Dangikrekar.com
ڕاگەیاندن

کارگەی گرین عێراق، ژمارەیەک کرێکار لەسەر کار دەردەکات!

کارگەی گرین عێراق، ژمارەیەک کرێکار لەسەر کار دەردەکات!
ڕوونکردنەوەیەک لە بڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە
لەدرێژەی بەدواداچون هەوڵەکانی ستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکاردا، بۆ گێرانەوەی کرێکارانی لەسەردەرکراوی کارگەی گرین عێراق بەپێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەینەوە:
ڕاستەوخۆ بەدوای هەواڵی دەرکردنی ژمارەیەك کرێکار لە یەکێك لە شەفتەکانی بەشی ئینتاجی کارخانەی گرین عیراق، ستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار پەیوەندی بەو کرێکانەوە کرد کەئەم بڕیارەی کارگەی ناوبراو ڕووبەڕوی کردونتەوە. سەرچاوەی هەواڵەکەش باس لەوە دەکات کە بەڕێوەبەری کارگە لیستێکی ٧٥ کەسی ئامادەکردوە تا لەسەر کارەکانیان دەریان بکات. ئەمەش بەپاساوی ئەوەی کە لە تاقیکردنەوە (تێست)دەرنەچون و کارگە ئەدای کاری ئەم کرێکارانەی پەسەند نەکردووە بۆیە کۆتایی بەکارکردنیان دێنێت، ئەمە لەکاتێکدا کە ئەو کرێکارانە هەندێکیان ماوەی دوو ساڵ و هەندێکیان ساڵێک زیاتر و ….هتد خزمەتی کارکردنیان هەیەو مانگانە موچەیان وەرگرتووە، کە بەپێی یاسا خاوەنکار تەنها دەتوانێت ماوەی سێ مانگ وەك تاقیکردنەوە لەبەرچاو بگرێت، بۆ هەرکرێکارێك کە دەیخاتە سەرکار. بێگومان ئەم ماوەیە کە دیاری کراوە ماف ئەدا بە هەردوولا کرێکارو خاوەن کاریش کە ئەگەر کارەکە لەگەڵ ئەو مەرجانەدا نەگونجا کە بەپیی گرێبەست لەسەری رێك کەوتون ئەوکاتە بە رەزامەندی هەردولا گرێبەستەکە باتڵە و هیچ کام لەخاوەن کارو کرێکاریش دەعوایان لەسەر یەکەتر نابێ، بەمەرجێك خاوەنکارەکە گشت مافە یاساییەکانی کرێکارەکەی دابین بکات. بەڵام بەڕێوەبەرانی کارگەی گرێن نەك هەر ئەم رێکارە یاساییەی جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو فێڵیشی لە یاسا کردووەو ئەو ماوەیەی کە کرێکارەکە کاری بۆ کردووە ناوی ناوە کرێکاری ڕۆژانەوەو دواتر هاتووە گرێبەستێکی تری بۆ ئامادە کردووە و ناوی ناوە گرێبەستی ماوەی تاقیکردنەوەو دوای سێ مانگ هەستاوە بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارەی کە خۆی پلانی بۆ داناوە ئەویش دەرکردنی ئەو کرێکارانەیە. ئەم کارەی ئیدارەی گرین عێراق بەشی یاساییەکەی پێشێل کردنی یاسایە و ناکرێت وەزارەتی کار چاوپۆشی لێبکا. کرێکارانی لەسەرکار دەرکراو ئەم جارە رێکارێکی یاسایی ستانداردیان گرتۆتە بەرو بەپێی بەدواداچونی دەنگی کرێکار وەفدێك لە کرێکاران سەردانی بەرێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی سلێمانی/ هۆبەی کاریان کردووە هۆبەی کاریش گویی بۆ قسەکانیان گرتووەو پێی ڕاگەیاندون کە لێکۆڵینەوە بۆ کێشەکەیان دەکا. بۆپشت ڕاستکردنەوەی گشت ئەم زانیارانە سەرنوسەری دەنگی کرێکار وەستا مەهدی بەتەلەفون لەگەڵ بەرێز عبدالمجید بەڕێوەبەی هۆبەی کار لە سەر کەیسی کرێکارانی گرێن قسەی کردو بە سوپاسەوە وبەوردی زانیاری لەسەر کەیسی ئەو کرێکارانە دابە دەنگی کرێکار. بەڕێوەبەری هۆبەی کار دەڵێ ئێمە مەعلوماتی تەواومان لە کرێکارەکان وەرگرتووەو ماوەی سێ ڕۆژمان داوە بە نوێنەری گرین عێراق کە ئامادەبێ و زانیاری لەوانیش وەرگرین و دواتر ئێمە بەئەرکی خۆمان هەڵئەسین و لەهیچ کەسی قوبوڵ ناکەین کەمافی کرێکاران پێشێل بکات. ئێمە وەك بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار هەر کە هەواڵی دەرکردنی کرێکارانمان پێگەیشت بەیاننامەیەکمان خستە بەردەم ڕای گشتی ولایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەم ڕونکردنەوەیەش بۆیە دەخەینە بەردەست تا ئەوە نیشان بدەین ئێمە بەو پەڕی توانمانەوە دیفاع لەکرێکاران دەکەین و داواش لەکرێکاران دەکەین کە لەئاست دەکردنی کرێکارانی گرین عێراق بێدەنگ نەبن و لەسەریان بێنەجواب پێویستە کرێکاران دەرکردن لەسەرکار قەدەغە بکەن و وەك هێڵیکی سور بخرێتە ناو یاسای کارەوە نەك بەبیانوی تێست و لاوازی برگەیەکی یاسایی رێگە بدرێت کرێکار لەسەر کاردەکرێ. هەرلێرەشەوە داوا لەکرێکارانی کارگەی گرێن عێراق وگشت کارگەو کۆمپانیاکان دەکەین ڕیزەکانیان یەکگرتوو بکەن ونوێنەرانی خۆیان بۆ پەیگیری کێشەکانیان هەڵبژێرن ولەسەر داوای خۆیان سوربن وڕێگانەدەن خاوەن کارەکان مافەکانیان پێشێڵ بکات.

وەستامەهدی سەرنوسەری دەنگی کرێکار

٢٠٢٣/٥/٤

Related posts

با پێکەوە لەدژی سیاسەتی باجگیری و ڕەتاندنەوەی خەڵکی کەمدەرامەت،لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە،ڕاوەستین!

admin

ڕاگەیاندنی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار سەبارەت بە داڕمانی سەقفی باڵەخانەیەك لەسلێمانی و ژێرکەوتنی ٥ کرێکار!!

Dangi Krekar

بەرەو یەکی ئایار ..!

admin

Leave a Comment