عرفان کەریم:
لە سایەی سیستەمێکی سیاسی ئابوری کە لەعێراق و کوردستاندا زاڵە، دەسەڵاتداران و سەرمایەداران لە پێناو کەڵەکەکردنی هەرچی زیاتر لە پوول و پارە و سەرمایە، دەست بۆ چەندین کردی ناشەفاف و پڕ لە فرت و فێڵ و تەڵەکەبازی دەبەن و بۆ گەیشتن بە ئامانجە تەماحکارەییەکانیان، هیچ سنورێکی ئەخلاقی و ئینسانی نەماوە نەیان بەزاندبێ. بەدەر لەوەی، ئەمانە چەندین ساڵە خۆیان لە دابینکردنی سەرەتایترین خزمەتگوزاریەکانی کۆمەڵگە بێ بەری کردوە و لە ڕێگەی سیاسەتی گەندەڵی وتاڵانی پارە و پوولی پڕۆژە خزمەتگوزرایەکانەوە، ملیارەها دۆلاریان لەدەستی خۆیان و کەس و کاریاندا کۆکردۆتەوە، هەروەها بەدەر لەوەی کە ئەمانە سەرەتایترین مافیان بۆ کرێکاران و فەرمانبەران دابین نەکردوە و بە سەپاندن و پێدانی کرێ ومووچەی کەم ونەدانی بیمە کۆمەڵایەتیەکان وهێشتنەوەی هەلومەرجی کار لە ژێر خراپترین بارودۆخدا، بەهەمان شێوەش لەم ڕێگەیەشەوە ملیارەها دۆلاریان بەدەست هێناوە. هەروەها بەدەر لەوەی کە ئەمانە ژێرخان و سیستەمێکی ئابوری وێران و پڕ لە قەیران کێشە وگرفتیان خستۆتەگەڕ، وە لەڕێگەی سیستەمی ئابوری بازاڕی ئازادەوە، دەستیان بردوە بۆ کەمکردنەوەی هەرچی زیاتری خەرجی لە خزمەتگوزاریە گشتی و حکومەمەتیەکان لە بوارەکانی وەک تەندروستی وپەروەردە و کارەبا و ئاو و ڕێگاوبان وئەم خزمەتگوازاریانەیەن سپاردوە بە کەرتی تایبەت و کۆمپنیاکانی سەربەخۆیان، هاووڵاتیانیان ناچارکردووە کە بەپارەیەکی زۆر بتوانن بەهرەمەندبن لەم خزمەتگوزاریانە. لەسەرێکی تریشەوە زیادکردنی رسومات وباج و چەندین ڕێکاری دیکە بۆ زیادکردنی داهاتی خۆیان وکۆمپنیاکانیان.. لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ئەم دوو ناوچەیە پەلامارێکی دیکەیان بۆسەر ژیان وگوزەرانی کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان دەستپێکردوە و لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی پڕ لە فرت و فێڵەوە، دەستیان داوەتە کردوەی یاریکردن بە بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر بە دۆلاردا. نزیکەی دووهەفتەیە بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر بە سەد دۆلاری ئەمریکی نزیکەی ١٧٠٠٠ هەڤدە هەزار دیناری چۆتە سەر بەگوێرەی ئیدعاکانی دەسەڵاتدرانی حکومەتی عێراقی هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکاریە لەبەهای دینار دەگەڕیتەوە بۆ بەقاچاغبردنی دۆلار و پابەند نەبوونی بەشێک لەنوسینگەکانی ئاڵگۆڕی دراو بە سیستەمی حکومەتی بۆ گۆڕینەوەی دراو. لە ڕاستیدا ئەوە دروستە ئەم دوو هۆکارە کاریگەرییان هەیە بەسەر گۆڕانکاری لەبەهای دیناردا، بەڵام دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراقی و هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان، باس لە هۆکارە سەرەکی و سەرچاوەی سەپاندنی ئەم سیاسەتە مالیە ناکەن، کە لە بنەچەدا دەگەڕێتەوە بۆ ملکەچبوونی حکومەتی عێراقی