچەیەکی کەمەوە ناتوانن بچووکترین ناڕەزایەتی بە ئاشکرا دەربڕن، دەنا لەگەڵ هەڕەشەی دەرکردن و نانبڕیندا بەرەوڕوو دەبنەوە و کە دەریش کران حکومەتی دز و تاڵانچیانی کوردستان بە هانایانەوە ناچن و سزای خاوەنکار و کۆمپانیاکان نادەن لەسەر ئەم پێشێل کردنی مافە و ئەم دکتاتۆریییەتەی بەرانبەر بە کرێکارانی کوردستان ئەیکەن.

٢٢/٦/٢٠٢٣

Related posts

وتاری مەهدی ڕەسوڵ سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەمەراسیمی ئایاردا !

Dangi Krekar

کۆمەڵگا کێ  دەیچەرخێنێ، هێزی کاری کرێکاران، یاخود پارەو پولی سەرمایەداران؟

Dangi Krekar

ژمارە ٥١ رۆژنامە دە نگی کرێکار بە پیدئێف ببینن لە سە رسایتی دە نگی کرێکار

Dangi Krekar

Leave a Comment