Dangikrekar.com
وتار

مانگرتنی چەند ڕۆژەی کرێکارانی کارخانەی گرین عێراق و دەرسێک بۆ کرێکارانی کوردستان

خەسرەو سایە:
بەم دواییانە کرێکارانی کارخانەی گرین عێراق، دەستیان دایە مانگرتنێکی چەند ڕۆژە. ئەم مانگرتنە، جگەلەوەی نیشانەیەک لەهوشیاربوونەوەی کرێکارن بە دۆخی کاریان وئەو زوڵم وزۆرەی کەلەلایەن خاوەنکارەوە ڕۆژانە بەسەریاندا سەپێندراوە، بەرجەستەدەکاتەوە، هاوکات بەدوای دەورەیەک لەناڕەزایەتی و هەوڵی کرێکاراندا دێت، بۆ باشکردنی دۆخی کار وگەیشتن بەکۆمەڵێک داخوازی لەوانە، زیاد کردنی کرێی مانگانە کەمکردنەوەی سەختیکار، نەهیشتنی زێدەکاری و دابینکردنی ڕۆژانی پشوو مۆڵەتەکان، بەدەستهێنانی پێداویستیەکانی کارو شوێنی حەوانەوەو .. ئەمە جگەلەو بێزاریەی کەکرێکاران دەریان بڕیوە بەرامبەر بەو مامەڵە نائینسانی و بەکەم گرتنەی کرێکاران و دەستبردنی بەڕێوەبەرانی کارخانەکە، بۆ بەگژداکردن و پەرتەوازە کردنی کرێکاران.. لەجەرگەی ئەم دۆخەو هەوڵەکاندا، کرێکاران توانیان لیستی داخوازیەکانیان لە١٢ خاڵدا گەڵاڵە بەکەنەوە و بیخەنە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی کارخانەکە وداوای دانوسان وگفتوگۆ بکەن، بەڵام بەڕێوەبەرانی کارخانە، بەپێچەوانەی خواست و هەوڵی کرێکارانەوە وبەمەبەستی سەرکوتو پاشەکشە پێکردن بەکرێکاران، بڕیاری لەسەر کار دەرکردنی دوکەس لەنوێنەرانیان دەرکردو ئەمەش بووە مایەی دەستکێشانەوەی خێرای کرێکارن لەکارو ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەیان.
لەڕۆژی یەکەمدا سەرەتای مانگرتنەکە بەکۆبوونەوە لەبەردەم کارخانەدا دەستی پێکرد، خاوەن کارخانەکە کەگەمارۆی کرێکارنی دابوو، ڕیگەی بەست لەوەی هەواڵی مانگرتنەکە لەمیدیاکانەوە بڵاوببێتەوە، پاشان کەوتە هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردنی کرێکارانی مانگرتوو، بەوەی هەر کرێکارێک مانگرتن نەشکێنێ و نەگەڕێتەوە سەرکارەکەی ئەوا لەسەر کار دەردەکرێت. بەڵام کرێکاران بەهەوڵی خۆیان توانیان هەواڵی مانگرتنەکەیان بەناردنی وێنەو ڤیدیۆ لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبەکەنەوە، هاوکات بە سوربوونیان لەسەر خواستەکانیان، بەتایبەتی سوربونیان لەسەر خواستی گێرانەوەی نوێنەرە دەرکراوەکانیان بۆ سەرکار، فشارێکی گەورە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی کارخەنەکە دابنێن، ئەمەش بەو هۆیەوە کەئەگەر مانگرتنەکە درێژە بکێشێت ئەوا ڕۆژانە بەملیۆنان دینار کارخانەکە زەرەمەند دەبێت. لەسەرێکی ترەوە هەوڵەکانی کرێکارن بۆ پەیوەست بوونی کرێکارنی شيفتەکانیتر، بووە مایەی ڕاوەستان و ئیفلیج کردنی یەکجاری کار لەکارخانەکەدا. بەتایبەتی لەڕۆژی دووهەمی مانگرتنەکەدا. مانەوەی کرێکارن تا ئێوارەیەکی درەنگ لەبەردەم کارخانەکەدا، بیرۆکەی گۆڕینی مانگرتنەکە بەپیکیتی ناڕەزایەتی بەردەوامی هێنایەکایەوە وکرێکاران سەر لەئێوارەی درەنگ هەوڵیاندا خەیمە هەڵبدەن و شەو بمێننەوە، بەڵام