فێڵی ”شراء خدمات” و تاڵانکردنی مووچەی کرێکارانی پاڵاوگەی کەرکوک
دەنگی کرێکار
لەبەرامبەر دەرگای پاڵاوگەکاندا، ڕیزی هەزاران کرێکاران وکارمەندانی شەکەتە بەڵام پڕ لەتووڕەییە….
ڕۆژی ٢٣ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ کرێکاران و زەحمەتکێشانی ڕۆژانەی پاڵاوگەی کەرکوک کە ٦١٠ کرێکارن لەکۆی نزیکەی ١١ هەزارو ٨٠٠ کرێکاری پاڵاوگەی بێجی، لەگردبوونەوەیەکی مەیدانیدا وەڵامی بێباکی و بڕیارە سەرەڕۆییەکانی بەڕێوەبەرایەتییان دایەوە… ئەم ڕاپۆرتە گێڕانەوەی ڕاستەقینەی ئەم تاڵانکارییەیە لەزمانی خودی ئەو کرێکارانەوە کەنان و ڕەنجیان دەدزدرێت…
سەرەتا با بزانیین فێڵی دەستەواژەی ”شراء خدمات’‘ چییەو چ سیاسەتێک لەپشتەوەیەتی؟
”شراء خدمات” یانی (کڕینی خزمەتگوزاری)…
لەڕووی یاساییەوە: کاتێک حکومەت یان کۆمپانیاکان ئەم دەستەواژەیە بەکار دەهێنن، وەک ئەوە وایە کەتەنها کاتی کارەکەت لێبکڕن نەک خۆت وەک کرێکارێکی فەرمی بناسن! ئەمە فێڵێکی کارگێڕییە بۆ ئەوەی کرێکار هیچ مافێکی یاسایی نەبێت، بۆنمونە: نەبیمەی تەندروستی، نەمۆڵەتی نەخۆشی، نەزامنی دەستەبەری وخانەنشینی و نەهیچ سەقامگیرییەکی دیاریکراو لەکارەکەیدا.
مەبەستی سەرەکی لەم یارییە دژە کرێکارییەدا ئەوەیە کەدەسەڵاتداران و خاوەن کارگەکان هەر کاتێک ویستیان یان تووشی قەیرانێک بوون، زۆر بەئاسانی و بەبێ پێدانی هیچ قەرەبوویەک کرێکار فڕێ بدەنە سەر جادەکان. وەک یەکێک لەکرێکارە بەشداربووەکان باسیدەکات، ستەمەکە تەنها لەبێکاری ناوەختدا نییە، بەڵکو لەفێڵێکی کارگێڕیدایە..
ئەودەڵێت:
”ئێمە لێرە بەڕۆژانە کارمان دەکرد، کاتێک هەویەکانیان گۆڕیبووین لەکرێکاری ڕۆژانەوە(اجور یومی) بۆ (شراء خدمات) کەخۆیشمان لەمانای ئەم ناوە فێڵبازە تێناگەین! لەسەرەتادا واماندەزانی ئەمە ڕۆتینیاتی ئیدارەیە، کەچی دواتر دەرکەوت ئەمە تەڵەو فێڵە بۆ دزینی مافەکانمان… هەربۆیە لەسەر کار دەریانکردین و هەتا ئێستا ٤ مووچەو دە ڕۆژ لەپارەو ڕەنجی ئێمەیان خواردووە”.
ئەم یارییە پێشوەختەیە بۆ ئەوە کراوە کەکۆمپانیاو بەرپرسەکان بتوانن لەکاتی پێویستدا کرێکاران بەئاسانی فڕێیان بدەنە دەرەوەو ژیانیان بخەنە سەرجادە. دەسەڵات و بەڕێوەبەرە نوێیەکانی پاش لابردنی بەڕێوەبەری گشتیی بێجی دەیانەوێت بەدروشمی دۆزینەوەی کرێکاری وەهمی و بندیوار، سزای بەکۆمەڵی هەزاران کرێکار بدەن…بەڵام کرێکارانی پاڵاوگەی کەرکوک بەبەڵگەو داتا وەڵامی ئەم درۆیە دەدەنەوەو دەڵێن:
”ئێمە کرێکاری وەهمی نین و بندیوارمان تێدا نییە، پەنجەمۆر (بصمە) و داتاکراووین و کارتی هاتوچۆشمان هەیەو بەشێوەی فەرمی ڕۆژانە دەواممان کردووە. ئەگەر لەبێجی گومان لەژمارەیەک کرێکار دەکرێت، بۆچی ٦١٠ کرێکاری کەرکوک کەهەموو بەڵگەیەکیان هەیە، دەبێت باجی ئەم گەندەڵییە بدەن و دەربکرێن”؟
ئەمە بەڕوونی ئەوە دەخاتە ڕوو کەپاساوی بندیوار تەنها پەردەیەکە بۆ کەمکردنەوەی تێچوو و تێرکردنی گیرفانی خاوەن کۆمپانیاو ئیدارە لەسەر حسابی بژێوی کرێکاران… کرێکارەکان لەو گردبوونەوەیەدا تەنها ناڕەزایەتییان نیشاننەداوە، بەڵکو داواکاریی ڕوونیان هەیە:
گەڕاندنەوەی دەستبەجێ بۆ سەر کارەکانیان… پێدانی مووچەو شایستە دواخراوەکانی چوار مانگ و دە ڕۆژ.. بەفەرمیکردن و تۆمارکردنیان وەک گرێبەستی هەمیشەیی لەبودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا، چونکە ئەوان پێشتر ”اجور یومی” وەزارەت بوون و بەفێڵ خراونەتە سەر سیستەمی ”شراء خدمات” بۆ ئاسان دەرکردنیان و پێنەدانی ئیمتیازاتەکانیان…
ئەم دۆخە جارێکی تر حەقیقەتی نەبوونی ئۆرگانێکی سەربەخۆ ی کرێکاریی دەسەلمێنێت.. چونکە حکومەت و بەڕێوەبەرەکان تەنها کاتێک بێدەنگ دەکرێن، کەهێزی مەیدانی و یەکگرتوویی کرێکاران لەدەرگای پاڵاوگەکاندا بەهێزەوە ڕابوەستێت. کێشەی کرێکارانی کەرکوک و بێجی کێشەی تاک تاک نییە، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر تەواوی کرێکاران.. تەسلیم نەبوون بەبڕیارە دژە کرێکارییەکانی بەڕێوەبەری کۆن و نوێ، تەنها لەڕێگای داواکاری یەکگرتوانەو، ڕێکخستنی مەیدانی و گرتنە دەستی جڵەوی تێکۆشانی کرێکاران خۆیانە بەدەستی خۆیان.
