گرانی وبێکاریو نەبوونی، لەپاڵ سیاسەتی باجگیری حکومەتو فشاری کۆمپانیاکان لەسەر ژیانی کرێکاران وکارمەندان، دۆخێکی تەحمول نەکراوە وتادێت ژیانیان دەهاڕێ. بەم دوایەنەش دابەزینی نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلاردا، هێندەی تر ژیانی کرێکاران و موچەخۆرانی سەختو دژوارتر کردوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کەلەلایەک بەهای ئەو داهاتەی کەبەشێوەی کرێ وموچە دەکەوێتە دەستی کرێکاران و کارمەندان، هاتۆتە خوارەوەو ئەوانی ناچارکردوە دەست بۆکاری زیادەبەرن تا بژێوی ڕۆژانەیان بەدەست بهێنن، وە لەلایەکی تریشەوە گرانیەکی زۆری بەسەر هاوڵاتیاندا داسەپاندووە. ئیستا ئەگەر چاوێک بەنرخی کاڵا بژیویەکاندا بخشێنین بەگشتی هەمویان چەند بەرابەر نرخەکانیان چۆتەسەرەوە. بۆنمونە ئاردو برنجو ڕۆن ودۆشاو گۆشت .. لە ١٢بۆ ١٥٪ نرخەکانیان زیادی کردوە، کەلوپەلەکانی تریش بەڕێژەیەکی زۆر نرخەکانیان چۆتەسەرەوەو مەعلومیش نیە، تا دینار بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلاردا جێگیر دەبێت، بەچ ڕادەیەک گرانی بەدوای خۆیدا دێنێت. لەبەرامبەر دۆخیکی ئاوادا کرێکاران دەبی چی بکەن وچۆن بەرگری لەئاستی بژێوی خۆیان بکەن؟
بەدڵنیایەوە کرێکاران وفەرمانبەران نابێت چاوەڕوانی ئەوە بن کە حکومەتو حزبە دەسەڵاتدارەکان، سنورێک بۆ گرانی و ئەو بێدەرەتانیە دابنێن وژیانی خەڵک بەرەو باشتر دەبەن!، بەتایبەتی کەئەوان خۆیان هۆکارو سەرچاوەی ئەم دۆخەن ولەم ڕێگایەوە بەدوای کۆکردنەوەو بەدەستهێنانی قازانجەوەن و بۆ ئەم ئامانجەشیان هیچ بەرپرسیارێتییەک لەئەستۆ ناگرن. کەوایە ئەوە کرێکاران و موچەخۆران و خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستانە، بەخەبات و ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ ویەکگرتوویان، بۆ بەرگری لە بژێوی ژیانیان، پێبنێنەمەیدانەوە. بەواتایەکیتر خەبات لەدژی گرانی وهەڵاوسانی نرخی دینار، ئەوە نیە، چاوەڕێ بکرێ تا دەسەڵاتداران نرخی دینار جێگیردەکەن، بەڵکو لەدەرەوەی بازانەی ئەو یاریە گلاوەی کە حکومەتو حزبەکان بەنرخی دینار لەبەرامبەر دۆلاردا دەیکەن، پێ بنێنە مەیدانەوە. ئەگەر دەسەڵاتداران نرخی کاڵاکان زیاد دەکەن، ئەگەر بەهای دینار دەشکێ، ڕێگای ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دۆخە هەر ئەوەیە کە جەمارەی کەم دەرامەت لەدەوری خواستی زیاد کردنی کرێو موچەی مانگانە، بەپێی گرانی وهەڵاوسانی نرخی دینار، کۆببونەوە وبۆ بەرگری لەئاستی بژێویان یەخەی دەسەڵاتداران بگرن. تەنانەت مافی خەڵکی کرێکارو کەم دەرامەتی کوردستانە کە لەبیمەی بێکاری و خزمەتگوزاری خۆرایی بەهرمەند بن، مافی ئەوانە کەحکومەتو حزبە دەسەڵاتدارەکان، لانیکەمی ژیان وگوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستان لەداهاتێک کەدەکەوێتە دەستیان لەئەستۆ بگرن.
ئەزمونی چەندین ساڵەی خەڵکی کوردستان ئەوەی سەلماندووە کەبەدەستهێنانی خواستەکانی جەماوەری ناڕازی وباشکردنی بژێوی، تەنها ئەو کاتە مومکینە، کەکرێکاران و کارمەندان و بێکاران وخەلكی کەمدەرامەت، بەهەوڵ و تێکۆشانی یەکگرتوانەیان وبەکۆبوونەوەیان لەدەوری خواستی ڕۆشن وهێنانەمەیدانی هێزی جەماوەریان، توانیویانە دەسەڵاتداران ناچار بکەن مل بەخواستەکان بدات.
لەئێستدا ”بەرزکردنەوەی ئاستی کرێ وموچەی مانگانە، لە بەرامبەر گرانی وهەڵاوسانی نرخی دیناردا، خواستی کرێکاران وموچەخۆرانی کوردستانە“، ئەتوانێ ببێتە ئاڵای هێنانەمەیدانی بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری لەدژی گرانی و بەرگریکردن لەئاستێکی باشتری بژێوی.. بێگومان لەم پەیوەندەدا، رابەران وهەڵسوراوانی کرێکاریی وجەماوەری ڕۆڵی سەرەکی هەیە لەهێنانەمەیدانی بزوتنەوەیکی جەماوەری لەدژی گرانی…