بەڕێوەبەری کارخانە بەڕاکێشانی هێزەکانی ئاسایس بۆسەریان ئەم کارە سەری نەگرت. بەم حاڵەشەوە سوربونی کرێکاران لەسەر خواستەکانیان لەلایەک وپێداگری بەڕێوەبەرانی کارخانە لەسەر هەڕەشەکانی خۆی، بەڕادەیەک هاوکێشەی هێزی نێوان هەردولای لەچەقبەستنێکدا ڕاگرت، کەبەڕێوەبەرانی کارگەی ناچارکرد پەنا بۆ کەسوکاری کرێکارن بباو لەهەوڵی هەڵخڕاندنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا بێت تا کرێکارە مانگرتوەکان بخاتە ژێر فشاری کۆمەڵایەتیەوە و ناچاریان بکات بەشکاندنی مانگرتنەکەیان. بەڵام ئەم هەوڵە سەری نەگرت.
لەڕۆژی دواتردا مانگرتنی کرێکاران بەوپەڕی خۆی گەیشت و دەستی نوێنەری سەندیکاو وەزارەتی کاری هێنایە ناو هاوکێشەکەوە. ئەمەش بۆ ئەوەی ناڕەەزایەتی کرێکاران خاو بکەنەوەو ڕێگە بگرن لەوەی کە پڕیشکی مانگرتنەکە بپەڕێتەوە بۆ کارگەو کارخانەکانی تر، بەتایبەتی کە کارگەی گرین عێراق، لە ناوچەیەکی پیشەسازی وەک بازایاندایەو ژمارەیەکی زۆر لەکۆمپنایاو کارگە وەبەرهێنان دەکەن. سەندیکا وەک عادەتی هەمیشەیی، بەجیا لەڕۆڵ و دەوری کرێکاران خۆیان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارخانەدا کۆبووەو هیچی پێنەکرا، بەڵام ئەو لیژنەیەی کە وەزارەتیکار ناردوبووی، پاش ئەوەی سەردانی کارخانەکەی کرد، گوێی بۆ قسەو داوای کرێکاران گرت ودواتر بەبێ نوێنەرانی کرێکاران لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی کارخانەکەدا کۆبوەوە ولە ئەنجامیشدا بەکرێکارانی ڕاگەیاند کەلیژنەکە لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی کارخانەکەدا کۆدەبێتەوەو هەوڵدەدات نێوەندگیری بکات تا کێشەی هەردولا بە ئەنجامێک بگەیەنێت. دروست لەنێوەندی ئەم کۆبوونەوانەدا بەڕێوەبەری کارخانە ڕاگەیاندنێکی بەنێو کارگەدا بڵاوکردەوەو تێدا، جگەلەوەی ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی هەندێک لەخواستەکانی کرێکاران نیشاندا، لەوانە کەمکردنەوەی سەختی کار بەزیادکردنی کرێکاری زیاتر لەسەر مەکینەکان ودابینکردنی پێداویستیەکان وپشوو.. ڕاستەوخۆ هەڕەشەی ئەوەی بەگوێی کرێکاراندا دا کەهەر کرێکارێک نەگەڕێتەوە سەرکارەکەی لەسەر کار دەردەکرێت. لەسەر نوێنەرەکانیش بەڕێوەبەرانی کارخانە ملیان بەگێرانەوەی یەکێکیاندا بەوەی کە کێشەکەی جیاوازە و دەتوانرێ بۆگەڕانەوەی پێداچونەوەی بۆ بکرێ، بەڵام ئەوەی تریان بەپاساوی هەڕەشەکردن ناخرێتەوە سەرکار. ڕاگەیاندنەکە لەگەڵ ئەوەدا کە فشاری زۆری مانگرتنەکەی بەسەرەوە بوو، بەڵام تاکتیکی تاک بەتاک کردنی کرێکارانی کردبوە ئامانج. ئەمەش بەوەی داوای لەهەر کرێکارێک کردوە کەوەک خۆیان بڕیار لەسەر تەسلیم بوون بەقەراری بەڕێوەبەری کارخانەکە بدەن. بەتایبەتی کە بەڕێوەبەران ئامادە نەبوون نوێنەرانی کرێکاران بەڕەسمی بناسن ولەگەڵیاندا بکەونە دانوسانەوە. لەسەرێکی تریشەوە، کرێکاران خۆیان ئامادە نەبوون بەدیاریکردنی نوێنەرەکانیان ئەمەش بەیەکجاری هاوکێشەی