Dangikrekar.com
سەرنوسەر

بـاشکـردنـی دۆخـی ژیان و کار، هاتنـە مەیـدانـی سـەراسـەری و یــەکگــرتــوانــەی کـرێکــارانــی دەوێــت

سەروتار

بـاشکـردنـی دۆخـی ژیان و کار،

هاتنـە مەیـدانـی سـەراسـەری و یــەکگــرتــوانــەی کـرێکــارانــی دەوێــت

 

  بارودۆخی ئێستای کرێکاران لەئێستادا لەهەر گۆشەیەکەوە سەرنجی بدرێت، جگە لەنەهامەتی وستەم وبێمافی شتێکی تری تێدا بەدیناکرێت. کرێکاران بەهۆی سیستەمی کاری کۆمپانیاکان و باڵادەستی بازاڕو نابەرپرسیارێتی حکومەت بەرامبەر بژێوی هاوڵاتیان، تادێت ژیانی کرێکاران چ لەناوەندەکانی کارداو چ لەئاستی گشتی کۆمەلگادا، بەرەو خوارەوە بۆ ژێر هێڵی هەژاری ڕادەکێشێت. نەدان و لێگرتنەوە لە موچەکان، سەعاتکاری زۆری ڕۆژانە، نەبوونی دامەزراندن وبێکاریەکی بەربڵاو، پەیرەویکردن لەکاری کاتی و گرێبەست، دەستی خاوەنکارو کۆمپانیاکانی ئاوەڵاکردوە کەشیلەی گیانی کرێکاران بەویستی خۆیان بمژن. تەنانەت بەهۆی توندبونەوەی ئاستی کارو فەرامۆشکردنی مەرجەکانی سەلامەتی کارەوە. مەیدانەکانی کار بووەتە کوشتارگایەک و هەفتانە قوربانی لە کرێکاران دەسێنێ. لەئاستی کۆمەلگاشدا، گرانی و بێکاری وسپاردنی ئاو کارەبا، دەرمان و نەخۆشخانەکان، تا بووارەکانی پەروەردەو گەیاندن بەکەرتی تایبەتی.. هەموویان قورساییەکی گەورەیان لەسەر ژیانی کرێکاران داناوە… ئەمانەو زۆر لایەنی خراپی تر.. بەڵام پرسیار ئەوەیە کەکرێکاران دەبێ چیبکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە؟

بێگومان کرێکاران هیچ ڕێگایەکی تریان لەبەردەمدا نیە جگەلەوەی کەبەهێزو توانای خۆیانەوە ڕوبەڕوی ئەم دۆخە ببنەوە، ئەوان جگەلەوەی چاولەهێزی یەکگرتووی خۆیان بکەن وهوشیاربن بە پێگەی چینایەتی و کۆمەڵایەتیان، ڕێگایەکی تریان لەبەردەمدا نیە. بەتایبەتی کەهەم حزبە دەسەلاتدارەکان و هەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەزمونی خۆیان نیشانداوە، ئەمانە نەک لەخەمی کرێکاراندا نین، بگرە دۆخی ئێستا بەرهەمی کارو کردەوەی ئەوانە. هەربۆیە هاتنەمەیدان وخەباتی یەکگرتوانەی کرێکاران ودەرکەوتنیان وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەربەخۆی چینایەتی، ئەتوانێت، هاوکێشەی هیز بە قازانجی سەپاندنی خواستەکانی کرێکاران و هەنگاوهەڵگرتن بەرەو باشکردنی دۆخی ژیان و کاری کرێکارن هەلبگرێ. بەواتایەکیتر، کۆبونەوەی کرێکاران لەئاستی کارگەو شوێنیکار، لەگەڕەک و بەڕێوەبەرایەتیەکان لە دەوری خواستەکان وپێکهینانی دەستەو کۆڕوکۆمەڵە کرێکاریەکان، دەتوانێت بەردی بناغەی بزوتنەوەیەکی سەراسەری رێکخراوو دابڕێژی. دیارە ئەم کارو هەنگاوانە بێ گرفت ودەردەسەری نیە، بەڵام لەم نیوەدا ڕۆڵی کرێکارانی پێشڕەو هەڵسوڕاوان ورابەرانی دلسۆزی کرێکاری، کەهەمو خەمیان یەکگرتوکردنی کرێکاران و کۆبوونەوەیان بێت لەدەوری داخوازیەکان، خاڵێکی یەکلاکەرەوەیە. واتە لەهەر ناوەندو گەڕکێکدا ئەوە ئەم بەشە لەکرێکارانن کەدەبێ لەپێشەوە خۆیان یەکبخەن و لەدەوری نەخشەو بەرنامەی خەباتیان کۆببنەوە وهاوڕایی دروستبکەن و ڕیگای هێنانەمەیدانی کرێکارن بۆ بەدەستهێنانی نان و کارو مەعیشەت و خزمەتگوزاریەکان،  بەوردبینیەوە تێبکۆشن. لەئێستا کە ناڕەزایەتی کرێکاران لە دۆخی کار لێرەو لەوێ ئامادەگی هەیە وجموجوڵێک دەبینرێ،   کرێکارن لەسفرەوە دەست پێناکەن ودەکرێ ئەم نارەزایەتی و جمۆجوڵانە لێک گرێبدرێن ولەدەوری ئاسۆیەکی رۆشن و خەباتکارانە لەلایەن رابەرانەوە ڕێنمایی بکرێ وبەرەو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵاتی جەماوەری کرێکاری بۆ زامنکردنی ژیانێکی باشتر لەمەی کە ئێستا هەیە، سەرپێبخرێت.

Related posts

دەنگی کرێکار بەشداری پانێڵی “توندوتیژی دژی ژنان لە شوێنی کاردا” دەکات!

Dangi Krekar

ئاستەنگەکانی بەردەم کۆنگرەی ئەمساڵی یەکێتی کرێکارانی ئینگلتەرا و وێڵز (TUC)

Dangi Krekar

لائیحەی داخوازیەکانی کرێکارانی کوردستان لەئایاری ئەمساڵدا  ڕابەر ڕەفعەت

Dangi Krekar

Leave a Comment