Dangikrekar.com
بابەتی تایبەت

چۆن کرێکاران دەبنە پارێزەری ڕەنجی خۆیان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تاواندا؟

چۆن کرێکاران دەبنە پارێزەری ڕەنجی خۆیان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تاواندا؟

    دەنگی کرێکار 

یاسا بڕوا بەحەق ناکات، بەڵکو بڕوا بەبەڵگەدەکات!

لەجیهانی یاسادا، یاسایەک هەیە کەدەڵێت: یاسا بڕوا بە بەڵگە دەکات، نەک تەنها قسە.. گرنگ نییە تۆ چەند لەسەر حەقیت و چەند غەدرت لێکراوە، بەڵکو لەبەردەم دادوەردا گرنگترین شت ئەوەیە: چەند بەڵگەت پێیە بۆ سەلماندنی ئەو حەقە؟

ئەم ڕاستییە بۆ چینی کرێکار لە هەموو توێژەکانی تر گرنگترە. کرێکاران ڕۆژانە لە ناوجەرگەی بازاڕو کەرتی تایبەتدا ڕووبەڕووی دەیان جۆر پێشێلکاری و تاوان دەبنەوە، لەفێڵ لێکردن لە مووچەو دزینی ساڵانی خزمەتەوە، هەتا دەگاتە هەڕەشەی دەرکردن، هەتا دەگاتە سوکایەتی پێکردن لە شوێنیکاردا. بۆ ئەوەی لەکاتی ڕوودانی ئەم تاوانانەدا مافت نەفەوتێت، دەبێت وەک هێزێکی هۆشیار فێری تەکنیکی کۆکردنەوەو پاراستنی بەڵگەکان ببیت.

لێرەدا ڕێبەرێکی وردی یاسایی دەخەینە ڕوو کەچۆن بەڵگەکانت دژی هەر غەدرو تاوانێک کۆبکەیتەوەو پێشکەشی دادگای بکەیت:

یەکەم: جۆرەکانی بەڵگە کەدادگا پشتیان پێدەبەستێت

کاتێک خاوەنکارێک یان هەر لایەنێک تاوانێکت بەرامبەر دەکات، دەبێت بزانیت دادگا داوای چ جۆرە بەڵگەیەکت لێدەکات:

بەڵگەی دیجیتاڵی (الأدلة الرقمية): ئەمڕۆ لەسەردەمی تەکنۆلۆژیادا، ئەمە یەکێکە لەبەهێزترین بەڵگەکان. ئەگەر خاوەنکارەکەت لەڕێگەی (واتسئاپ، فەیسبووک، ڤایبەر)ەوە هەڕەشەی لێکردوویت، یان دانی بەوەدا ناوە کەپارەو مووچەی لەلایە، یان تۆماری دەنگی تووڕەیی و سوکایەتیکردنت لەلایە، ئەمانە هەمووی بەڵگەی یاسایین. هەروەها ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری ناو کارگەکە یان کۆمپانیاکە، یان سکرینی  پۆست و کۆمێنتەکان بکەن.

شایەتی شایەتحاڵەکان (شهادة الشهود):

هاوڕێکانت لەشوێنی کارەکە، یان ئەو کڕیارو هاوڵاتییانەی لەکاتی ڕوودانی تاوانەکە (بۆ نموونە کاتی لێدان یان دەرکردن و جنێودانەکە) لەوێ ئامادەبوون و بەچاوی خۆیان بینیویانە یان گوێیان لێبووە، دەبنە شایەتی فەرمی لەبەردەم دادوەردا.

بەڵگەی نووسراو (الوثائق الخطية):

هەر جۆرە گرێبەستێکی کار (تەنانەت ئەگەر غەدر لەکرێکارەکەش کرابێت)، پسوولەی وەرگرتنی مووچەی مانگانە، وەسڵ، یان هەر نووسراوو نامەیەکی ناوخۆیی کۆمپانیا کەمۆر یان ئیمزای خاوەنکار یان سەرپەرشتیاری پێوە بێت.

ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری (التقرير الطبي):

ئەگەر لەشوێنی کارەکەت یان لەلایەن خاوەنکارەوە تووشی ئازاردانی جەستەیی یان لێدان بوویت، یەکەم و گرنگترین هەنگاو ئەوەیە پێش ئەوەی بچیتە پۆلیس، ڕاستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکەیت و ڕاپۆرتی سەرەتایی پزیشکی وەربگریت پێشئەوەی شوێنەواری شینبوونەوە یان برینەکان لەسەر جەستەت نەمێنن.