هێزی کرێکاران و خاوەن کارگەی لەمانگرتنەکەدا گۆڕی و دودڵی و دڵە ڕاوکێی لەنێو کرێکاراندا پێک هێناو ئەوەی لێکەوتەوە کەکرێکاران پەنا بەرن بۆ نوسینەگەی پاڤێڵ تاڵەبانی، بەڵام دوای ئەوەی ئەم هەوڵە بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشت، هاوکات دەخاڵەتی لیژنەکەی وەزارەتی کاریش بەقازانجی کرێکاران و مانگرتنەکەیان هیچی لێ سەوز نەبوو، ئەو دودڵیەی کە کرێکاران لەڕاستای درێژەدان بەمانگرتنەکەدا هەیان بوو لەئێوارەی سێهەم ڕۆژی مانگرتنەکەدا بەو ئەنجامە گەیشت کەسبەی بگەڕێنەوە سەرکار وبزانن بەڕێوەبەرانی کارخانە لەسەر ئەو بەڵێنانەی کەدابووی چ هەنگاوێک هەڵدەگرێ. بەم جۆرە کرێکاران لەترسی لەسەر کار دەرکردن و هەڕەشەیەک کەلێیان کرابوو چونەوە سەرکار.
ئەگەرچی مانگرتن کۆتایی هات بەڵام ناڕازەیەتی کرێکاران لەسەر دۆخی کارو ئەو خواستانەی کەهەیانە لەشوێنی خۆیدا ماوەتەوە، کەلەداهاتودا بەدڵناییەوە شێوازی گونجاو بەخۆیەوە دەگرێ. ئەم مانگرتنە چەند ڕۆژەیەی کرێکارانی کارخانەی گرین عێراق، لەگەڵ ئەوەدا کەنەیتوانی بەهەمو خواستەکانی خۆی بگاو لەنێوەی ڕێگادا ڕاوەستا، بەڵام بێ دەستکەوت نەبووە وهەڵگری دەرسێکی گرنگە بۆ کرێکاران، کەپێویستە تەئکیدی لەسەر بکرێ و بۆ خەباتی داهاتوو بەدەستەوە بگیرێن. لەوانە:
١/ بێگومان مانگرتنی کرێکارانی کارگەی گرین عێراق، لەفەزای سیاسی کوردستاندا ولەدۆخێکدا کەقەیرانی ئابوری و حکومەتی یەخەی بەچینی دەسەڵاتدار گرتوە وناڕەزایەتی جەماوەری بۆ نانو کارو مەعیشەت هێناوەتە کایەوە، نیشانەی پێشڕەویەکی کۆمەڵایەتی و چیانیەتیە کەکرێکاران وەک چێنێکی ناڕازی لەدژی سەرتاپای سیتەمێک کەدەسەڵاتی کۆمپانیاکان وخاوەنکارەکانی بەسەر ژیانو بژێوی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا دایان سەپاندووە. پەرەگرتنو فراوان بوونەوەی مانگرتنە کرێکاریەکان بەدڵنیایەوە فاکتۆرێکی بەهێزە بۆ پایەداربون وسەرخستن وجوڵانەوەی شۆڕش گێرانەی جەماوەری کەنیشانەی لەدەسەلات گرتووە. لەسەرێکیترەوە مانگرتنی کرێکارانی گرین عێراق، وەک ئەوەی کەتەنها لەیەک کارخانەدا قەتیس ماو لەدەورەی مانگرتنە کرێکاریەکان لەئاست کارگەو کارخانەکاندا سەری هەڵنەدا وخۆشی نەیتوانی ببێتە پریسکێک بۆ کارگەکانی تر، بەپێویست لەهێز هاوسەنگیەکی بەرتەسکدا، مایەوە و دەبوایە لەحساباتی هەڵسوڕاوان وڕابەرانی کرێکاراندا بەهەند وەربگیرایە. بەتایبەتی بەشێک لەخواستەکانی کرێکاران خواستی زۆربەی کرێکارانی کارگەکانیترە. واتە دەبوایە بەرلەمانگرتنەکە مەسەلەی ڕاکێشانی هاوپشتی کرێکارانی کارگەکانیتر کەخواستی هاوشێوەیان هەیە، لانی کەم زامن بکرایە.
