بەیاننامەی کریکارانی ژینگە پارێزی کومپانیا بیڤان سەبارەت بەڕاگرتنی کار!!
ئێمە کرێکارانی ژینگە پارێزی سەربەکۆمپانیای بیڤان بۆ هەڵگرتنەوەی خاشاکی ناو بازاڕو گەڕەکەکانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین ئاگادار ئەکەینەوە کەکاری پاککردنەوەی بازاڕو گەڕەکەکان ڕادەگرین. هۆکاری ڕاگرتنی کاریش تەنها دواخستنی موچەکانمانە کەزیاتر لە٤٥ ڕۆژەو نوێنەری کۆمپانیاش هەڕەشەی بڕینی مووچەو لەسەرکار دەکردنمان لێدەکات ئەگەر نەچینەوە سەر کارەکانمان..
ئەمە چەندەیەمین جارە کۆمپانیای بیڤان بەپاساوی پێنەدانی بودجەوە لەحکومەت ژیان و گوزەرانی ئێمەی کرێکارانی ژینگەپارێزی وێرانکردووەو هەمیشە بەسیاسەتی چەواشەکارییانەوە ئەم مانگ و ئەو مانگمان پێدەکات و خۆی ئەدزێتەوە لەپێدانی مووچەکانمان لەکاتی خۆیدا، لەکاتێکدا ئێمەی ژینگەپارێزان لەپێناوی پاکڕاگرتنی ژینگەی شاروشارۆچکەکانمان بەدڵسۆزییەوە کارەکانمان ڕاپەڕاندووە، کەچی کۆمپانیا خۆی و نوێنەرەکانی زۆر بێ منەتانە بێباکی خۆیان لەبەرامبەرماندا چەند بارە کردۆتەوەو هەر چەند مانگ جارێک تووشی کارەساتی مرۆییمان دەکەنەوە بەپێنەدانی مووچەکانمان.. بەم هۆیەوە ئێمەش بەردەوام ئەبین لەسەرمانگرتنەکانمان هەتا مووچەکانمان وەردەگرین و چیتر ڕێگا نادەین یاری بەچارەنووس و ژیانمانەوە بکرێت.
هاوکات، داوای هاوپشتی لەخەڵکی دەڤەری ڕاپەرین و جەماوەری ناڕازی ئەکەین، داوا لەمامۆستایان و فەرمانبەران و کریکارانی کەرتی گشتی وحکومی ئەکەین بەهەر جۆرێک بۆیان دەکرێت پەیوەست بن بەمانگرتنەکانی ئێمەوە هەتا فشارەکان بەهێزتر بکەین و بتوانین پێکەوە مافەکانمان وەربگرینەوە..
٢٥-٢-٢٠٢٤