و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمە بە بڕیارەکانی سندقی دراوی نێو دەوڵەتی و بانکی نێو دەوڵەتی کە پێشوتریش لە دەورانی کابنیە وەزاریەکەی حکومەتی مستەفا کازمی، بەهای دیناری عراقی لەبەرامبەر بە دۆلار شکێنرا. لە ئێستاشدا ئەم کابینە تازەیەی حکومەتی( شەیاع سودانی )هەمان سیاسەتی بانکی نێودەوڵەتی و دراوی نێو دەوڵەتی جێبەجی دەکات. ئامانجی سەرەکی ئەم سیاسەتەش شکاندنەوەی قەیرانی ئابوریە بەسەر شانی کرێکاران و فەرمانبەران و خەڵکی زەحمەتکێشی عێراق وکوردستاندا. بە گوێرەی ئەم سیاسەتە داهاتی حکومەت لە ڕێگەی بەرزکردنەوە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، بە چەندین شێوە زیاد دەکات و لەبەرامبەریشدا داهاتی کرێکاران و فەرمانبەران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکرێتەوە، لەئێستادا هۆکاری داسەپاندنی ئەم بڕیارە بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە حکومەتەکەی سودانی چەند هەزار فەرمانبەرێکی تازەی دامەزراندنەوە و بڕیاڕیشە کە مووچەی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ چەند هەزار کەسی دیکەش ببڕێتەوە. ئەم حکومەتە دەیەوێت لەرێگەی ئەم سیاسەتەوە قەرەبووی تێچووی مووچەی ئەم فەرمانبەرانە و هەر جۆرێکی دیکە لە مووچەخۆران دابین بکات.ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی بەرمیلێک نەوت لەبازاڕەکانی جیهان نزیکەی ٩٠ نەوت دۆلار دەبێت و داهاتی حکومەت بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە. سیاسەتی لێگەرتنەوە وکەمکردنەوەی ( خەرجیەکان) حکومەت و زیادکردنی( داهاتەکان) سیاسەتێکی ئابوری بازاڕی ئازادە، کە سیسستەمی ئابوری سەرمایەداری کاری پێدەکات، بەگوێرەی ئەم سیاسەتە، زۆربەی داهاتەکانی حکومەت لە داهاتی هێزی کاری کرێکاران وفەرمانبەران واتە لەمووچەکانیان دەبڕدرێت و دابیندەکرێت، حکومەت کاری سەرەکی بریتی دەبێت لە کۆکردنەوەی باج و رسومات و پاراستنی ئەو دەسەڵاتەی کە لەسەر کارە لەڕێگەی هێزە چەکدارەکانیەوە. سیاسەتی شکاندنی بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر بەدۆلار، لەچوارچێوەی هەمان بەرنامەکاری ئەم حکومەتەیە کە دەیەوێت ئەو مووچە و پارانەی کە دەیدات بە کرێکاران وفەرمانبەران، لەم ڕێگەیەوە بەشێکیان لێ وەربگرێتەوە. ئەم سیاسەتە جارێکی دیکە ڕێژەی هەژاری و بێکاری لە نێو ڕیزی کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێشدا، زیاتر دەکات وگرانی زیاتر دادەسەپێنێ. بەرگرتن بە سەپاندنی ئەم جۆرە دەست درێژیانە بۆسەر ژیان وگوزەرانی کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێش تەنها بە هاتنەمەیدان و ڕێکخستنی هێزی ناڕەزایەتیەکان و سەراسەری کردنیان دەبێت کەئامانجی هەڵوەشاندنەوە ئەم سیستەمە بێت. سیستەمێکی ئابوری سیاسی لەم جۆرە، کە ناکۆکە لەگەڵ سادەترین بنەماکانی ژیان و پێداویستیەکانی ئینسان لەم سەردەمەدا.
previous post