٢/ هێزی چێنی کرێکار لەڕیکخراوبونەیدا. مانگرتنی کرێکارانی کارگەی گرین عێراق لەگەڵ ئەوەدا کەئاستێکی باشی لەیەکگرتوویی کرێکارانو جەسارەتیان لەخۆ نیشاندا، بەڵام ئەم یەکگرتوبون وجەسارەتە لەڕێکخراوبوونێكی پایەداردا بەرجەستە نەبوەوە. بەدڵناییەوە یەکگرتوبونی کرێکاران لەهەر مانگرتنێکدا خاڵێکی گرنگ وبڕیاردەرە، بەڵام ڕێکخراو بوونی پایەداری کرێکاری، لەشێوەی کۆبوونەوەی گشتی مونەزەم وبەردەوامدا، لەهەلبژاردنو دیاریکردنی نوێنەرانی کرێکاری بەرجەستە، کەپشتیوانی سەرجەم کرێکارانی لەپشت بێت، کارێکە کەهەر بەسەردەمی مانگرتنەوە پەیوەست نابێتەوە. ڕێکخراو بوونی پایەداری کرێکاریی لەکۆبونەوە گشتیەکان ودیاریکردنی نوێنەران، لەو ڕوەوە گرنگە کەڕەوتی ناڕەزایەتیەکان ڕابەری دەکاو بڕیاری کرێکاران بۆ درێژەدان بەمانگرتنو کشانەوە و دانوسانەکاندا، خاڵیکی سەرەکیە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی هەرمانگرتنێک وگەیشتن بەخواستەکان. بەداخەوە لەم مانگرتنەدا، کرێکاران خاوەنی نمونەیەکی زەعیفی ئەم سونەتەبوون، تاڕادەی ئەوەی کە بڵێن”هەڵبژاردنی نوێنەرمان ناوێت”، هەربۆیە کاتێک نوێنەرانی سەندیکا ولیژنەی وەزارەتی کار لەگەڵ بەڕێوەبەری کارخانەدا بۆ چارەسەری کێشەکە کۆبوونەوە، تەرەفی ئاوان غائیب بوو. وەلەئەنجامدا بەڕێوەبەران ولیژنەی وەزارەتیکار لەپشتی کرێکارانەوە بڕیاریاندا. هەروەها بەهۆی نەبوونی کۆبوونەوەی گشتی مونەزەم تا بڕیار لەسەرهەنگاوەکان بدات، مانگرتنەکەی خستە نێو خۆش خەیاڵیەکەوە کەپشت لەهێزی خودی کرێکاران بکا وبەرەولای نوسینگەی تاڵەبانی ڕاکێشێت.
٣/ لیستی داخوازیەکان، سەرەرای بەرهەق بونیان، بەڵام بەشێکی زۆریان، لەتواناو هێزی بەدیهێنانی مانگرتنەکەدا نەبوو، کەدەبوایە لەسەر ئەوانە تەئکید بکرایە کەقابیلی جێ بەجیکردن بوو. تەنانەت بەدیهێنانیان گروتینێکی زۆرتریان لەنیو کرێکاراندا جێدەخست. ئەوەی کەلەجەرگەی مانگرتنەکەدا، کرێکاران لیستی ١٢ خاڵی خواستەکانیان بۆ ٦ خاڵ کەمکردەوە، بەرئەنجامی ئەم ڕاستیەیە.
لەکۆتاییدا ئەوە بڵێم کەمانگرتنی چەند ڕۆژەی کرێکارانی گرین عێراق سەرەڕای ئەوەی هەوڵێکی مەزنی کرێکارانو بزوتنەوەی کرێکاریە لەکوردستان و لەزۆر ڕوەوە دەتوانرێ سەرنجی بۆ بدرێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستە، کەکرێکاران نابێت ئەم هەنگاوەیان بەکەم بگرن ونابێ هێزی چیانیەتی خۆیان فەرامۆش بکەن، ئەوان تەنها بەهوشیاری خۆیان و پاراستنی ڕیزی سەربەخۆی خۆیان وتوڕهەڵدانی هەرجۆرە خۆشخەیاڵیەک بەئەحزابی دەسەڵاتدارو حکومەت ووەزارەتەکانیان دەتوانن لەخواستەکانیان نزیک ببنەوە. مانگرتنی چەند ڕۆژەی کرێکارانی کارخانەی گرین عێراق دەتوانێ پڕۆڤەیەک بێت بۆ هێنانەمەیدانی بزوتنەوەیەکی بەهێزی کرێکاریی بەمەرجێک دەرس لەهەنگاوەکانی وەربگڕی وبەسەر کەموکوڕەیەکانی خۆیدا زاڵ بێت.

کرێکارانی کوردساتن نابێ ئەم تەوقی کۆیلاتیە کە کراوەتە ملیان قەبوڵ بکەن !!

Related posts

 سەلامەتی کارو بیرەوەریەک لەپەیوەند بە ڕۆژی قوربانیانی شوێنی کارەوە!

Dangi Krekar

  ٨ مارس ڕۆژی جیهانی ژنانە، ڕۆژی ”نا” ووتنی چینی کرێکارە بەجیاکاری و نایەکاسانی!

Dangi Krekar

دەبێت کاربەدەستان ڕێگا لە لێشاوی مەرگی کرێکاران بگرن!  

Dangi Krekar

Leave a Comment