دووەم:  چۆن بەڵگەکان دەپارێزیت هەتا لەدادگا بەهاکەیان لەدەستنەدەن؟

زۆرجار کرێکارەکە بەڵگەی هەیە، بەڵام بەهۆی نەزانینەوە بەڵگەکە لەناو دەبات یان شێوازی پاراستنی نازانێت، ئەمەش وادەکات دادگا ڕەتیبکاتەوە. بۆیە ئەم خاڵانە جێبەجێ بکە:

ئامێرە ئەسڵییەکە مەسڕەرەوە: ئەگەر بەڵگەکەت نامەی واتسئاپ، ماسنجەر یان تۆماری دەنگییە، بەهیچ شێوەیەک لەمۆبایلەکەتدا مەیسڕەوە. تەنها ناردنی ”سکرین شۆت” (واتە وێنەگرتنی شاشەی مۆبایلەکە) یان ناردنی فایلی دەنگیی کۆپیکراو بەس نییە! چونکە لەڕووی یاساییەوە، سکرین شۆت تەنها وەک نیشانەیەکی سەرەتایی تەماشا دەکرێت نەک بەڵگەی حاشاهەڵنەگر. دادگا لەڕێگەی بەشی (بەڵگەکانی تاوان – الأدلة الجنائية) داوای مۆبایلە ئەسڵییەکە دەکات بۆ پشکنینی تەکنیکی و سەکۆ دیجیتاڵییەکە، هەتا بەتەواوی دڵنیابێتەوە لەوەی کەنامەو دەنگەکان دەستکاریکراوو فۆتۆشۆپ نین.

زانیاریی شایەتحاڵەکان بنووسە:

کرێکار زۆرجار لەترسی بژێوی و دەرکردنی دەترسێت بچێتە دادگا. پێش ئەوەی بچیتە بنکەی پۆلیس، ناوی تەواوو ژمارەی مۆبایلی ئەو کەسانە لای خۆت تۆمار بکە کە لانیکەم ئامادەن لەسەرەتادا شایەتی بدەن، یان داوا لەدادوەر بکە بانگیان بکات.

کاتی وردی ڕووداوەکە دیاری بکە:

کات و شوێنی وردی تاوانەکە زۆر گرنگە. بۆ نموونە: ئەگەر کاتەکەت بەوردی زانی (سەعات و ڕۆژ)، دادگا دەتوانێت بەفەرمی داوای سەیری کامێراکانی چاودێری ئەو ناوەند، شوێنیکارو یان شەقامە بکات لەو کاتە دیاریکراوەدا، پێشئەوەی خاوەنکار ڤیدیۆی کامێراکان بسڕێتەوە.

سێیەم:  هەنگاوی کۆتایی: پێشکەشکردن بەدادگا

کاتێک سەردانی بنکەی پۆلیس یان دادوەری لێکۆڵینەوە (قاضي التحقيق) دەکەیت بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، نابێت تەنها بەزارەکی قسە بکەیت. دەبێت سەرجەم ئەم بەڵگانەی کۆتکردووەتەوە (مۆبایلەکە، ڕاپۆرتی پزیشکی، ناوی شایەتەکان) بدەیت بەدەست لێکۆڵەرو بەڕوونی داوا بکەیت بخرێنە ناو پەڕاوی لێکۆڵینەوەکەتەوە (الإضبارة).. دەبێت ئاگاداری ئەوەش بیت کەهێشتنەوەی بەڵگە لەلای خۆت و تەنها نیشاندانی بەزارەکی بەبێ ئەوەی بەفەرمی لەناو پەڕاوی کێشەکەتدا جێگیر بکرێت، چانسی بردنەوەی کەیسەکەت لەدەست دەدات..بۆیە داوابکە کەکێشەکە بەو بەڵگانەوە تۆمار بکرێت

کرێکاری بەڕێز! بەدواداچوونی یاسایی بکە،با لانیکەم مافت پارێزراو بێت!

پاراستنی بەڵگە لەیەکەم ساتەکانی ڕوودانی هەر غەدرو تاوانێکدا، نیوەی ڕێگای بەدەستهێنانەوەی مافە یاساییەکانتە. خاوەنکار یان هەر کەسێکی تر چەند بەهێزو دەستڕۆیشتوو بێت، لەبەردەم بەڵگەی حاشاهەڵنەگردا دەچەمێتەوە. هەمیشە هوشیار بە، چاوکراوە بەو مەهێڵە کەس بەبێ سزادان ڕەنج و جەستەت پێشێلبکات!

Related posts

ڕەخساندنی هەلیکارو بەگەڕخستنی تواناکان!

Dangi Krekar

کورتە ڕاپۆرتێک لەسەر: کێشەی پاسەوانانی کارگەی قیری شلی کیمیت!

Dangi Krekar

لەکۆی ٥٠٠ مامۆستای وانەبێژی لادراو ٤٨٦ دەنگ دەنگ بە لیستی حیزبەکانی دەسەڵات نادەن

Dangi Krekar

Leave a Comment