Dangikrekar.com
ئەرشیڤ

ووتەی مستەفا ئەحەمه د سکرتێری ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەمەراسیمی ئایاردا

ئێمە تەنها بەیەکگرتوویی وهاوکاریکردنی یەکتر دەتوانین بەسەر کێشەو گرفتەکانماندا سەرکەوین..

 

 

هاورێیانی کرێکار، ئامادەبوانی بەرێز، لەمەراسیمی ئایاری ئەمساڵ.

ئەم کاتەتان باش .. سەرەتا بەناوی خۆم ولیژنەی باڵای ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازیەوە پێرۆزبایی یەکی ئایار، ڕۆژی کرێکاران لە ئێوە و تەواوی کرێکاران لە کوردستان وسەراسەری دنیادا دەکەم .

هاورێیان:

ئێمە  کرێکارانی کوردستان بەگشتی وکرێکارانی بیناسازی بەتایبەتی، لە هەلومەرجێکی خراپدا ڕاگیراوین، سەرەڕای بێکاری وگرانی و کەمی موچە و  خزمەتگوزاریەکان ونەبوونی بیمە کۆمەڵایەتیەکان ودەیان موسیبەتی تر، بەهۆی ناکۆکی نێوان حزبەکانی دەسەڵات وقەیرانێکی ئابوری کەیەخەی بەکۆمەڵگا گرتوە، ژیانی ئێمەو تەوای خەڵکی زەحمەت کێش لەگێژاوێکی خنکێنەردا ڕاگیراوەو کەسمان نازانین سبەی کەلەخەو هەڵ دەستین چ بەڵایەک یەخەمان پێدەگرێ. ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان بێکارن بونەتە بار بەسەر خانەوادەکانیانەوە و ئەوانەشمان کە لەسەرکارین موچەو حەقدەستمان ئەوەندە نییە تا لانی کەم پێداویستیەکانی ڕۆژانەی پێ بەڕێ بکەین، سەعات کاری زۆرو کرێی کەم، دەرکردن لەسەرکار ناسەلامەتی شوێنی کار کە بەردەوام جەستەی کرێکاران دەهاڕێت، لەڕاستیە تاڵەکانی ژیانی هەر ڕۆژەی ئێمەیە. بەم دواییانەش یاساکارێک کەحکومەت وپەرلەمان پەسەندیان کرد، بەیەکجاری باڵادەستی خاوەنکار وکۆمپانیاکانی بەسەر دۆخی کارو ژیانمندا داسەپاند. کاتیکیش کەلەبەرامبەر ئەم هەموو ئەم دۆخۆ و ئەو بێ مافی و ناعەدالەتیانەدا کەڕوبەڕوومان کراوەتەوە، بەرگری لەخۆمان بکەین و ناڕەزایەتی دەر ببڕین ئەوە دەسەڵاتە کە نەک هەر مافی مانگرتنو ناڕەزایەتیمان پێشێل دەکات، بەڵکو هێزەکانی خۆی دێنێتە سەرمان بە ئاژاوەگێڕ ناومان دەبات.

ئێمە لەڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەساڵی ٢٠١١لەهەوڵی ئەوەداین کە لانی کەم کرێکارانی بیناسازی کە بەشێکی گرنگو بەرچاو پێك دەهێنین مافە سەرەتاییکانمان لەیاسادا دەستەبەر بکرێت، بەتیابەتی مافی خانەنشینی و زەمانی کۆمەڵایەتی، کەچێ دوای دەرچونی یاسای کاری تازەش ئەوەی کەپێشتر بۆمان بەڕەسمی ناسرابوو لێمانیان سەندەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کەئێمە کرێکارانی بیناسازی هەموو ئەو تەلارە چەند نهۆمیانە دەبەین بەئاسماندا، کەچی خۆمان لە کەناری شارەکاندا لە سەرپەنایەکی نەشیاودا دەژین ئەویش بەکرێ .

هاوڕێیان:

ئەم دۆخە سەختە ئەوەلە ئێمە دەخوازی کە لەدەوری خواستەکانمان خۆمان ڕێکخراوکەین وبەخەباتی یەكگرتوانەی خۆمان ژیانمان باشتر بکەین، کەوایە وەرن بایەکی ئایاری ئەمساڵ بکەینە سەرەتایەکی نوێ لەخەباتو تێکۆشان لەپێناوی دەسەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودە. وەرن با پێکەوە لەهەوڵ یەکخستنی بەشەکانی کرێکاراندا بنین و ناوەندێک بۆ یەکگرتوکردنی کرێکاران دامەزرێنین وپێکەوە هەوڵ و تێکۆشانەکانمان یەکخەین بۆ گەیشتن بەداخوازیەکانمان.

ئێمە لەرێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەکوردستان بەڵێنتان پێدەدەین لەڕیزی پێشەوەی خەباتکاران ڕاوەستین تاکۆتایی هێنان بە م زوڵم وستەمەی کە یەخەی پێمان گرتووە.

بژی یەکی ئایار سەرکەوتوبێت خەباتی کرێکاران ..

 

ئ

Related posts

بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لە نێو کرێکاران وخوێنەرانیدا بڵاودەبێتەوە 

Dangi Krekar

دەرچووانی دانەمەزراو پەیامی خۆیان ئەدەن بەدەسەڵات!

Dangi Krekar

پانێڵی (بەرەو ژیانێکی باشتر بۆ کرێکاران)پارێزەر ئەرکان حەسەن

Dangi Krekar

Leave a Comment