کێشەی موچەخۆری هەرێمی کوردستان، کەی کۆتایی دێت!
وەستا مهدی
کێشەی موچەخۆرانی هەرێم هاوکاتە لەگەڵ مێژوی دروستبوونی سیستمی سیاسی فیدراڵ، کەلەسەر بەننەمای قەومی و تایفی ومەزهەبی دانراوە .
لەدەستوری عێراقدا هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک مافی پێدراوە کەڕێگەئەدات بەهەرێم هاوشێوەی شارەکانی تری عێراق هەرچوارساڵ جارێك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بکات. هاوکات ئەنجومەنی نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی دەستوری عێراق مافی ئەوەی هەیە کەپاپەندبێت بەهەموو ئەو یاسایانەوە کەلەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەردەچن، بەڵام ئەومافەشی هەیە کە یاساکانی عێراق بەگوێرەی دۆخی کۆمەڵایەتی وسیاسی خەڵکی کوردستان داربڕێژرێنەوەو یاسای تایبەت بەهەرێمی کوردستان بۆ هەر شتیک شەرعیەت پێبدات بەمەرجێك لەچوارچێوەی یاساکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بێت. ئەم مافە لەدەستوردا جێگیرکراوە.
کێشەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەو شوینەدایە کەبەشێکی زۆر لەموچەخۆران حکومەت بەرپرسە لەدابینکردنی موچەی مانگانەیان، بەڵام ئەو موچەیەی کەهەرێم وەریدەگرێت نەک هەر لەسەر بنەمای پێشینەی کار نییەو موچەیەکی خەیاڵیان پێدەدرێت، بەڵکو ساڵانێکی زۆرە کێشەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا لەسەر بودجەی ساڵانەی هەرێم درێژەی هەیەو ناوەند بەبیانوی ئەوەی کەحکومەتی هەرێم داهاتەکانی ناوخۆو دەروازە سنوریەکان ناگێڕێتەوەو نەوتیش دەفرۆشێت بەبێئاگاداری ناوەند، بەم هۆیەوە ئەویش ئامادە نییە بودجەی ساڵانە بەبێبڕینی ئەو ڕێژەیە کەهەرێم لەداهاتی ناوخۆوسنورەکان دەستی دەکەوێت، بنێرێت.
ئێستا حکومەتی هەرێم بەبیانووی ئەوەی کەتوانای نییە موچە بەبێ کێشەو کەم و کورتی بدات، واقیعێکە کە لەئەنجامی موخالەفاتی دەستوری و ململانێی سیاسی نێوان ئەحزابی بەشدار لەدەسەڵات چ لەهەرێمی کوردستان وچ لەعێراقدا سەرچاوەی گرتووەو هەتا ئەمجۆرە لەسیستەمی سیاسیش لەعێراقدا لەسەکار بێت، هیچ چارەسەرێك بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشە نییە.
ئێستا باس لەوەدەکرێت کە ئەگەر موچە بخرێتە سەر عێراق ئیتر کێشەی موچەخۆران تەواودەبێت! بەڵام هیچ گرەنتیەک نییە بۆ بنەبڕکردنی ئەم کێشەیە، چونکە هێشتا جیاوازی سیاسی لەنێوان دەسەڵاتدارانی بەغدادو هەرێم بەتەواوی بەهێزی خۆیەوە بەردەوامەو هێشتاش لەهەر ئاڵوگۆرێکی سیاسی لەعێراقدا دووبارە بوونەوەی کێشەی موچە ئەگەرێکی بەهێزە. هەربۆیە تاکە ڕێگا لەبەردەم خەڵک و کرێکاران و زەحمەتکێشاندا، چ لەهەرێمی کوردستان و چ لەعێراقیشدا بۆ کۆتاییهێنان بەکێشە ئابوری وسیاسیەکان، کۆتایی پێهێنانی خودی ئەم جۆرەیە لەسیستەمی سیاسی کەکۆمەڵگادا لەسەر بنەمای قەومی وتایفی و مەزهەبی پێناسە دامەزراوە و خەڵکی عێراق، بەکوردستانیشەوە لەمافە مەدەنی و کۆمەڵاتی و لەئازادیەکانیان بێبەش دەکات.